كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، دۆخی ناوچەكە هێور دەكاتەوە، یان بەرەو جەنگێكی مەترسیداری دەبات؟

ڕاپۆرت

01/08/2024‌ 14263 جار خوێندراوه‌ته‌وه

كوردۆ فەرەج

لە کاتێکدا ئەمریکا لە هەوڵی گەیشتن بە ئاگربەسته‌ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لایەنگری ئێران لە باشوری لوبنان، بەڵام شەڕەكەیان بردە قۆناغێكی دیكەوە و سوپای ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی هەڵكرد بۆ ئەوەی پلانی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە دراوسێیە دابنێت، بەڵام ئیسرائیلییەكان سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی لەتاران كرد ئامانج، ئێرانیش ئاڵای سوری هەڵكرد وەك ئاماژەیەك بۆ تۆڵەكردنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە حیزبە كوردییە ئیسلامییەكانی نیگەرانكرد.


تا دێت ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو پلەی كوڵانی جەنگەكە هەنگاو دەنێت و لەپاش جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەغەززە، جەنگەكە دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە و بەرەو لوبنان و عێراق و سوریا و یەمەن و هەندێك وڵاتی دیكە هەنگاو دەنێت و ئەمریكاو توركیا و ئێرانیش بەشێك دەبن لە پاڵپشتی هەردوو لایەنی نێو جەنگەكە، دوور نییە كڵپەی جەنگەكە چەندین وڵاتی دیكە بهێنێتە نێو جەنگەكە، بە تایبەتیش لە دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، روون نییە دۆخی بزوتنەوەكە بەرەو كوێ‌ دەچێت و هەڵوێستی دوای ئیسماعیل هەنییە چی دەبێت.

ئیسماعیل هەنییە لە 23ی ئایاری 1963 لەدایک و باوكێكی عەسقەلانی هاتووەتە دونیاوە. لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە خوێندوویەتی. لەساڵی 1987 لە زانکۆی ئیسلامی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی عەرەبی بەدەستهێناوە، پاشان لەساڵی 2009 دکتۆرای فەخری لەزانکۆی ئیسلامی وەرگرتووە.

هەنییە، لەچوارچێوەی "بلۆکی ئیسلامی"دا دەستی بە چالاکیکرد، کە نوێنەرایەتی قۆڵی خوێندکارانی ئیخوان موسلمینی دەکرد، و دواتریش بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی-حەماس لێیەوە سەریهەڵدا و لەنێوان ساڵانی 1983 بۆ 1984 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی خوێندکارانی زانکۆی ئیسلامی لە غەززە کاری کردووە. پاشان لەساڵی دواتردا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی خوێندکارانی گرتە ئەستۆ، لەم ماوەیەدا زانکۆ جیاوازییەکی توندی لە نێوان بلۆکی ئیسلامی و لاوانی فەتحدا دەکرد. دوای تەواوکردنی خوێندن وەک یاریدەدەری وانەبێژی لە زانکۆ کاری کردووە، پاشان کاروباری کارگێڕی گرتە ئەستۆ.

سەرەڕای ئەوەی هەنییە، لەساڵی 1989 لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرا، دوای ئەوە لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی حەماس لەساڵی 1992 دوورخرایەوە بۆ مەرجولزهور (مرج الزهور) لەسنووری لوبنان و فەلەستین و ماوەی ساڵێک لەوێ مایەوە.

دوای مانەوەی ساڵێک لەدەربەدەری، گەڕایەوە غەززە و وەک ڕاگری زانکۆی ئیسلامی غەززە دەستنیشانکرا. ساڵی 1997، وەک بەرپرسی نووسینگەی شێخ ئەحمەد یاسین، سەرکردەی مەعنەوی حەماس دەستنیشان کرا. پێگەی لە حەماس لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئەقسادا بەهێزتر بوو، بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ شێخ ئەحمەد یاسین و تیرۆرکردنی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە. لە کانوونی دووەمی 2005 سەرۆکایەتی لیستی گۆڕانکاری و چاکسازی کرد کە لە دووەم هەڵبژاردنی یاسادانانی فەلەستین لە ساڵی 2006دا زۆرینەی بەدەستهێنا. لە 16ی شوباتی 2006دا حەماس بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فەلەستین کاندیدیکرد و لە بیستەمی ئەو مانگەدا دەستنیشانکرا. لە 30ی حوزەیرانی 2006، حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند گەر سەربازە دیلەکەیان بەناوی (جلعاد شالیت) ئازاد نەکرێت ئیسماعیل هەنیە تیرۆر دەکرێت.

لە 14ی حوزەیرانی 2007، هەنیە لەلایەن مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستینەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەکینەکانی "عیزەددین قەسام"، باڵی سەربازیی حەماس، دەستیانگرت بەسەر کۆمەڵێک دەزگای ئاسایش لە غەززە. ئەو لە پۆستی خۆی لە کەرتی غەززە وەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی لەکارخراو بەردەوام بوو تاوەکوو متمانە بە حکوومەتێکی دیکە لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە درا.

لە 25ی تەممووزی 2009و لەمیانی مەراسیمی دەرچوونی پۆلی بیست و هەشتەم لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە، ئیدارەی زانکۆ، دکتۆرای فەخری و مەدالیای ڕێزلێنانی پلە یەکیان بە ئیسماعیل هەنیە بەخشی، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەری دۆزی فەلەستین.

سەباری كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لایەن ئیسرائیلەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: گەورە بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل، هەڵسەنگاندنێكی هاوبەشیان بۆ دۆخی سەركردایەتی باكور ئەنجامداوە، لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی دۆخەكەو، پلانی پرۆسە سەربازییەكانی پەسەندكردووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش داوا لە وەزیرەکانی دەکات لێدوان لەسەر ڕووداوی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە نەدەن و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئەو مووشەکەی ئاڕاستەی شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی حەماس کراوە، ڕاستەوخۆ لەلەشیداوە.

هەنییە، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران لە تاران بوو، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکان گەڕایەوە بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆی کە لە باکووری تاران بۆی تەرخانکرابوو.

کاتژمێر 2:00ی بەیانی رۆژی 31ى تەمموزی 2024 هەواڵی بۆردومانکردن شوێنەکە و کوژرانی هەنییە و پاسەوانە تایبەتەکەی ڕاگەیەندرا، ئێران و بزوتنەوەی حەماس پێموانییە بێدەنگ بن و دۆخی شەڕەكە بەرامبەر بە ئیسرائیل دەبنە قۆناغێكی دیكەوە، جگە لەوەی هێزەكانی ئەمریكاش لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی سوریا بەدەر نابێت لەمەترسی هێرشەكانی حەماس و لایەنگرانی، بۆیە دەبێت چاوەڕی ئەوە بكەین كە دۆخی جەنگ بەرەو كوڵان بچێت، لەلایەكی دیكەشەوە حەماس و ئێران لە ئاوەكان كار بۆ ئەوە دەكەن زیان بە ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەو هێزانەی كە پاڵپشتی ئیسرائیل دەكەن.

لەكاتێكدا ئەمریكا كار بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دەكات لە نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس، بەڵام دۆخەكە دەچیتە قۆناغێكی دیكەوە، بەتایبەتیش دوای سەردانەكەی ئاموس هۆكستین، نێردەی تایبەتی ئەمریكا دێت بۆ ئیسرائیل و لوبنان، لە هەوڵێكدا بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە دوای هەڵكشانی ئاڵۆزییەكانی لەناوچە سنورییەكانی باشوری لوبنان و باكوری ئیسرائیل لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی.

وەزیری دەرەوەی ئسرائیل لەزۆربەی لێداونەكانیدا باسی لەوە كردووە كە دەڵێت "زۆر لە ساتەوەختی بڕیاردان بۆ گۆڕینی یاساکان لە دژی حزبوڵا و لوبنان نزیک بوینەوە، لە شەڕێکی سەرتاسەریدا حزبوڵا دەبێت لەناوبچێت و لوبنان بە توندی کاریگەری لەسەر دەبێت".

پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە كە سوپا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی چڕ لە لوبنان ئەگەر پێویست بكات، بەڵێنیشدا بە گێڕانەوە ئاسایش بۆ سنوری باكوری ئیسرائیل.

هەنییە لە سێ هەوڵی تیرۆری شکستخواردوو کراوەتە ئامانج، دوو هەوڵی بزووتنەوەی فەتح و یەکێکیشیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە، لەساڵی 2003 دوای ئۆپەراسیۆنێکی خۆکوژی، هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتی حەماس هێرشێکی ئیسرائیلی ئەنجامدا و تێیدا هەنیە دەستی بە سەختی بریندار بوو. هەروەها لە ساتی تیرۆرکردنی ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری بزووتنەوەی حەماسدا بە سووکی بریندار دەبێت.

لە 20ی تشرینی یەکەمی 2006و لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی شەڕی فەتح و حەماس، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی درایە بەر فیشەک و ئۆتۆمبێلێکیان سووتا. هەنیە هیچ زیانێکی پێنەگەیشت و سەرچاوەکان لە حەماس ڕایانگەیاندووە کە ئەمە هەوڵێک نەبووە بۆ تیرۆرکردنی، هەروەها سەرچاوەکانی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین ڕایانگەیاند کە هێرشبەرەکان کەسوکاری چالاکوانێکی فەتحن کە لە کاتی پێکدادان لەگەڵ حەماسدا کوژراوە.

لە 14ی کانوونی دووەمی 2006 لەڕێگەی دەروازەی رەفەحەوە رێگەی پێنەدرا بچێتە غەززە، دوای گەڕانەوەی لە گەشتێکی نێودەوڵەتیدا، ئەو دەروازەیە لەلایەن چاودێرانی ئەورووپاوە بە فەرمانی عەمیر پێرێتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داخرابوو. لە 15ی کانوونی دووەمی 2006دا، دوای ئەوەی کاروانەکەی لەکاتی پەڕینەوە لەدەروازەی ڕەفەح لەنێوان میسرو کەرتی غەززەدا تەقەیان لێکرا، تووشی هەوڵێکی تیرۆرکردن بوویەوە بەڵام شکستیهێنا. حەماس هێزەکانی پاسەوانی کۆماری ژمارە 17ی بزووتنەوەی فەتح بەسەرۆکایەتی محەمەد دەحلان تۆمەتبار کرد کە ئەو کاتە ئاسایشی ئەو دەروازەیەیان لەدەستدابوو.

لە 28ی تەممووزی 2014و لەکاتی شەڕی (العصف المأکول)، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەچەند مووشەکێک ماڵەکەیان لە کەمپی پەنابەرانی شاتی لەڕۆژئاوای شاری غەززە بۆردومانکرد، کە بووە هۆی وێرانکردنی تەواوەتی خانووەکە.

هەرچەندە لەیەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ساڵی 2024 سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە لەگەڵ چەند نەویەکی بە هێرشی مووشەکێکی ئیسرائیلی بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەیان كوژران، هەموو سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە کە ژمارەیان پێنج کەس بوو شەهیدکران‌و تەنها منداڵێکیان بەبرینداری گەیەنرایە نەخۆشخانە.

ڕووداوەکە لە نزیک کەمپی شاتئ لە باکووری کەرتی غەززە ڕوویدا، دوای ڕووداوەکە سوپای ئیسرائیلی داگیرکەر بەیاننامەیەکی ڕایگەیاند کردەوەکە پلان بۆداڕێژراو بووە و ئەندامانی حەماسیان کردووەتە ئامانج، لەکاتێکدا ئیسماعیل هەنییە ڕووداوەکەی بیست هیچ کاردانەوەیەکی ناڕازیانەی نەبوو جگە لە سوپاسگۆزاری و ئارامگرتن.

لەهەرێمی كوردستاندا لەپاش چەند كاتژمێرێك لە كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، كۆمەڵی دادگەریی بەیاننامەیەك بڵاوكردەوە دەڵێت " دەک پیرۆزت شەهیدی، پیاوانە لەسەر رێبازی پێغەمبەر ژیایت و لە پێناو رزگارکردنی خاک و میللەتی خۆتدا هەمو هەولێکتدا و دواجار شەهیدکرایت و تۆ براوەی، دوژمنانت سەرشۆر ریسوابن.

تۆ راستگۆبویت کە وتت: ئێمە هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتی خۆمان دەکەین بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین و ئەوەش بەرپرسیارێتییەکە کە تێچوی هەیە و ئێمەش بۆ ئەم تێچونانە ئامادەین، شەهیدبون لە پێناو فەڵەستین و لە پێناو خودای گەورە و لە پێناوی کەرامەتی ئەم میللەتە".

ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، "هەرچەندە پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ دەکرێت، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیاریێتی کوشتنی سەرکردەی یەکەمی حەماسی لە ئەستۆ نەگرتووە، هەردوو هێرشەکەی سەر تاران و بەیرووتی سەرکۆنە کرد و بە زیادبوونی گرژییەکانی دانا، لەكاتێكدا ئەمریكا پێوایە پێویستە هەموو هەوڵەکان ئێستا بۆ ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بێت."

باسم عەوادی، ووتەبێژیی حکومەتی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کوشتنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران رایگەیاند "لە رەفتارێکی تاوانکارانەی دیکەدا، قەوارەی زایۆنی دوژمنکارییەکی دیکەی کرد بە کردنە ئامانجی تارانی پایتەختی ئێران و بووە هۆی شەهیدکردنی بەڕێز ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس."

وتەبێژیی حکومەتی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات حکومەتی عێراق پێشتر هۆشداریی لەو "رەفتارە دوژمنکارانە"یەی ئیسرائیل داوە و دەڵێت: "لە زیاتر لە بۆنەیەکدا داوای هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی تووندمان لەلایەن دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەستەکانی نێونەتەوەیی کردووە، جگە لە وڵاتانی گەورە، بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی زایۆنی کە یاری بە سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی گەلانی دەکات، هۆکارەکانی شڵەژانیش بڵاودەکاتەوە و یاساکانی نێودەوڵەتی تێیپەڕاندووە، ئەوەش لەرێگەی چەندین تاوانی تیرۆر و کردنە ئامانجی کەسایەتیی سیاسیی و هەوڵدان بۆ گەورەکردنی قەیران و فراوانکردنی ناکۆکییەکانەوە کە بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی مەترسیداری لە ناوچەکە دەبێت".

ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێبدرێت، دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، دۆخەكە دەباتە قۆناغێكی دیكەوە و ناوچەكە بەرەو مەترسی ڕوودانی جەنگێكی مەترسیدار دەبات و ئەگەری زۆرە ئەگەر كاری جیدی بۆ ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل نەكرێت و رێگری لەگەورەبوونی جەنگەكە نەكرێت، مەترسی پێكدادانی گەورە هەیە بە بەشداری وڵاتانی لوبنان و یەمەن و عێراق و سوریا بە پاڵپشتی ئێران و لایەنگری توركیا لەلایەك و پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل لەلایەكی دیكەوە دۆخی ناوچەكە بەرەو كوڵان دەچێت. بۆیە، كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، لە ناوجەرگەی تاران، كاتێكی گونجاو نەبوو لەڕووی سیاسییەوە، چونكە تارانی رووبەرووی ئاڵنگارییەكی گەورە دەكات و سیستەمی ئاسمانی و دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەبەرامبەریشدا ئێران هەروا بە بێدەنگی نامێنێتەوە، چونكە لە ئێستا بە فەرمی ئاڵای سوری هەڵداوە، ئەم نەریتەش لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی هەمان ئاڵا هەڵگرا، كە بە مانای تۆڵەكردنەوە و خوێن ڕشتن دێت لەبەرامبەر ئەوە كارەی كە كراوە، بۆیە چاوەڕوانی دەكرێت لە ئێستاوە تا كۆتایی ئەمساڵ جەنگەكە بە تەواوەتی بەرەو قوڵبوونەوە بچێت و پێكدادانی سەربازی رووبدات.