سوید سێ داواکراو رادەستی تورکیا دەکاتەوە

جیهان

01/08/2024‌ 1552 جار خوێندراوه‌ته‌وه


تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سێ داواکراوی ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی یاداشتە سێ قۆڵییەکەیان سەبارەت بە پەیوەستبوونیان لەگەڵ فینلاند بە ڕێکخراوی پەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) .

بیلسترۆم جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی “هەر بەڵگە و دیکۆمێنتێکی پەیوەست بە ئەندامانی ڕێکخراوەکانی گولەن و پەکەکە یان ڕێکخراوەکانی دیکە ئاشکرا بکرێن، هەنگاوی یاسایی دەنێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەموارکردنە دەستوریانەی کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاداشتە سێ قۆڵییەکان پەسەندی کردوون، لە سەرەتای مانگی یەکی داهاتووەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەک وتویەتی: ئەو هەموارکردنە دەستوورانەی کە پێشتر باسکراون، پەیوەستبوون، پشتگیریکردن، یان داوای پشتگیریکردن لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بە تاوان هەژماردەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت لە 7ی ئاداردا پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی بۆ بە تاوان ناساندن و بەرەوپێشبردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان و هەڵکردنی ئاڵای ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەخاتە بەردەم پەرلەمان.

لەکۆتاییدا دەڵێت: وڵاتەکەیان وردە وردە بڕگەکانی یاداشتە سێ قۆڵییەکە جێبەجێ دەکات، جەختیشی کردۆدۆتەوە کە هەموارکردنەوەی دەستوور کارێکی ئاسان نییە بۆ هیچ وڵاتێک، بەڵام ئەوان ئەمە دەکەن، چونکە پابەندن بە باشترکردنی تواناکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی