​ کۆنترین ساڵنامەی جیهان لە باکووری کوردستان دۆزرایەوە

هەمەڕەنگ

09/08/2024‌ 832 جار خوێندراوه‌ته‌وه


توێژەران ستوونێکیان لە پێگەی شوێنەواریی "گۆبەکلی تەپە" لە روحای باکووری کوردستان دۆزیوەتەوە کە بە کۆنترین ساڵنامەی فەلەکناسیی دادەنرێت لە جیهاندا، کە پێدەچێت ئەم ستوونە یادی کەوتنی کلکدارێک بکاتەوە کە سەردەمی سەهۆڵینی بچووکی لێکەوتەوە، ئەمەش  رەنگە پێویست بەدووبارە نووسینەوەی مێژوو لەوبارەیەوە بکاتەوە.

 ستوونەکە 365 نیشانەی تێدایە کە دابەشکراون بەسەر 12 مانگی مانگ و 11 ڕۆژی زیادە و وا بیردەکرێتەوە کە هەر نیشانەیەکی "V" نوێنەرایەتی یەک ڕۆژ بکات.

هەروەها لە ستوونەکەدا هێمای ئەستێرەناسی وەک گۆی خۆر و ئەستێرەی دووپشک و باڵندەیەکی باڵا بەرز کە لەسەر مارێکی پێچاوپێچ وەستاوە، کە ڕەنگە گوزارشتی هەسارەیەک بێت.

شوێنەکە لە نێوان ساڵانی 9600 بۆ 8200 پێش زایین دروستکراوە و پێگەکەش چەندین ستوونی بەردی تێدایە دوای شیکارییەکی ئەم دواییە توێژەرانی زانکۆی ئەدینبۆرگ لە سکۆتلەندا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە یەکێک لە پێکهاتەکان بۆ ئەوە نەخشێنراوە کە ساڵنامەیەک بێت.

دکتۆر مارتن سویتمان لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی ئێدینبورگ کە سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکات دەڵێت: وادیارە خەڵکی گوبەکلی تەپە چاودێریی ئاسمانیان کردووە، ئەمەش چاوەڕوان دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە جیهان بەهۆی لێدانی کلکدارێکەوە وێران بووە، هەوڵەکانیان بۆ تۆمارکردنی ئەو شتانەی بینیویانە لەوانەیە یەکەم هەنگاو بێت بۆ پەرەسەندنی نووسین دوای هەزاران ساڵ.

 دۆزینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی گۆبەکلی تەپە لەرەلەری تەوەری زەوییان بەکارهێناوە بۆ تۆمارکردنی بەروارەکان، ئەوەش تەکنیکێکە کە بڕوا وایە لە یۆنانییە کۆنەکانەوە دەستیپێکردووە هەر لە ساڵی 150 پێش زایین.
گۆبەکلی تەپە بە کۆنترین شاری دێرین ناسراوە کە تا ئێستا دۆزرایەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی