شارپرێس:
بەرپرسان و شرۆڤەكاران پێشبینی دەكەن، ئامادەكاری بۆ چەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل بكرێت، بەو پێیەی كاردانەوەكان لەدوای جەنگە 12 ڕۆژیەكە بەردەومایان هەیەو لەلایەن بەرپرسانی هەردوو وڵاتەوە لێدوانی توند دەدرێت.
کەناڵی جەزیرە لەڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردوەتەوە "بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەئاشکرا باسی خۆ ئامادە کردن بۆ جەنگێکی دیکە دژ بەئێران دەکات، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش هەڕەشەی کوشتنی ڕێبەری ئێران دەکات".
هاوكات لەبەرامبەردا، ڕاز زیمەت، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران و توێژینەوەی تەوەرەی شیعە لەپەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لەئیسرائیل نوسیویەتی، "دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە شەڕ لەدژی ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتوە.
دەشڵێت،" هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەوانەیە وەڵامێکی کاتی بێت بۆ تەحەدای ئەتۆمی ئێران، بەڵام چارەسەرێکی گشتگیر بۆ هەموو هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی پێشکەش ناکەن کە بەئاشکرا داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات".
بەپێی ڕاپۆرتی جەزیرە، ئەوەش خراوەتەڕوو، لەکۆتاییدا، چارەسەری درێژخایەن بۆ هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل گۆڕینی رژێمە لەتارانە." ئەگەر ڕژێم نەگۆڕێت، ئێران وەک سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دەمێنێتەوە.
ئێران دوای جەنگ لاوازترە بەڵام مەترسیدارتر نییە" ئەمەش ڕەنگدانەوەی باوەڕی بەهێزی ئیسرائیلە بەوەی کە هەر دەستکەوتێکی سەربازی هەرچەندە گرنگ بێت بەس نابێت بۆ گۆڕینی سروشتی هەڕەشەکە مەگەر ڕژێمی فەرمانڕەوا لەتاران نەگۆڕێت.
لەهەمان چوارچێوەدا، سوزان مالۆنی جێگری سەرۆکی پەیمانگای بروکینگز کە لەسەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا ڕاوێژکاری باڵای یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوە بۆ کاروباری سیاسی، لەڕاپۆرتەكەدا نوسیویەتی، "ئێران لاوازتر و گۆشەگیرترە لە هەر قۆناغێک لە دوو دەیەی ڕابردودا. چیتر ناتوانێت ئیرادەی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت و تەنانەت بەرگری لەسنور و گەلی خۆی بکات ئێستا، لەگەڵ کەوتنی زەبەلاحەکە، مەیلی ئەوە هەیە کە بڵێین ئەرکەکە تەواو بوە. ئەوە زوو دەبێت. ئێران کەوتە خوارەوە بەڵام هێشتا نەبەزیوە."
هەروەها، تریتا پارسی، نوسەری کتێبی بەناوبانگی "عاشقانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پەیوەندییە نهێنییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا"، ئاماژەی بەوەدا کە گەڕی داهاتووی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕودەدات، بەڵام پێشبینی دەکات شەڕەکە خوێناویتر بێت لەشەڕی 12 ڕۆژ.
لەدوا پێشهاتیشدا، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە ناتانیاهۆ لەدواین کۆبونەوەیاندا لەمانگی تەموزی 2025 بۆ ترامپ ڕونی کردوەتەوە کە ئیسرائیل کاری سەربازی دەکات بۆ ڕێگریکردن لەنۆژەنکردنەوەی شوێنە ئەتۆمییەکان و موشەکی بالستیکی کە لەشەڕەکەدا زیانیان پێگەیشتوە.
لەبەرامبەردا ئەرکانی گشتی ئێران هۆشداریدا لەوەڵامدانەوەی کوشندە بۆ هەر هێرشێکی نوێی ئەمەریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕایگەیاند،" ئێران لەدۆخێکی هاوشێوەی جەنگدایە بەڵام ئاگربەستێکی کاتی هەیە.
پێشهاتەکان دەری دەخەن کە ململانێکە کۆتایی نەهاتوە، بەڵکو چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارترو ئاڵۆزترەوە، کە تێیدا هەردوو لا خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی گەورەتر ئامادە دەکەن.
ش.ح
