شارپرێس:
بەدەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق، قۆناغی داهاتوو دەردەکەوێت کە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لەسروشتی بونی ئەمریکا لەوڵاتەکەدا بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش پێویستی بەسازانێکی سیاسیی ناوخۆیی هەیە بۆ ڕێگریکردن لەهەر ئاژاوەو بێسەرەوبەرەییەک کە لەوانەیە لەوڵاتەکەدا ڕوبدات، بەتایبەتیی لەدۆسیەی گروپە چەکدارەکان، یان چونی ئێرانو ئیسرائیل بۆ ناو شەڕێکی نوێ.
قۆناغەکانی کشانەوەو خشتەی کاتیی:
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ئاشکرایکردوە، دوایین سەربازی ئەمریکی لە 15ی ئەیلولی داهاتوو لەبنکەی (عەین ئەسەد) ئەنبار جێدەهێڵێت، دواتر بارەگاکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەوناوچەیە بەیەکجاریی دادەخرێن.
هێزە جێگیرەکانی ئەمریکا کە لەڕۆژئاوای عێراق بەرەو خاکی سوریا دەچن، لەکاتێکدا هێزەکانی بەغدای پایتەخت دەگوازرێنەوە بۆ بنکەی جێگرەوە لەهەولێر، لەگەڵ هێشتنەوەی ژمارەیەکی کەم لەسەربازەکان لەبەغدا بهگوێرهى پێویست.
لای خۆیەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا جهختیكردوهتهوه، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خۆی بۆ گواستنەوە لەئەرکە جەنگییەکانەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنییو مەدەنی نەریتیتر لەگەڵ عێراق ئامادەدەکات، لەچوارچێوەی پلانێکدا بۆ دوبارە داڕشتنەوەی سروشتیی پەیوەندیی داهاتوو لەنێوان هەردولادا.
عەلی نەعمە بەندەوی ئەندامی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی پەرلەمان ئاماژهى بهوهداوه، کشانەوەی چاوەڕوانکراو بەشێکە لەلێکتێگەیشتنەکانی پێشوو لەنێوان حکومەتی عێراقو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیو بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2025 بەتەواوی جێبەجێبکرێت.
تواناکانی عێراق لەبواری ئاسایشو ترس لەداڕمان:
بەندەوی دڵنیاییدا کە دۆخی ئەمنی ئێستا بەتەواوی جیاوازە لەساڵی 2014، چونکە هێزە ئەمنییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانیانەوە لەسوپاو پۆلیسو حەشدی شەعبی لەگەڵ عەشیرەتەکان ڕۆڵێکی گەورە لەپاراستنی ئاسایشدا دەگێڕن، لەسایەی یەکگرتویی نیشتمانیو نەبونی ئەو ژینگانەی کە داعشیان بەهێزکردبوو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سنورەکانی عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ لایەنی سوریا، بەئاستێکی بەرز پارێزراونو عێراق ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن ئەندامی لەدەزگا ئەمنییەکانیدا هەیە، ئەمەش توانای بەرەنگاربونەوەی هەر هەڕەشەیەکی گریمانکراو، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، بەهێز دەکات.
هەڵبژاردەی سەختو هاوسەنگیی هەرێمیی:
ئەحمەد شەریفی شارەزای ئەمنیو ستراتیژیی پێیوایە، کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی قۆناغێکی نوێی پەیوەندی دولایەنە لەنێوان بەغداو واشنتۆندا دادەمەزرێنێت، کە لەسەر کاراکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژییو ڕێککەوتنی ئەمنیی لەنێوان هەردولادا دەوەستێت.
هۆشداریداوه، هەر ناڕەزایەتییەک لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی یان گروپە چەکدارەکانەوە، بەتایبەتی حەشدی شەعبی، لەوانەیە ببێتە هۆی گێژاوی سیاسییو ئەمنیی لەوڵاتەکەدا.
ڕونیشیکردوهتەوە، حکومەتی عێراق لەمکاتەدا لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبێت: یان پابەندبون بەڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانو هاوپەیمانێتی لەگەڵ واشنتۆن، یان ملکەچبون بۆ فشارەکانی ئەو گروپانەی کە دژی مانەوەی هەر هاوبەشییەک لەگەڵ ئەمریکان.
سەرکەوتنی سەروەرییو "دەستکەوت بۆ بەرگریی"
ههروهك حسێن کەنعانی سەرۆکی سەنتەری هەدەف بۆ توێژینەوەکان ئاماژهى بهوهداوه، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، ئەگەر بهگوێرهى ئەوەبێت كه ڕاگەیەندراوە، ئەوا بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ سەروەریی عێراق دادەنرێتو ئەنجامی ڕاستەوخۆی فشارێکی سیاسییو جەماوەرییە کە لەلایەن بەرەی مقاوەمەوە خراوەتەسەر حکومەت، بۆ پاڵنانی وتوێژکاری عێراقی بەرەو دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی ڕون بۆ کۆتاییهێنان بەبونی بیانیی.
کەنعانی پێیوایە، بونی سەربازیی ئەمریکا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی.
جەختی لهوهشكردوهتهوه، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەر ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییە چاوەڕوانکراوانەدا هەیەو چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لەکاتی دابینکردنی مەرجی دەستێوەرنەدانیانەوە، ئەنجامێکی ئەرێنی لەهەردوو ئاستی نزیکو درێژخایەندا بەدەستدەهێنێت.
