شارپرێس:
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، نیگەرانیی خۆی لەپێکدادانە چەکدارییەکانی سلێمانی دەردەبڕێتو داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی دەکات، هاوکات بۆ چارەسەری قەیرانەکە ڕایدەگەیهنێت کە "متمانەمان بەحیکمەتی بارزانی" هەیە.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 21ى 8ى 2025 هێزەکانی سەر بەیەکێتیی چواردەوری شوێنی نیشتەجێبونی لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەلیان لەلالەزار دهستگیركردو دوای گرژییو ڕوبەڕوبونەوە بەرەبەیانی هەینی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برایو دەیان چەکداری سەر بەو هێزە دەستگیركران.
ئەیاد عەللاوی سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەڕاگەیهنراوێکدا نیگەرانیی خۆی لەپێکدادانە چەکدارییەکانی سلێمانی دەربڕی ڕایگەیاند، "بەنیگەرانییەکی قوڵەوە چاودێریی پێشهاتە نەخوازراوەکانی پارێزگای سلێمانیمان کردوە کە بوە هۆی کەوتنەوەی قوربانیی کەسانی بێتاوان".
عەللاوی داوای دانبەخۆداگرتنو کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە دەکاتو ڕایدەگەیهنێت، "وێڕای دەربڕینی داخو پەژارەی قوڵی خۆمان بۆ ئەو بارودۆخەی لەم پارێزگا ئازیزەدا هاتوەتە ئاراوە، جەخت لەبانگەوازەکەمان دەکەینەوە بۆ هێورکردنەوە، دانبەخۆداگرتن، کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکەو ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی، بەتایبەتی لەسایەی ئەم بارودۆخە سەختەی کە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێتو بەرگەی زیاتری پشێوییو ناسەقامگیریی ناگرێت".
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی جەخت لەسەر پێویستیی خستنەگەڕی هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی ئاسایشو سەقامگیریی پارێزگای سلێمانیو سەلامەتیی ڕۆڵەکانی دەکاتەوە، "بەتایبەتی لەگەڵ بونی مەرجەعێکی نیشتمانی بۆ برا کوردەکان لەهەرێمی کوردستان کە بریتییە لەمەسعود بارزانی کە متمانەی تەواومان بەحیکمەتو داناییو توانای سەرکردەکانی هەرێم هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بەشێوەیەک کە یەکڕیزیی بپارێزێتو بەرژەوەندیی گشتی بەدیبهێنێت".
زیانە سەرەکییەکانی ڕوبەڕوبونەوەکە بونە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ کەسو برینداربونی نزیکەی 20 کەسی دیکە لەهێزەکانی یەکێتیی، هاوکات لەهێزەکانی سەر بەلاهور شێخ جەنگی باس لەکوژرانی 30 کەسو برینداربونی دەیان کەسی دیکە دەکرێت، لەکاتێکدا.
