ئەندامێکی لیژنەی دانوستانکار: دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع کۆبوونەوەکەی پاریسی هەڵوەشاندەوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 374 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

سەنحەریب بەرسوم، ئەندامی لیژنەی دانوستانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حکومەتی سوریاڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، دوو کۆبوونەوەی کۆتایی کە بڕیار بوو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجام بدرێت، لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە هەڵوەشێنرایەوە.

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی سوریا و ئەندامی لیژنەی دانوستانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حکومەتی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە "ئەو بڕوایەی بە لایەنەهاوکارەکانی دانوستانەکان دا کە ئاستەنگ لەلایەن حکومەتەوە هەیە نەک وەک پێشتر باسکرا، کە ئیدارەی خۆسەر ئاستەنگ لە پرۆسەکەدا دروست دەکات".

بەرسوم ڕاشیگەیاند: گومانی تێدا نییە کە ئەولەویەتمان دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستاندنێکی ڕاستەقینە و ڕێککەوتنە، ڕەنگە ئەو ماوەیەی بۆ ڕێککەوتنی 10ی ئادار دیاریکراوە ئێستا سنووردار بێت، بەڵام گرنگە پێش سەری ساڵی نوێ، کە دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار، بگەینە ڕێککەوتنێک کە متمانە دروست بکات.

 جەختیشی کردەوە "لیژنەکە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات بە مافە نەتەوەیی و ئایینی و کولتورییەکانیان".

هەروەها ڕونیشیکردەوە، "ئەوەی بەدەستی دەهێنین سوودی بۆ هەموو گەلی سوریا و ڕێگای دیموکراسی لە سوریا و داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتە دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو پێکهاتەکان مافی سروشتیان هەیە بە مافی تەواوەوە بژین و بەڕاستی بەشداری لە حوکمڕانی سوریادا بکەن.
ئ.ه