سلێمانی بورجی بابلی مۆدێرن

توێژینەوە و شیکاریی

19 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فوئاد سدیق

هەموو شارێک ڕۆحێکی تێدا هەیە كە بریتییە لە كولتوورو كەلەپوورو کۆکراوەی یادەوەرییەکان، خەونەکان، ئازارەکان، كە هەموویان دەبنە شانازی بۆ دانیشتووانەکەی. ڕۆحی سلێمانی، لە مێژوودا، بە مەرەکەبی شاعیران و خوێنی شۆڕشگێڕان نووسراوەتەوە. ئەمە نكوڵی لێ ناكرێت.

بەڵام ئەو شارەی کە سەردەمانێک بە شاری هەڵمەت و قوربانی و  دواییش بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناوی دەزرنگایەوە، ئەمڕۆ لەبەردەم قووڵترین قەیرانی وجودی خۆیدا وەستاوەو چەقی بەستووە. ئەو نازناوە شکۆمەندانەی بۆخۆی مسۆگەری كردبوو، ئێستا وەک نووسراوێکی سەر کێلێکی کۆن، خەریکە لەژێر تۆز و خۆڵی واقیعێکی تاڵ و سوێری شێواودا ون دەبن.

پرسیارە فەلسەفییەکە لێرەدا ئەوە نییە کە چۆن گەیشتینە ئێرە؟، چونکە وەڵامەکەی لەناو وردەکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ون بووە؛ بەڵکو پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا ئەو ڕۆحەی کە سلێمانی پێی دەناسرا، مردووە یان لەسەرەمەرگدایە و پەلەقاژێی کۆتایی دەکات؟ ئاخر ئێستا ئەم شارە لەجیاتی بۆنی كچانی چاوشینی قژ كاڵی لێو ئاڵ بكات، بۆنی  بارووت و دووكەڵ و مەرگ و خوێن دەكات.
فەیلەسووفان، لە هۆبزەوە تا لۆک، فێریان کردووین کە مرۆڤەکان دەستبەرداری بەشێک لە ئازادییە ڕەها و ئاژەڵییەکانیان دەبن لە پێناو بەدەستهێنانی شتێکی پیرۆزتر، ئەویش دابینكردنی ئاسایشە لەژێر چەتری یاسادا.

کاتێک دەسەڵات، کە دەبوو پارێزەری ئەم گرێبەستە بێت، لە پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان شکست دەهێنێت و خۆی دەبێتە سەرچاوەی ترس، ئا لێرەدا پەیمانەکە دەبێتە پارچە کاغەزێکی سووتاو. کۆمەڵگە، بە ناچاری، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتی؛ ئەو دۆخە ترسناکەی کە هۆبز بە دەنگی بەرز گوتی: مرۆڤ گورگی مرۆڤە و یاسای جەنگەڵ دەبێتە تاکە یاسای باڵادەست.
   ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانیدا ڕوودەدات، شانۆگەرییەکی زیندووی ئەم رووخان و سووتانی فەلسەفییەیە. کاتێک یاسا بە بەرچاوی هەمووانەوە ئەتک دەکرێت و بکوژ و تاوانبار بە ئازادی لەسەر شەقامەکان دەسوڕێنەوە، کاتێک مرۆڤ لە ماڵەکەی خۆیدا، لە بازاڕ، لە گەڕەکەکەیدا، لە هیچ شوێنێكی ئەم شارە هەست بە ئاسایش ناکات، متمانە نەك بە سیستەم نامێنێت، بەڵكو ئەم سیستەمە  خۆی دەبێتە مایەی ترس و ئاژاوە. لەم بۆشاییەدا، هێزی ڕەها جێگەی یاسا دەگرێتەوە. چەک دەبێتە زمانی گفتوگۆ و توندوتیژی دەبێتە ئامرازی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.

ئەم پاشاگەردانییە کۆمەڵێک ڕووداوی پچڕ پچڕ و هەڕەمەکی نییە، بەڵکو نیشانەی داڕمانێکی سیستەماتیکییە كە بنەماكانی شارستانییەتن. لە دۆخێكی وەها شێواویشدا ئیتر هاووڵاتیبوون مانای نامینێت کاتێک پارێزراو نیت، یاساش  هەرگیز نابێتە یاسا و هەرگیز بە پیرۆز سەیر ناكرێت  کاتێک یاسا تەنها لەسەر لاوازەکان جێبەجێ دەکرێت.
  خراپترین دەرەنجامی ئەم بێ یاساییە، تەنها کوشتن و تاڵانکردن نییە، بەڵکو لەناوبردنی کەرامەتی مرۆڤە، کە جەوهەری بوونی مرۆڤایەتییە. کاتێک مرۆڤ هەستدەکات ژیانی سات لەدوای سات لە هەڕەشەدایە و هیچ پەناگەیەکی نییە، وردە وردە لە بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی دادەماڵرێت. ترس دەبێتە غەریزەی سەرەکی و مانەوەی بایۆلۆژی دەبێتە تەنها ئامانج. لەم دۆخەدا، مرۆڤەکان دەبنە بوونەوەرێکی سەرەتایی کە تەنها بیریان لای خۆیانە و گومان جێگەی هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەكان دەگرێتەوە. ئەمە پرۆسەی بەربەرییەتە؛ گەڕانەوەیە بۆ غەریزە ئاژەڵییەکان و پشتکردنە هەموو ئەو بەها و ئەخلاقیاتانەی کە مرۆڤایەتی بە درێژایی هەزاران ساڵ بونیادی ناوە.

لەم شارەدا، مرۆڤەکان نەک تەنها لە ماڵ و سامانیان، بەڵکو لە مرۆڤایەتی و کەرامەتیشیان ڕووتدەکرێنەوە.ئێستا لەم شارەدا هیچ كەسێك هەست بە بوونی خۆی ناكات و ، هەستدەكەن كەرامەتیان رووشێنراوە.
   سلێمانی بێدەنگ نییە. بەپێچەوانەوە، ئەم شارە لەناو سەمفۆنیایەکی شێتانەی دەنگەکاندا نوقم بووە. بەڵام ئەمە دەنگی ژیان نییە، ئەمە گرمەی زیندووبوونەوەی هزری نییە، بەڵکو ژاوەژاوی پەلەقاژێی مردنە؛ دەنگدانەوەی بۆشاییەكی گەورەیە کە مانا و گفتوگۆی قووتداوە. لێرەدا دەنگەکان بەرزن، بەڵام کەس گوێی لە کەس نییە. دیالۆگ، کە هونەری پێکەوە ژیانە، بووەتە دوو مۆنۆلۆگی هاوتەریب کە هەرگیز یەکتر نابڕن. کەس کەس ناخوێنێتەوە؛ ئەم ڕستەیە تەنها گلەییەکی سادە نییە، بەڵکو شیکارییەکی وردی قەیرانێکی قووڵی مەعریفی و بوونگەراییە.
    کاتێک مرۆڤەکان واز لە خوێندنەوەی یەکتر دەهێنن، وەک مرۆڤ سەیری یەکتر ناکەن، بەڵکو وەک پڕۆژە، وەک دوژمن، یان وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەیانبینن. زمان کە دەبوو پردی پێوەندی بێت، بووەتە چەکێکی کوشندە بۆ بەهەڵەدا بردن، تۆمەتبارکردن و سڕینەوەی ئەویدی. ئەم شارە بووەتە بورجی بابلی مۆدێرن؛ هەمووان قسە دەکەن، بەڵام کەس لە کەس تێناگات. ئەم ژاوەژاوە، لە بنەڕەتدا بێدەنگییەکی ترسناکترە لە بێدەنگی ڕەها، چونکە وەهمی قسەکردن و فرەدەنگی دەبەخشێت لە کاتێکدا پێوەندی بەتەواوی پچڕاوەو مانا مردووە.


   ئەم وەهمە لە بوونی سەدان ڕێکخراوی مەدەنی، چالاکوانی مافی ژنان، حیزبی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆندا دەگاتە لووتکە.شار پڕە لەم هەموو رێكخراوانە.  بە ڕووکەش ئەمە نیشانەی کۆمەڵگایەکی زیندوو و کراوەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە  نیشانەی شێرپەنجەی دابەشبوون و داڕمانی جەستەی کۆمەڵایەتییە. ئەم ڕێکخراوانە، لەبری ئەوەی ببنە پردی پێوەندی و هێزی فشار بۆ چاکسازی، بوونەتە دوورگەی دابڕاو و دەنگی ونبوو لەناو گێژاوی ژاوەژاوەکەدا. هەر یەکەیان پارچەیەک لە حەقیقەت ی بەدەستەوە گرتووە و وا دەزانێت خاوەنی هەموو حەقیقەتە. فرەیی کاتێک دەبێتە نیعمەت کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقی هاوبەشدا کۆبکرێتەوە. بەڵام کاتێک ئەم چوارچێوەیە نامێنێت، فرەیی دەبێتە نەفرەت؛ دەبێتە جەنگی هەمووان لە دژی هەمووان لەژێر ناوی جیاوازدا. سلێمانی نەبووەتە باخچەیەک پڕ لە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ، بەڵکو بووەتە گۆڕستانێکی پڕ لە کێلی جۆراوجۆر کە هەر یەکەیان ناوی مردوویەکی لەسەر نووسراوە.
  لێرەدایە کە پارادۆکسە گەورەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری بە تەواوی ڕووندەبێتەوە. وەڵامەکە تاڵە وەک ژەهر، ڕۆشنبیریی  کاتێک لەژێر چەتری یاسا و دادپەروەریدا نەبێت، تەنها دەبێتە دیکۆرێکی جوان و بێ کاریگەری، وەک ماکیاژێک بۆ ڕووخساری جەستەیەکی مردوو. شیعر ناتوانێت ڕووبەڕووی فیشەک ببێتەوە و شانۆ ناتوانێت شوێنی دادگا بگرێتەوە. ئیتر گرنگ نییە شار سەرقاڵی فیستیڤاڵ و کۆڕی شیعری بریقەدارە یان نا. لە دۆخێكی وەهادا ژێرخانی ئەخلاقی و یاسایی کۆمەڵگە وردە وردە دەپووکێتەوە. کاتێک قەڵەمەکان بێدەنگ دەکرێن یان کاریگەرییان نامێنێت، خەنجەرەکان سەما دەكەن. ئەمڕۆ سلێمانی شایەتحاڵی سەمای خەنجەرەکانە لەسەر جەستەی نیوە مردووی ڕۆشنبیرانی کە نەیانتوانی ببنە قەڵغانێك بۆ شارەكەیان.


   ئەو دۆخەی پێیدەوترێت ڕۆشنبیری لە سلێمانیدا، ئێستا زیاتر لە مردنی شانەی زیندوو (نێکرۆز) دەچێت. جەستەیەکی مردووە کە هێشتا خانەکانی بە تەواوی شی نەبوونەتەوە، بەڵام هیچ جوولە و ژیان و کاریگەرییەکی تێدا نییە. چالاکییەکان ڕووکەشن، بەرهەمەکان بێ ڕۆحن و کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی واقیع سفرە. ڕۆشنبیری بووەتە کاڵایەک بۆ خۆنواندن و بەدەستهێنانی ئیمتیازات، نەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن و یاخیبوون.


   کاتێک کۆمەڵگە لەڕووی سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە هەڵدەوەشێتەوە، دوا قەڵا کە دەتوانێت ڕێگری لە کەوتنی یەکجارەکی بکات، دامەزراوەی دادوەرییە. دادوەر، لە ڕوانگەی فەلسەفەی یاساوە، تەنها فەرمانبەرێک نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی ویژدانی کۆمەڵگەیە؛ ئەو هێزە بێلایەنەیە کە لە سەرووی هەموو ململانێکانەوە تەرازووی حەق ڕادەگرێت. بەڵام کاتێک ئەم قەڵایە خاپوور دەكرێت و لە بنەوە دەڕووخێت، کاتێک ئەم دوا پەناگەیە خۆی دەبێتە بەشێک لە ستەمکاری، بێگومان هیچ شتێک نامێنێتەوە . کاتێک دادوەرێک بە ئیعازێک فەرمانی گرتن بۆ مرۆڤێک دەردەکات، ئەو تەنها یاسایەک پێشێل ناکات، بەڵکو خیانەت لە جەوهەری مرۆڤبوونی خۆی و لە ڕۆحی ئەو پیشەیەی دەکات کە سوێندی بۆ خواردووە. ئەو لە دادوەرەوە دەبێتە نووسەری ستەمکار، لە پارێزەری یاساوە دەبێتە جەللادی دادپەروەری.


  لێرەدا پرسیارە وجودییەکە دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە باشە ئەم دادوەرانە چۆن دەتوانن بخەون؟ وەڵامەکەی لە ناو دڵی فەلسەفەی ئەخلاقدا شاراوەیە. ئەو دادوەرەی فەرمانی نادادپەروەرانە دەنووسێت، لە شەڕێکی ناوخۆیی سەختدا ژیاوە و دۆڕاوە؛ شەڕی نێوان ئەرکی پیشەیی و ئارەزووی مانەوە و بەرژەوەندی بووە. ئەو لەم شەڕەدا ویژدانی خۆی کردۆتە قوربانی. خەوتنی ئەو، خەوی ئارامی نییە. یان خەوی کەسێکە کە بەتەواوی لە مرۆڤایەتی داماڵراوەو ویژدانی بەنج کردووە، یان خەوی پچڕ پچڕی کەسێکە کە تارمایی قوربانییەکانی لە خەونەکانیدا دێنەوە سۆراغی. ئەمە چ ژیانێکە؟ ئەمە ژیانی خۆ-نامۆبوونەSelf-alienation؛ ژیانێک کە تێیدا مرۆڤ لەگەڵ خودی ڕاستەقینەی خۆیدا نامۆ دەبێت. ئەو ڕۆژانە ماسکی دادوەر دەپۆشێت، بەڵام شەوانە لەبەردەم ئاوێنەی ویژدانی خۆیدا ڕووت و بێ بەرگرییە. ئەمە ژیان نییە، بەڵکو مەرگێکی هێواشی ڕۆحە لەناو جەستەیەکی بە ڕواڵەت زیندوودا.


   سلێمانی، شاری قوربانی و قەڵەم، بووەتە شاری قوربانیی قەڵەمە ژەهراوییەکانی دادوەرو ژاوەژاوی بێمانای سیاسییەکان. گرێبەستی کۆمەڵایەتی زۆر بە خراپی هەڵوەشاوەتەوە، دیالۆگ مردووە، فرەیی بووەتە نەفرەت و نەمانی ویژدان، دوا پەناگە، خۆی ڕادەستی ستەم کردووە. لەم خاڵەدا، قسەکردن لەسەر چاکسازی و گۆڕانکاری وەک نوکتەیەکی بێتام دێتە بەرگوێ. شار گەیشتووەتە ئەو دۆخەی کە فەیلەسووفی دانیمارکی، سۆرن کیرکەگارد، پێیدەڵێت نەخۆشیی بەرەو مەرگ، کە ئەویش نائومێدییە. نائومێدی لە گۆڕینی واقیع، نائومێدی لە بوونی دادپەروەری و، ترسناکتر لە هەمووی، نائومێدی لە خودی مرۆڤ.


  بەڵام تەنانەت لە قووڵترین تاریکیدا، فەلسەفە فێرمان دەکات کە هەمیشە بژاردەیەک هەیە. ئەلبێر کامۆ لە ئەفسانەی سیزیفدا دەڵێت، تەنانەت لە بێماناترین کاردا (هەڵگرتنی بەردێک بۆ سەر شاخ و بەربوونەوەی)، مرۆڤ دەتوانێت بە یاخیبوون لە چارەنووسی، مانایەک بۆ ژیانی خۆی دروستبکات. ڕەنگە ڕزگارکردنی سلێمانی وەک شارێکی گشتی، ئەرکێکی سیزیفی بێت؛ ئەرکێکی سەخت بێت بەڵام مەحاڵیش نییەو رەنگە لە كۆتاییدا ئەنجامێكی هەر هەبێت.

بەڵام ئەگەر بێ ئەنجام و مەحاڵیش بێت ، ڕزگارکردنی ویژدان ی تاکەکەسی، دوا یاخیبوون و دوا شێوەی بەرگرییە کە لەبەردەم مرۆڤی ئەم شارەدا ماوەتەوە. کاتێک هەموو شتێک وێران و خاپوور دەكرێت، تەنها یەک شت دەمێنێتەوە: هەڵوێستی ئەخلاقیی تاک. ڕەنگە ئەمە نەتوانێت شارەکە ڕزگار بکات، بەڵام دەتوانێت ڕۆحی ئەو تاکانە ڕزگار بکات کە ئامادە نین لەم شانۆگەرییەی مەرگدا ڕۆڵی کۆمبارس ببینن یان چەپڵە بۆ جەللادەکان لێبدەن.


  پرسیاری جدی ئەمەیە، ئایا لەناو ئەم وێرانەیەدا، هێشتا تاکگەلێک ماون کە ئامادەبن بەردی ویژدانی خۆیان هەڵبگرن، تەنانەت ئەگەر بزانن سبەی دیسانەوە بەردەبێتەوە و هەرگیز ناگاتە لووتکە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، چارەنووسی دوا پاشماوەی ڕۆحی ئەم شارە نووسراوەتەوە.