شارپرێس:
ئەمینداری گشتیی (عەسائیبی ئەهلی حەق)، ڕەخنەی لەداواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەگرێتو دەڵێت، "ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوریی لەعێراق کردوە لەئەگەری تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لەنێو پەرلەماندا".
ئەمریکا بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ پەسەندکردنی یاسای نوێی حەشدی شەعبی دەربڕیوەو لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی 23ی تەمموزی نێوان محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقو مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، ڕۆبیۆ ڕایگەیاندوە، ئەم پڕۆژەیاسایە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژمونی ئێرانو گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاوازدەکات.
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند، "ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکەن، دەیانەوێت پێگەی عێراق لاوازبکەنەوە".
دەشڵێت، "فشارە دەرەکییەکانیش دژی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی گەیشتونەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار".
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوەشکردوه، "هەڕەشەی ئەمریکامان پێگەیشتوە بەسەپاندنی سزای ئابوریی بەسەر عێراقدا کە ڕەنگە کەرتی نەوتو بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە، لەئەگەری تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لەنێو پەرلەماندا".
دوای سەرهەڵدانی داعش ساڵی 2014و داگیرکردنی یەک لەسەر سێی عێراق، بەفەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، هێزێکی سەربازیی بۆ پاراستنی عێراق پێکهێنراو ناوی لێنرا حەشدی شەعبی، ئێستا ئەم هێزە 238 هەزار چەکداری هەیەو ساڵانە لەبودجەی دەوڵەت 3.6 ملیار دۆلار دەبات، لەژێر چەتری ئەم دامەزراوەیەش، 70 گروپی چەکداری جیاوازی شیعی کە بەشێکیان لەلیستی سزاکانی ئەمریکادان لەوانەش: نوجەبا، عەسایبو حزبوڵڵا کۆکراونەتەوە.
