ڕاستی پشت ئەو حەوت جەنگەی کە ترەمپ ڕایگرت...ئامانجەكە چیە؟

جیهان

19/08/2025‌ 594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ دوپاتیکردەوە کە توانیویەتی 6 شەڕ ڕابگرێت لەوانە شەڕێک کە خەریک بوو لەنێوان میسر و ئەسیوپیا هەڵگیرسێت و شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا حەوتەمین جەنگ دەبێت و خۆی وەک ئاشتیخوازێک نیشان دەدات کە شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بوە.

 
مەڵپەڕی سكای نیوز بەپشت بەستن بەڕاپۆرتێكی ئاژانسی ئاکسیوسی ئەمریكی ئاماژەبەوەدا کە زۆربەی ئەو ناکۆکیانەی ترەمپ بانگەشەی چارەسەرکردنی کردوە بەتەواوی چارەسەر نەکراون یان هیچ رێککەوتنێکی فەرمی واژۆ نەکراوە، وەک ململانێی نێوان میسر و ئەسیوپیا، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتای ووەم خولی سەرۆکایەتیەوە چەندین پێشکەوتنی دیپلۆماسی بەدەستهێناوە.

ماڵپەڕەکە ڕونیکردەوە کە کۆشکی سپی ڕاگرتنی ئەو شەش جەنگەی لەسەر دەستی ترەمپ پشتڕاستكرۆدتەوە و  شەڕی حەوتەمی بۆ زیاد کردوە كە جەنگی نێوان ئۆكرانیاو ڕوسایە.

 

میسر و ئەسیوپیا
ماڵپەڕەكە لەبارەی میسر و ئەسیوپیاوە ئاشكرایكردوە، ئەو دوو وڵاتە کەوتونەتە ناو قەیرانێکی دیپلۆماسی بەهۆی بەنداوی ژیانەوەی ئەسیوپیا کە لەسەر ڕوباری نیل دروستکراوە و قاهیرە ترسی لەوە هەیە کە ئەم بەنداوە هەڕەشە لەئاسایشی ئاوەکەی بکات. کۆشکی سپی بەئاژانسی ئاکسیۆی ڕاگەیاندوە کە دەبێت ئەم جەنگە لەلایەن ترەمپەوە چارەسەر بکرێت، سەرەڕای ئەوەی هیچ جەنگێکی ڕاستەقینە ڕوینەداوە و هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتی واژۆ نەکراوە. 

هاوكات، سه رۆکی ئەمریکاش ڕایگەیاند که ئەگەر ده ستێوه ردانی ئه و نەبوایە شه ڕ لەنێوان قاهیرەو ئەدیس عەباباد هەڵدەگیرست.
ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا هەوڵی دا کۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت، بەڵام شکستی هێنا کاتێک ئەسیوپیا لەدانوستانەکان کشایەوە. ئەسیوپیا ترەمپ بەهاندانی شەڕ تۆمەتبار دەکات دوای ئەوەی ڕایگەیاند میسر دەتوانێت بەنداوەکە بتەقێنێتەوە.

ئەرمەنستان و ئازەربایجان
ئەرمینیاو ئازەربایجان لەچەند هەفتەی ڕابردودا لەکۆشکی سپی بەسەرپەرشتی ترەمپ ڕێککەوتنێکی ئاشتییان واژۆکرد. هەردولا لەساڵانی هەشتاکانەوە لەزنجیرەیەک ناکۆکی سنوریدا تێوەگلاون کە دواترینیان لە ساڵی 2023 دا ڕویدا.

کۆماری دیموکراتی کۆنگۆو ڕواندا
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و ڕواندا چەندین ساڵە لەسەر سنورەکانیان پێکدادانن و ملیۆنەها کەس ئاوارە بون و قەیرانێکی مرۆیی دروستکردوە. هەردوو وڵات لەمانگی حوزەیرانی ڕابردودا لەکۆشکی سپی ڕێککەوتنێکی ئاشتییان واژۆکرد. 
لەگەڵ ئەوەشدا سوپای کۆنگۆ و بزوتنەوەی M23 کەڕواندا پشتیوانی دەکات تۆمەتباریان بەپێشێلکردنی رێککەوتنەکە و ئەنجامدانی هێرش و کۆکردنەوەی هێز ئاڵوگۆڕ کرد.

ئێران و ئیسرائیل
ئەمەریکا پشتگیری ئیسرائیلی کرد لەشەڕی دژی ئێران و لەمانگی حوزەیرانی ڕابردودا هەندێک لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد. 
دوای ئەوە، کۆشکی سپی ناوبژیوانی ڕێکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلی کرد، بەڵام بەشێکی جێی مشتومڕ ئەوەیە کەئەمریکا بەشێک بوو لەو ململانێیە. 

لەگەڵ ئەوەشدا کۆشکی سپی دەڵێت هێرشەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لاواز کردوە و مەترسی شەڕێکی نوێی کەمکردوەتەوە. بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ململانێکە هەیە، چونکە ئیسرائیل مافی هێرشکردنە سەر تاران دوپاتدەکاتەوە ئەگەر دەست بە نیاتنانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، لەکاتێکدا هیچ پێشکەوتنێک لەدانوستانەکانی ئەتۆمیدا بەدی نەهاتوە.

هیندستان و پاکستان
ترەمپ ڕایگەیاند کە کاریگەری بازرگانی ئەمەریکا بەکارهێناوە بۆ فشار خستنە سەر هیندستان و پاکستان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و واژۆکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و تەواو. لەگەڵ ئەوەشدا هیندستان هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لەململانێکانی لەگەڵ پاکستان ڕەتکردەوەو تۆمەتەکانی ترەمپ ڕەتکردەوە کە گوایە دەستێوەردانی کردوە و ئاگربەستەکەی ڕاگرتوە.

کەمبۆدیا و تایلەند
کەمبۆدیا و تایلەند لەمانگی حوزەیران ڕایانگەیاند کە گەیشتووەتە ڕێکەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی 5 رۆژی سنور کە بوە هۆی کوژرانی دەیان کەس و ئاوارەبونی هەزاران کەس. ڕێککەوتنی ئاگربەست لەمالیزیا واژۆ کرا، دوای فشاری ترەمپ و هەڕەشەی ڕاگرتنی رێککەوتنە بازرگانییەکان لەگەڵ هەردوو وڵاتدا، بەڵام دوای رێککەوتنەکە هەردوو وڵات تۆمەتباریان کرد بەئەنجامدانی هێرش.

سربیا و کۆسۆڤۆ 
لەساڵی 2008 دوای دە ساڵ جەنگ سەربەخۆییان لەسربیا ڕاگەیاند، بەڵام سربیا دانی بەسەربەخۆیی خۆیدا نەناو بەردەوام بوو لە ململانێ لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و سەروەری. 

ئیدارەی ترەمپ لەساڵی 2020 ڕایگەیاند کە گەیشتوەتە ڕێکەوتنێکی سنوردار لەنێوان هەردوو وڵاتدا کەناوی لێنراوە "رێککەوتنی واشنتن". لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکەوتنێکی کورت خایەن بوو کە تەنها جەختی لەسەر مەسەلە ئابورییەکان دەکرد. بەگوێرەی ئاکسیوس، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.

ش.ح