كۆبونه‌وه‌ى شاندى هه‌رێم‌و ته‌یف سامى كۆتاییهات

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆبونەوەی ئەمڕۆى شاندی حکومەتی هەرێم‌ لەبەغدا لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کۆتاییهات کە تایبەتبوو بەگفتوگۆکردن لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێم، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمیش لەبەغدا ده‌ڵێت:"كۆبونه‌وه‌یه‌كى زۆرباشمان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایی ئه‌نجامدا".


كۆبونه‌وه‌كه‌ كاتژمێر 2ى پاشنیوه‌ڕۆ ده‌ستیپێكردو كه‌متر له‌كاتژمێرێكى خایاندو كۆتاییهات، به‌گوێره‌ى چه‌ند زانیارییه‌ك، وه‌زیرى دارایی عێراق به‌شاندى هه‌رێمى وتوه‌، هه‌رچى زوه‌ ئه‌و 120 ملیار دیناره‌ى داهاتى ناوخۆ بۆ مانگى شه‌ش ڕه‌وانه‌ بكه‌ن.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رێنیى كۆبونه‌وه‌كه‌و وتویه‌تى، "کۆبونەوەیه‌كى باشمان ئه‌نجامدا".

سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "بەرەوپێشچونی باش لەکۆبونەوه‌كه‌دا هەبوەو دەمانەوێت لەماوەی هەفتەیەکدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی بگەینە ڕێککەوتن".

زانیاریه‌كان ده‌ڵێن، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە شاندەکەی هەرێم دەگەڕێتەوە هەولێرو سەرەتای هەفتەی داهاتوش دەچنەوە بەغداو درێژە بەگفتوگۆکانیان دەدەن؛ تاوەکو پێش کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق واته‌ سێشه‌ممه‌ى داهاتوو، ڕەشنوسی کۆتایی ئامادەبکەن. 

ئەندامانی شاندی حكومه‌تى عێراق له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا بریتیى بون له‌(تەیف سامی وەزیری دارایی، محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان، خالید شوانی وەزیری داد، بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی، نەعیم عەبودی وەزیری خوێندنی باڵاو خالید بەتال وەزیری پیشەسازیی).

هاوكات شانده‌كه‌ى هه‌رێمیش پێكهاتبون له‌(ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، هەشت بەڕێوەبەری گشتیی لەوەزارەتی دارایی‌و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم).