شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق ڕایدهگهیهنێت، نەیارەکانی، بۆ شکاندنی کەسایەتیی، پەنا بۆ هەموو بەڵگەیەکی دروستکراوو ساختە دەبەنو ئەوەی ئێستا بەرامبەری دەکرێت بەکارهێنانی هەموو تواناکانی دەوڵەتە لەدژیی لەلایەن نەیارەکانییەوە، بۆیەش داوا لەسەرۆک کۆماری عێراق دەکات بەپەلە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکات.
کەسێک بەناوی لیوا زیا موسەوی کە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی بوە لەدەزگای هەواڵگریی عێراق، لەم ڕۆژانەدا چەند زانیارییەک بەناوی ئەو لەسەر کازمیو هاوسەرەکەی بڵاوکرانەوە کە دەوترێت لوبنانییە.
تیایدا تۆمەتبار دەکرێن بەپێدانی پارە بەحزبێکی لوبنانی، پێدانی پڕۆژە بەکۆمپانیایەکی لوبنانیو کڕینی موڵک لەو وڵاتە لەدەرەوەی ڕێکارە یاساییو دەستورییەکان لەگەڵ دەیان تۆمەتی دیکە بۆ سەر کازمیو هاوسەرەکەی.
لهوبارهیهشهوه مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق لەنامەکەیدا کە ئاراستەی لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراقی کردوە دهڵێت:"هەموو ئەو هەواڵانەی بەناوی ئەو بەرپرسەی دەزگای هەواڵگری بڵاودەکرێنەوە دروستکراونو تیایاندا ناوی زۆر بەرپرسو فەرمانبەری فەرمی دەوڵەت دەهێنرێت، نەیارەکانیش بەمجۆرە کارانەیان وڵات بەرەو تونێلێکی تاریک دەبەن".
کازمی داوای لەسەرۆک کۆمارى عێراق کردوە، لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەو تۆمەتانە بکات کە ئاڕاستەی دەکرێن، چونکە ئەوەی بەرامبەری دەکرێت هەڕەشەیە بۆسەر ئەو بەها کەمە دیموکراسییانەشی کە لەوڵاتدا ماون.
