چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بەردەوامە

عیراق

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان ڕۆژی سێشەممە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگییان ئاشکرا کرد کە شەوی دووشەممە بەڕێوەچوو، ئاماژەیان بەوە کرد، گفتوگۆکان لەسەر میکانیزمی بەڕێوەچوونی دانیشتنێک بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بووە.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، "لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی حکومەت و زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەکە ئامادەی بوون، بە وردی باس لە ئەگەری دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی کراوە".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئەوانەی ئامادەبوون باسیان لە دەستەبەرکردنی واژۆی 120 پەرلەمانتار کردووە بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر یاساکە بدەن، بەڵام گفتوگۆی فراوانتر بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بەردەوامە، بەتایبەتی کە بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدرێت".

سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە "ئەگەر یاساکە دەربکرێت، زۆرێک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی بەپێی تەمەنی یاسایی خانەنشین دەکرێن".

ئ.ه