شاندى هه‌رێم‌و ته‌یف سامى له‌كۆبونه‌وه‌دان

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئەو بەرنامەیەی لەنێوان هەردولا دانرابوو، کۆبونەوەی نێوان شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم‌و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی دەستیپێکردو ئێستا له‌كۆبونه‌وه‌دان.


پاشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوەوەو وێڕای تاووتوێكردنی چەند تەوەرێك لەكۆبونەوەكەدا، باس لەڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداو پرسی موچەش كراو بەزۆرینەی دەنگ بڕیار لەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم درا.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، کۆبونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان‌و تەیف سامی وه‌زیرى دارایی عێراق دەستیپێکرد.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، کەمێک لەمەوبەر کۆبونەوەکەی شاندی هەرێم‌و تەیف سامی دەستیپێکردوه‌و تایبه‌تده‌بێت به‌پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتیی، ئەگەریش هەردولا گەیشتنە ڕێککەوتن، لەکۆتایی کۆبونەوەکە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبەغدایە، دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی موچەیدا بەمەرجی جێبەجێکردنی سێ داواکاری، بەڵام ئەنجامی ئەم کۆبونەوەیەی نێوان شاندی هه‌رێم‌و تەیف سامی بۆ پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتی مانگەکانی داهاتوە.

واتا پەیوەندیی نییە بەو 120 ملیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە وەکو مەرج دیاریکردوە بۆ ناردنی موچەی مانگی شەش.