شارپرێس:
به‌گوێره‌ى توێژینه‌وه‌یه‌ك، به‌هۆى بڕینى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم‌و نه‌دانى له‌لایه‌ن به‌غداوه، نیوەی دانیشتوانی هەرێم قه‌رزیانكردوه، واته قەرزارن، توێژینه‌وه‌كه ده‌ڵێت:"نه‌دانى موچه شۆكێكى گه‌وره‌ى ئابوریى بۆ خێزانه‌كان له‌هه‌رێم دروستكردوه، به‌ڵام لەپارێزگای سلێمانی 37.7%ی دانیشتوانه‌كه‌ى سەرچاوەی دیکەی داهاتیان بۆ خۆیان ڕەخساندوە".
ناوەندی دەنگی نەتەوە، توێژینەیەوەکی نوێی بەڵێن عزەت میکەى بڵاوکردوەتەوە، تێیدا پشت بەداتای لایەنە فەرمییە ناوخۆیی‌و عێراقی‌و نێودەوڵەتییەکان بەستراوەو یەکەمین توێژینەوەیە باس لەلێکەوتە ئابورییەکانی بڕینی موچەی خەڵکی هەرێمی کورستان دەکات.
لەتوێژینەوەکەدا به‌ڵێن عزه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، "لەسەرتاسەری هەرێم 49.5%ی خێزانەکان ناچاربون قەرزبکەن، لەکاتێکدا کە لەپارێزگایەکی وەکو کەرکوک کە لەڕوی کۆمەڵایەتی‌و پێکهاتەی خێزانەوە زۆر نزیکە لەهەرێم تەنها له2.3%ی خێزانەکان ناچار بەقەرزکردن بون، لەبەغدای پایتەختی عێراقیش رێژەکە 4.7% تێنەپەڕیوە".
ده‌شڵێت:"بڕینی موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوەتە هۆی شۆکی ئابوریی خێزانەکان، بەشێوەیەک لەدهۆک‌و هەولێر کاریگەری شۆکە ئابوریەکە لێکەوتەی لەسەر 20%ی خێزانەکان هەبوە، لەسلێمانیش نزیکەی 15% كاریگه‌ریى هه‌بوە".
هه‌ر له‌توێژینه‌وه‌كه‌دا هاتوه، "لەپارێزگای سلێمانی 37.7%ی دانیشتوان سەرچاوەی دیکەی داهاتیان بۆ خۆیان ڕەخساندوە، ڕێژەکە لەهەولێریش 29.8%و لەدهۆکیش 15%ی تێپەڕاندوە".
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەپارێزگایەکی وەکو بەغدا کە پایتەختی عێراقە، ڕێژەکە تەنها 5.4%و لەبەسرەش کە پایتەختی ئابوریی عێراقە 5.1% تێناپەڕێنێت.
لەتوێژینەوەکەی ناوەندی دەنگی نەتەوەدا ئاماژه به‌وه‌شكراوه؛ "بڕینی موچە وای لەژنان کردوە ناچاربن کاربکەن، بەشێوەیەک ساڵی 2012 بەشداریی ژنان لەهێزی کاردا تەنها 12.2% بوە، بەڵام لەماوەی نۆ ساڵ‌و لەساڵی 2021دا ڕێژەی بەشدارییکردنی ژنان لەهێزی کاردا بۆ 16.5% بەرزبوەتەوە، ئەوەش کاریگەریی هەبوە لەسەر کەمبونەوەی وەچەخستنەوەو بچوکبونەوەی قەبارەی خێزان".
