بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شێ مەترسی بۆ مرۆڤایەتی دروستدەکات

جیهان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 299 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

دوایین ڕاپۆرتی دۆخی کەشوهەوای جیهانی تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و شێ.

ڕاپۆرتی دۆخی کەشوهەوا کە لەلایەن کۆمەڵەی کەشناسی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامبوونی گەرمبوونی بەرگەهەوا توانای ڕاگرتنی شێ زیاتر دەکات، ئەمەش ئەگەری فشاری گەرمی بۆ تاک و کۆمەڵگا زیاتر دەکات و شێی تایبەت  گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی بەسەر زەوی و زەریاکاندا.

 ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە نزیکەی 90 لەسەدی بەرگەهەوا شێدارتر بووە لەساڵی ڕابردوو بەراورد بەنێوان ساڵانی 1991 بۆ 2020.

هەروەها ژمارەی ئەو ڕۆژانەی پلەی گەرمی و شێداری بەرزی لە سەرانسەری جیهاندا تێدا تۆمارکراوە بەرزبوەتەوە.

دکتۆر کەیت ویلێت لە دەزگای کەشوهەوای نیشتمانی ئەمریکا هۆشداریدا لەبەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و شێ پێکەوە کە مەترسییەکان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ چەند هێندە دەکەن.

 جەختیشی لەوە کردەوە، زیادبوونی ئەم ڕووداوانە پاڵ بە کۆمەڵگەکانەوە دەنێت بۆ بارودۆخێکی سەخت کە ڕەنگە بگاتە ئاستێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیان.

ڕاپۆرتەکە دەریخستووە، ساڵی 2024 گەرمترین ساڵ بووە لە سەرەتای تۆمارکردنی ئامێرەکانەوە، هەروەها دەیەمین ساڵ بووە لەسەریەک کە پلەی گەرمی جیهانی لە یەک پلەی سەدی لە ئاستی پێش قۆناغی شۆڕشی پیشەسازی تێپەڕاندووە. 

سەبارەت بە سەهۆڵبەندانەکان، هەر 58 سەهۆڵبەندان هاوسەنگی نەرێنییان ئەزموون کردووە. کۆڵۆمبیا لەدەستدانی سەهۆڵبەندانی کۆنێجیراسی خۆی ڕاگەیاند، هاوکات ڤەنزوێلا بە فەرمی نەمانی دوایین سەهۆڵبەندانەکەی پشتڕاستکردەوە.

گەرماو شێ تاکە پرس نەبوون. هەروەها ساڵی 2024 ئاستی تۆمارکراوی بارانبارینی بەخوڕ و ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوای بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لە ناوچە گەرمەکاندا، کە هەندێکیان لە کاتی وشکەساڵی درێژخایەن یان وەرزی نائاساییدا ڕوویانداوە.

دکتۆر ڕۆبەرت دان، نووسەری سەرەکی ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردەوە، زۆرێک لە ڕووداوە ڕیکۆرد شکێنەکانی ساڵی 2024 تەنها ساڵێک لەمەوبەر تۆمارکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خێرابوونی گۆڕانی کەشوهەوایە. 
ئ.ه