شارپرێس:
هاوسەرۆکی لیژنەی دانوستان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لهبارهى ههریهك لهپرسهكانى لامەرکەزییو مانەوەی هەسەدە هۆشداریدهداتو ڕایدهگهیهنێت، "ئهو پرسه هێڵى سورنو دهبێت حكومهتهكهى شهرع بهههندیان وهربگرێت".
فەوزە یوسف هاوسەرۆکی لیژنەی دانوستان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، "لامەرکەزییو مانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) لەناو سوپای سوریادا بابەتێکی بنەڕەتیو قابیلی گفتوگۆکردن نییە".
جەختیشی لەبەردەوامبونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق سەرەڕای ناکۆکییەکان کردەوە.
یوسف لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتى، "پێنج کۆبونەوەی پێشوتر باسیان لەدۆسیە گرنگەکان کردوە وەک گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئاسایش، ئابورییو میکانیزمەکانی یەکخستنی دامەزراوەکانو بەهەنگاوەکانی بونیادنانی متمانە دەستیپێکردوە وەک نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی شێخ مەقسودو ئەشرەفییەو پێکهێنانی لیژنە بۆ تاقیکردنەوەکانو بۆ کاروباری ئاسایشیو سەربازییو ئابوریی".
ئاماژهى بهوهشداوه، "لەدوایین کۆبونەوەدا نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگریی، ناوخۆ، دەرەوەو هەواڵگریی دیمهشق بەشداربون، لەلایەن ئیدارەى خۆسهرهوه مەزڵوم عەبدیو ئیلهام ئەحمەدو عەبد حامد موهباش بەشداربون، کە گفتوگۆیەکی قووڵ لەسەر یەکخستنی دامەزراوەکان کرا".
دهشڵێت:"ئیدارەی خۆسەر ڕەتیدەکاتەوە دامەزراوەکانی هەڵبوەشێنێتەوە یان بەتەواوی ڕادەستیان بکات، بەڵکو پێداگریی لەسەر یەکخستنی دیموکراتیانە دەکات".
ئهوهشى وتوه، "مافەکانی پێکهاتەکانو ژنان جێگیرنو دەبێت هێزەکانی سوریای دیموکرات بەبەشێک لەسوپای سوریا بمێنێتەوە بەفۆرمێکی ڕێککەوتوو لەسەری، بەبێ هێنانی هێزی سەربازیی لەدەرەوەی ناوچەکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان".
ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەبەردەوامبونی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی ئەمریکی، فەرەنسیو بەریتانی کردەوەو جەختیکردەوە، ئیدارەی خۆسەر ئامادەیە بۆ هەر کۆبونەوەیەک کە چارەسەری دادپەروەرانەو دیموکراتیانە مسۆگەربکات.
