شارپرێس:
بەبەردەوامبونی شەپۆلی گەرماو کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاوو کارەبا لەئێران، حکومەتی ئەم وڵاتە لە 28 پارێزگا دهوامى ڕاگرت.
ئهمڕۆ شهممه، سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانو قوتابخانەکانو ناوەندەکانی پەروەردە لە28 پارێزگای ئێران داخرانو تەنها لەسێ پارێزگای ئەردەبیل، گیلانو قوم، دەوامی فەرمانگەکان بەردەوامە.
لەشارى تارانى پایتهختى ئێرانیش، سەرجەم بانکەکان داخراونو هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی هاوڵاتییان ناکەن.
حکومەتی ئێران دەڵێت، ئەم بڕیارە بەمەبەستی کۆنترۆڵی بەکارهێنانی وزەو یارمەتیدان بەبەردەوامبونی تۆڕەکانی ئاوو کارەبایە.
ڕاگرتنى دهوام، بەهۆی کورتهێنانی ئاوو کارەباوە لەسەرەتای هاوینەوەو پاش بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما دەستیپێکردو لەدوو مانگی ڕابردودا زۆربەی پارێزگاکانی ئێران، لەهەفتەدا لانیکەم ڕۆژێک دهوامیان ڕاگرتوه.
پارێزگارانی پارێزگاکانی ئێران فەرمانیان بەسەرجەم فەرمانگەکانداوە لەکاتی پشودا هەموو ئامێرە کارەباییەکانو سیستەمەکانی فێنککەرەوە بکوژێننەوە، بەم حاڵەش کێشەی کورتهێنانی کارەبا چارەسەرنەکراوەو لەزۆربەی ناوچەکانی ئێران ڕۆژانە لەنێوان 8 تا 10 کاتژمێر، کارەبا لەسەر هاوڵاتییان دەبڕدرێت.
هاوکات کێشەی کەمئاوی گەیشتوەتە خراپترین دۆخی خۆی لەماوەی 64 ساڵی ڕابردوداو ژمارەیەکی زۆر لەبەنداوەکانی ئەو وڵاتە وشکبون، لەتارانیش هۆشداریدراوە ئەگەر هاوڵاتییان بەکارهێنانی ئاو کەمنەکەنەوە، پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە بەشی تا کۆتایی وەرزی هاوین ناکات.
