شارپرێس:
ئەمریکا کەمتر لەمانگێک مۆڵەت بەبەغدا دەدات بۆ دانانی پلانێك لەپێناو چەککردنی حەشدی شەعبیو گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەپەیامێکی ڕاستەوخۆدا سێ هەفتە مۆڵەتیان بەبەرپرسانی حکومەتی عێراق داوە بۆ داڕشتنی پلانێکی کرداری بۆ چەکداماڵینی حەشدی شەعبی، لەبەرامبەردا ئێران جموجۆڵەکانی لەعێراق زیادکردوەو پێشبینیدەکرێت عێراق لەداهاتودا ببێتە گۆڕەپانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیلو ئێران.
سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بەماڵپەڕی ئیرەم نیوزی وتوه، لەمدواییانەدا بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق نامەیەکی لەمارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشتوە لەڕێگەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکانەوە.
تێیدا ڕۆبیۆ جەختیکردوەتەوە، حکومەتی عێراق بەزوترینکات پلانێک بۆ داماڵینی چەک لەدەستی حەشدی شەعبی دابڕێژێتو واشنتۆنیش لەم هەوڵەدا هاوکاری بەغدا دەکات.
ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیکردەوە، پەیامەکەی ڕۆبیۆ ڕون بوو "سزایەکی توند" دەسەپێنێت ئەگەر عێراق بەخێرایی هەنگاو نەنێت بۆ چەکداماڵینی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هەمان هەڵوێست لەلایەن ستیڤن ڤەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا، لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دوپاتکراوەتەوە.
ڤەیگن ئاماژەی بەوەداوە، واشنتۆن وادەیەکی بەبەغدا داوە لەسێ هەفتە زیاتر نەبێت بۆ ئەوەی پلانێکی کردەیی لەوبارەوە دابڕێژێت، ئەگەرنا ڕوبەڕوی زنجیرەیەک سزادەبێتەوە.
ئەو ماڵپەڕە لەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردوە، ئەریج مەسجدی جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەفتەی ڕابردوو بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئامادەیی گروپە چەکدارەکانو ئامادەکارییەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو سەردانی بەغداو ژمارەیەک شارو شوێنی دیکەی عێراقی کردوە.
