شارپرێس:
شێخ موس ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی ئاوارەكان لە ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆهەڵاتی سوریا، ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، دیمەشق پابەند نییە بە بڕگەی ئاوارەكان لە ڕێككەوتنی 10ی ئادار كە لەنێوان سەرۆك كۆماری سوریا ئەحمەد شەرع و فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، مەزڵوم عەبدی واژۆ كراوە.
لە پەراوێزی دانیشتنێكدا كە لەلایەن لیژنەی دانوستانكاری ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری حەسەكە بەڕێوەچوو، شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی ئاوارەكان لە ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆهەڵاتی سوریا، وتی، ئیدارەی خۆسەر هەر لەسەرەتاوە ئامادەكاری بۆ كردووە بۆ كارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، لەوانەش دەستەبەركردنی گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەفرین، سەرێكانیێ و گرێسپی، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی ڕاستەقینە لەلایەن حكومەتی سوریاوە نەنراوە.
شێخ موس ڕایگەیاندووە، "ئەمە بڕگەیەكی بنەڕەتی بوو لە ڕێككەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی".
ئاماژەی بەوەشكرد، "تا ئێستا سەرەڕای كۆبوونەوەكان و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان لیژنەی دانوستانكار و حكومەت لە دیمەشق، هیچ نیشانەیەك بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە نییە".
ئ.ه
