کردەوەی 15ی ئاب، نەهێشتنی داگیرکاریی‌و كۆنه‌په‌رستیه‌ لەکوردستان

توێژینەوە و شیکاریی

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نوسینی: ڤیان سیروان

لەمێژوی هەموو گەلاندا ڕۆژو جەژنی تایبەت هەیە، سەدان ساڵە ئەم جەژنانە بەڕێوەدەچن، بەتایبەت ڕۆژانی ڕزگاریی‌و ئازادیی نەتەوەیی کە بۆ هەموو گەلان سەردەمی بوژانەوەن، لەم ڕۆژە تایبەتانەدا ئەم جەژنە لەڕوی هەست‌و بیرکردنەوەوه‌ یەکڕیزیی ئەو گەلانە نیشانده‌دات، بەیەک ڕۆح، یەک بیرو هەست، کە کۆمەڵگه‌ هاوبەشی خۆشی‌و شانازیی خۆیەتی، ئەمەش دەتوانێت لەیەککاتدا هەم ئامادەبێت‌و هەمیش هەبێت.

لەگەڵ دامەزراندنی پارتی كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌)، ده‌وترا؛ "ئێمە بونمان هەیەو دەبین"، چالاکیی 15ی ئاب پێداگریی‌و ئیرادە بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، هەروەها 15ی ئاب جەژنی ژیانه‌وه‌ى گەلی کوردە، بەڵام چه‌ند ئەم جەژنە نیشتمانییە، بەهەمانشێوەو به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ش نێودەوڵەتییە، لەڕۆحی ئەم جەژنەدا، یەکڕیزیی گەلان هەیە، سۆسیالیزم هەیە، یەکسانیی‌و ئازادیی هەیە.

15ی ئاب جەژنە بۆ گەلی کورد، ئاهەنگێکە بۆ گواستنەوە لەتاریکییەوە بۆ ڕوناکی، بەرەو ژیانێکی نوێ، 15ى ئاب شۆڕشی ڕۆشنگەری گەلی کوردو کوردستانە، هاوکات ئەم جەژنی ئازدیى‌و ژیانه‌وه‌یه‌، ئاهەنگێکە بۆ ڕزگاربون لەهەموو پیسی‌و کۆیلایەتی‌و هۆشیاریی داگیرکاریی‌و پاشەکشە، پەیامى ئه‌م جه‌ژنه‌ش ئەوەیە (بەئیرادەو عەقڵمان دەژین)، لەگەڵ دامەزراندنی پارتی كرێكارانى كوردستان وترا؛ ئێمە بونمان هەیەو دەبین، واته‌ هەنگاوی 15ی ئاب، پێداگریی‌و ئیرادە بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.

لەم هەنگاوەدا ڕۆڵی سەرۆك ئاپۆ، سه‌ره‌كى‌و مێژوییه‌، نەک هەر بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی‌و گەلانی چەوساوە، سەرەتای هەستکردنه‌ بەسەربەخۆیی لەمێژوی مرۆڤایەتیى بۆ هەموو گەلانی چەوساوە، چونکە سه‌رۆك ئاپۆ دەڵێت؛ "ئەگەر ژیان هەبێت، ده‌بێت ئازاد دەبێت، یان با نه‌بێت"، ئەمە وته‌ى گەردونە، چونکە ئەگەر کۆمەڵگه‌ ئازادبێت، دەتوانێت بڵێت من دەژیم، ئەگەر ئازادنەبێت، ناتوانێت به‌گوێره‌ى کولتورو زمان‌و حەقیقەتی خۆی بژی، ئه‌وه‌ش ژیان نییەو مردنە.

دەستپێشخەریی 15ی ئاب یەکێکە لەو شۆڕشانەی کە ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامیدا، بەهۆی ڕێبەر ئاپۆوه‌، چەندین شۆڕش لەناو شۆڕشدا پەرەیان پێدرا، سەرەتا ئەو کوردەی نەیوێرا بڵێ "من کوردم"، ڕێبەر ئاپۆ بزوتنەوەو گەلێکی لەکوردستان دروستکرد کە بۆ ناسنامەی خۆیان وەستانەوەو باجی قورسیاندا، گەلێک‌و تێکۆشەری خۆنەویستی دروستکرد، هەر لەبەر ئەم هۆکارە 15ی ئاب دەبێتە مێژوی بوژانەوەی کۆمەڵگه‌یەکی مردوو، مێژووی بەئاگاهاتنەوەی کۆمەڵگه‌ی کوردی لەخەوی مەرگ.

هیچ هەنگاوو بزوتنەوەو پرۆسەیەک لەمێژوی تەڤگەری ئازادیدا لەخۆوە گەشەی نەکردوە، هەموو ئەو هەنگاوانەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردوە، لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی داگیرکاریی‌و سیاسەتی نکۆڵیکردن‌و لەناوبردن‌و دژی جینۆسایدەکان بوه‌ كه‌ له‌دژی گەلی کورد ئه‌نجامدراون، ئه‌وه‌ش وەک وەڵامدانەوەیەک بوه‌ بۆ تۆڵەسەندنەوە پەرەی پێداوە.

لەسەر ئەم بنەمایە دەستپێشخەریی 15ی ئاب دەستیپێکردو لەمیراتی بەرخۆدانی 14ی تەمموزو هەڵمەتی ڕێبەرێتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لق‌و پۆپى كردو گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى ئێستا بونى هه‌یه‌.

ڕێبەر ئاپۆ ئەم دوو واقیعەی خەباتی تێکەڵکردو لەسەر ئەو بنەمایە بزوتنەوەی 15ی ئابی پەرەپێدا، هەڤاڵانی زیندانی ئامەد، لەئەنجامی بەرخۆدانی خێرای مەرگ، ئەم پەیامەی خوارەوەیان هەبوو، ''دەنگمان لەهەموو جیهان ببیستن''، سەرۆك ئاپۆ ئەم پەیامە وەک فەرمانێک وەردەگرێت، لەسەر ئەم بنەمایە، ئاپۆ بەقەبارەیەکی گەورە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ده‌ستى به‌كاركردن كرد، ئه‌و خەباتیكرد بۆ ئەوەی دەنگی هەڤاڵەکانی لەزینداندا لەئاستێکی باڵاتردا بگاتە هەموو جیهان، بۆیە دەکرێ بڵێین، ئەگەر ئەمڕۆ شۆڕشی بونی گەلی کورد بینراو بیستراو ئێستا هەموو جیهان گەلی کورد وەک بون‌و نەتەوەیەک بناسێت، ئەمە لەسایەی دەستپێشخەریی 15ی ئابدایە، ئەمەش بەفەرمان‌و بانگەوازی کەمال‌و مەزڵوم‌و خەیری ئەنجامدرا.

به‌واتایه‌كى دیكه‌، دەستپێشخەریی 15ی ئاب بەرگریی ڕێبەرە لەشەهیدان‌و هەڤاڵایەتی، تۆڵەی گەلی کوردە لەدوژمن، بەتایبەتی تۆڵەی ئەو شەهیدانەی کە لەزیندانی ئامه‌د ئەشکەنجەدران.

سه‌رۆك ئاپۆ لەهەمولایەکەوە خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە ئامادەكرد، لەسەختترین هەلومەرجی شەڕی لوبنان‌و لەژێر هێرشەکاندا ئامادەکاریی بۆ ئەم بزوتنەوەیە كرد، لەبوارەکانی تیۆری، فەلسەفی، ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی، سەربازیی، ڕێکخراوەیی‌و ڕاهێنانی کادردا، ئاپۆ هەنگاو بەهەنگاو، سات بەسات خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکە ئامادە دەکرد.

بێگومان ئەوکەسەی بەکردەوە جێبەجێی کرد، فەرماندە عه‌گید بوو، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌گوێره‌ى ڕاستیی‌و بیرۆکه‌کانی سه‌رۆك ئاپۆ به‌رده‌وامبێت، فه‌رمانده‌ عه‌گید توانای کارکردن‌و گه‌ڕانى له‌ئاستێکی ئێجگار به‌رزدا هه‌بوو.

دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکە گورزێکی گەورەبوو لەسیستەمی دەوڵەتی تورکیا، بەرخۆدانی 14ی تەمموز، درزێکی گەورەی لەسیستەمی داگیرکاریدا دروستکرد، بەڵام لەگەڵ ته‌قاندنى فیشەکی 15ی ئابدا، ئەم درزە گەورەتر بوو، سیستم‌و ڕژێمى ئه‌نكه‌ره‌ى هەژاند.

دەستپێشخەرییەکە به‌ڕونی باسی لەوەکرد، ئێستا ژیان لەسەر بنەمای بون‌و ئازادیه‌، بەڵام لەهەموی گرنگتر، بزوتنەوەی 15ی ئاب تەقەیەک بوو لەبەرامبەر ئەو بێڕێزییەی کە لەکەسایەتی زیندانی ئامه‌دو بەسەر گەلی کورددا هات، كوردان به‌بڕومه‌ت‌و سه‌ربڵندیه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵكوژیى‌و له‌ناوبردنى سه‌دان ساڵه‌ وه‌ستاو وتى:"نا، منیش هه‌م".

لەبەرامبەر ئەو ئینکارییەی کە کورد نییە، لەسایەی بزوتنەوەی 15ی ئابدا، شۆڕشی بون دەنگیدایەوەو کورد تا ئەمڕۆش لەژیاندا ماوەتەوە، دوای بزوتنەوەکە، ئەو کوردانەی لەڕاستی شوناسی نەتەوەیی خۆیان دەترسان‌و ڕوبەڕوی مەرگی نەتەوەیی بونەتەوە؛ ئەمەیان قبوڵنەکردو کفنی ترس‌و مردنیان دڕاند.

بزوتنەوەی 15ی ئاب بۆ بەشێکی کوردستان نەبوو واته‌ ته‌نها باکوری کوردستان، به‌ڵكو بۆ هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ى کوردستان بوو، بۆ هەر تاکێکی کورد بوو، بۆ هەر ژن‌و منداڵێک‌و کوردێک بوو، هەر بەو هۆیەشەوە کاریگەریی بزوتنەوەی 15ی ئاب تەنها لەباکوری کوردستان سنوردار نەبوو، ئاكامه‌كه‌شى دانانى کاریگەرییه‌ لەسەر چوار به‌شى کوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ته‌نانه‌ت هەموو جیهانیش، ده‌توانین بڵێین، بۆ هەر کوردێکی بوێر، 15ی ئاب مێژویه‌كى پرشنگداره‌و مایه‌ى شادی‌و شانازییه‌.

دەستپێشخەرییەکە، ناكرێت وه‌ك كرده‌یه‌كى سەربازیی لێى بڕوانرێت به‌ته‌نها، چونكه‌ لەجەوهەردا مەعریفەیەکی قوڵی نەتەوەیی، دیدێکی مێژویی فراوان، دیدێکی سیاسیی فراوانتریشى هه‌ڵگرتوه‌، لەگەڵ هەنگاوی ستراتیژیی‌و تاکتیکێکی نوێ لەجوگرافیایەکی کاریگەرو لێکۆڵینەوەیەکی باشی درێژخایەن.

15ی ئاب وەڵامی (چۆن بژین)ى دایه‌وه‌، ئەمەش لەلایەن گەلی کوردو خەڵکی ناوچەکەوە وەک لەدایکبونێکی نوێی ژیانی کۆمەڵایەتی ئازاد سەیرکراوە، بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، 15ی ئاب نەک هەر سوپاى گەلی کوردى دروست‌و بونیادنا، هاوكات شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیشی هێنایە ئاراوە، بۆ کۆمەڵگه‌ی کوردی بوو بەڕۆح‌و کولتورو ژیانێکی نوێ.

ڕۆڵی سه‌رۆك ئاپۆ لەئامادەکردنی دەستپێشخەری 15ی ئاب بێهاوتایە
بەبۆنەی ئەم دەستپێشخەرییەوە، پێویستە سەرنج بۆ تەلارسازەکەی دەستپێشخەریی 15ی ئاب، ڕاستی سه‌رۆك ئاپۆ ڕابکێشین، لەبەرئەوەی کەس ناتوانێت هەنگاوبنێت‌و کەس ناتوانێت ورە نیشانبدات بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوانە بنێت، ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە توانیویەتی هەنگاوبنێت لەچارەسەرکردنی جددیترین ململانێ سیاسییەکان‌و لەدیاریکردنی هەنگاوە ستراتیژییەکان، لەئەنجامیشدا لەگەڵ خۆیدا گۆڕانکاریی‌و سەرکەوتنی گەورە دروستدەکات.

بەهۆی قوڵایی مێژویی‌و واقیعیەکانی سیاسەتی ڕۆژانە لەکەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ، زۆر گرنگە لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەیان، بۆیە ئەو هەنگاوو چارەسەرانەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشیکردون، لەڕووی میتۆدەوە هەمیشەیی‌و لەسەر بنەمای ڕاستییە ڕەگداکوتاوەکان دامەزراون، لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێبەر ئاپۆ بەشێوازەکانی هەنگاونان‌و چارەسەرەکانی، حساباتی هەموو هێزە هەژمونخواز‌و داگیرکەرەکان تێکدەدات.

هەر جارێک هێزەکانی داگیرکەرو خیانەتکاران دەیانگوت تەڤگەری ئازادی کۆتاییهاتوەو چیتر ناتوانێت شەڕبکات، ڕێبەر ئاپۆ بەهەنگاوی نوێ‌و هەنگاوو تاکتیکی داهێنەرانە، دۆست‌و دوژمنی سه‌رسام‌و خەباتیشى بەهێزتر دەکرد، لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێبەر ئاپۆ بەجۆش‌و خرۆشێکی زۆرەوەو سەرەڕای هەموو سەختییەکان ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵمەتی 15ی ئاب ئەنجامدا، بۆیە سه‌رۆك ئاپۆ دەڵێت؛ "لەکاری شۆڕشدا، خوڵقاندنی ژیان‌و کۆمەڵگه‌ بۆ من وەک ئاهەنگێک وایە، بەم هەڵمەتە ئەو ژیانەی کە دوژمن بۆ گەلەکەمان دروستیکردبوو، لەناوچوە".

یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە ئەم هەنگاوەی سەرکەوتوو کردوە، ڕاستی خودی ڕێبەر ئاپۆیه‌، ئاپۆ لەهەنگاونان پشت بەهیچ هێزێک نابەستێت، تەنها پشت بەهێزی خۆیی‌و خەڵک دەبەستێت‌و هەمیشە داهێنان لەکەسایەتی خۆیی‌و دەوروبەریدا دروستدەکات.

ساڵانێکی زۆر کورد بەدڵی خۆی هەڵسوکەوتی دەکرد، بەڵام بەعەقڵی دوژمنان بوو بەسەربازو کۆیلەی دوژمنان، بەڵام بەهەوڵی ڕێبەر ئاپۆ، ئێستا گەلی کورد بەزانست‌و ئیرادەی خۆی چارەنوسی خۆی هەڵدەبژێرێت، هەربۆیە ڕێبەر ئاپۆ بەمشێوەیە بانگی کورد دەکات‌و دەڵێت؛ "‘ئێستا کورد بەدڵ‌و مێشکی خۆی بۆ خۆی شەڕ دەکات".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی 15ی ئاب هەڤاڵ عه‌گید (مەحسوم قۆرقماز)
هەموو پرۆسەیەک سەرکردەو پاڵەوانی خۆی هەیە، ئەوان پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەبەن‌و بەتێگەیشتنیان خۆیان لەسەر ئەو سەردەمانە باڵاتر دەکەن‌و هەموو قوربانییەکی پێویست دەدەن بۆ ئەوەی ئەو پرۆسانە سەرکەوتوبن.

هەڤاڵ عه‌گید یەکێکبوو لەوكه‌سانه‌ى توانیی لەماوەیەکی کورتدا لەڕێبەر ئاپۆ تێبگات‌و نیازه‌كانى بەجێبهێنێت، هه‌ر عه‌گید تاڕادەیەکی بەرز لەواقیعی هه‌ره‌كه‌و بەرەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بەشداری خەباتیکردو گرنگترین ئەرکە مێژوییەکانی شۆڕشی لەئەستۆگرت.

فەرماندە عه‌گید بەچالاکییەکانی لەشەڕدا، بەتوندی بەرامبەر دوژمن، یەکگرتوویی لەگەڵ خەڵک‌و مامەڵەی لەگەڵ شەڕڤانان، نموونە بوو، عه‌گید هێمای بەخشندەییه‌ لەکوردستان، بۆیە یەکێک لەو هەڤاڵانەی زۆرترین شایستەی نازناوی قارەمانێتی بوە، فەرماندە عه‌گیدە.

هەڤاڵ‌و فەرماندە عه‌گید بەژیان‌و شەهیدبونی کاریگەریی گەورەی لەسەر گەلی کورد لەکوردستان دروستکرد، بۆ ئەو، سه‌رۆك ئاپۆ ده‌ڵێت:"عەگیدەکەمان شیرینە". لەکەسایەتی فەرماندە عه‌گید دا جارێکی دیکە ئازایەتی‌و قارەمانێتی‌و بەخشندەیی گەلی کورد زیندوو دەبێتەوەو لەسەر ئەم ڕاستییە جارێکی دیکە لەکوردستان داستانی هیواو قارەمانێتی دەنوسرێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە تا ئەمڕۆ دەیان گۆرانی‌و شیعر لەسەر فەرماندەی شایستە هەڤاڵ عه‌گید دەنوسرێن‌و ئێستا دەیان هەزار گەنج‌و منداڵ بەناوی عه‌گید لەکوردستان ناونراون.

هەڤاڵ عه‌گید لەچیاکانی وڵاتدا فەرماندە بوو، بەڵام وەک شەڕڤانیش مامەڵەی دەکرد، گرنگی بەبەهاکانی شۆڕش دەدا، لەنزیکەوە خەریکی پەروەردەکردنی هەڤاڵەکانی بوەو لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا، به‌گوێره‌ى ئاستی خۆیان لێیان نزیک بوەتەوە، هەستی بەهەڤاڵەکانی دەکرد، لێیان تێدەگەیشت‌و لەنزیکەوە دەیانناسی، زۆر بەوردی هەموو شتێکی حساب دەکرد، خۆی لەشوێنە مەترسیدارەکاندا لەپێشەنگدا بوو و ئەوەی ئەو هەموو دڵسۆزییەی بونیادنا، لایەنی کۆمەڵایەتی خۆی بوو، چونکە لایه‌نى کۆمەڵایەتیی زۆر بەهێز بوو، بەم ڕێبازانە دەتوانیت کاریگەریی لەسەر کەسانی دەوروبەرت هەبێت لەژیاندا.

لەهەمانکاتدا فەرماندە عه‌گید سه‌رقاڵى ئەنجامدانی چالاکییەکان بوو، ئه‌و هێڵه‌ى جەنگیش بەتەواوی لەگەڵ ڕێبەردا ده‌گونجا، لەگەڵ شەهیدبونی عه‌گیدو بۆ یادی شەهیدبونی، لەکۆنگرەی سێیەمدا، بڕیاری دامەزراندنی ئارگه‌كه‌ درا، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ یەکەمجار سوپای گەریلا لەکوردستان پەرەیسەند، وەک چۆن شەهیدبونی هەڤاڵ هه‌قى كه‌رار بوە هۆی دامەزراندنی پەکەکە، شەهیدبونی هەڤاڵ عه‌گیدیش بوە هۆی ڕێکخستنی گەریلا، بەمشێوەیە یادەوەریی فەرماندە عه‌گید هەمیشە زیندوو ڕاگیرا.

هەڤاڵ عه‌گید ڕابردوو و داهاتوى گەلەکەی لەکەسایەتی خۆیدا یەکخست، بەژیان‌و شەهیدبونیشى، ئەو کۆیلایەتیەی بەسەر گەلی کورددا سەپێنرا، تێكشكاند، زانین‌و تێگەیشتن لەئازادی لەکەسایەتی ئەودا چەسپاوە، هەر ئەمەش وایکرد ببێتە موڵکی گەلی کورد، هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەڤاڵ عه‌گید هەمیشە لەمێشکی هەموو گەلی کورددا ژیاوە، بەکەسایەتی پێگەیشتوو و هەڵوێستی خۆی، توانیی ڕەوتی مێژوو و ژیان بگۆڕێت.

عه‌گید جێ پەنجەی خۆی لەسەر خەبات بۆ ئازادیی‌و ڕزگاریی گەلی کورد بەجێهێشت، هەروەها دەرگای سەردەمی ستەم‌و کۆیلایەتی داخست‌و ئەم دەرگایە بۆ هەتا هەتایە بەداخراوی دەمێنێتەوە.

ئەم قۆناغەی پێیدا تێدەپەڕین پێویستی بەوەیە سەرکردە بین‌و خاوەنی سیفەتەکانی فەرماندە عه‌گید بین، وەک وتمان بزوتنەوەی 15ی ئاب تەنها بزوتنەوەیەکی سەربازیی نییە، به‌ڵكو توانیویەتی بەیەکجار شۆڕشێکی زۆر بهێنێتە ئاراوە، لەهەمانکاتدا داننان بەکەسایەتی فەرماندە عه‌گیدو بونیادنانی تایبەتمەندییەکانی، لەقاڵبمان دەدات بۆ کەسایەتییە پێشەنگەکان کە بتوانن پرۆسەکە بەرەو سەرکەوتن‌و بەرەو پێشەوە ببەن، تائەو ڕادەیەی کە لەڕۆحی ئەم پرۆسەیە تێبگەین‌و سەرکردایەتییەکی وەک فەرماندە عه‌گید هەڵدەبژێرین، دەتوانین وەڵامی ئەرکە زۆرەکانی ئەو سەردەمە بدەینەوە.

عەگید بون واتە سەرکردایەتیکردنی پرۆسەکەو هێزێکی پێشەنگ بون‌و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بونیادنانی کۆمەڵگه‌یەکی کۆمەڵایەتی‌و سۆسیالیستی.

15ی ئاب شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هێنایە کوردستان
دۆخی ژنان لەکوردستان پێش بزوتنەوەی 15ی ئاب لەدەرەوەی بارودۆخی کۆمەڵگه‌ بوو، ده‌توانین بڵێین نزیکبوو لەنەبون، ژنان بەکولتوری پیاوی باڵادەست‌و نەریتی خێڵەکی‌و دواکەوتوو مەحکومکران‌و ژیانی ئێستایان وەک چارەنوسی خۆیان قبوڵدەکرد، بەڵام خۆڕاگریی ژنان لەزیندانی ئامه‌د کە بەسەرکردایەتی هەڤاڵ سارا (ساکینە جانسز) پەرەیسەند، چارەنوسی ژنانی گۆڕی.

ئەم خۆڕاگرییە لەگوندەکانەوە بۆ شارەکان، لەدەشتەکانەوە بۆ شاخەکان، بۆ هەموو گۆشەکانی کوردستان بڵاوبوەوە، لەگەڵ بزوتنەوەی 15ی ئاب، بۆ یەکەمجار ژنان بەژمارەیەکی زۆر لەبەرەکانی پێشەوە هاتنە ناو وڵات، ئەوان وەک شەڕڤان‌و گەریلا لەبەرەکانی شەڕدا جێگەی خۆیان گرت، لەشەڕی بون‌و ئیرادەو ئازادیی‌و ناسنامەدا، شانبەشان دژی دوژمن شەڕیان دەکرد.

ئەو نەریتە کە نەیدەهێشت ژنانی کورد بەتەنها لەماڵەوە بچنە دەرەوە، لەگەڵ بزوتنەوەی 15ی ئابدا شکاو پڕۆفایل‌و ئیرادەی ئەو ژنە خەباتکارەی ئاشکراکرد، ئەمە، ئەوەندەی لەکۆمەڵگه‌ی کوردیدا بوار بۆ پرسیار کردوه‌تەوە، لەئاستی نێودەوڵەتیشدا شۆکێکی دروستکردوە، چۆن دەکرێت ژنان بچنە شاخ‌و چەک هەڵبگرن‌و شەڕ لەگەڵ ئەو سوپایانه‌ بکەن کە لەلایەن پیاوانەوە پێکهێنراون؟، بەشداریی ژنان لەشۆڕش‌و خەباتی چەکداریدا کاریگەرییەکی نوێی لەسەر کۆمەڵگه‌ی کوردی دروستکردوە، بەڵام ژنانی کورد زۆرترین کاریگەریی ئەو ڕاستییەیان لەسەر بوە، ژنانی کورد بەبەشداریی لەخەباتی چەکداریدا بونەتە ئیلهامبەخشێک بۆ ژنان لەسەرتاسەری جیهاندا کە پێشتر بەدەگمەن بینراوە، ژنی تێکۆشەری کورد لەگەڵ ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیدا بوە بەیەک‌و وای لەژنانی ناو کۆمەڵگه‌ کردوە کە تێبگەن، ئەو ئەرک‌و بیرکردنەوەیە کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، لەڕاستیدا تەنها نکۆڵیکردنە لەبونی دەسەڵاتی ژن، بەپێچەوانەی ئەم بیرکردنەوەیه‌، کاتێک ژنان ڕێکدەخەن، ئیرادەی خۆیان بەهێزتردەکەن، کاتێک لەسەر بنەمای ڕەگ‌و ڕیشەی ڕاستەقینەو نیشتمانپەروەریی خۆیان دەچنە ناو خەبات، کاتێک خەبات بۆ ئازادی خۆیان‌و گەلەکەیان‌و هەموو ژنەکان دەکەن‌و کاتێکیش بەجوانترین‌و ڕەزامەندترین شێوە ئەمکارە بەڕێوەدەبەن، ئەو یەکگرتوییه‌ى دەسەڵاتی ژن، دەتوانێت وڵاتان بەرەو پێشەوە ببات.

بزوتنەوەی 15ی ئاب ئەم ڕاستییەی ڕونکردەوەو بوە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لەنەخشە دەرونییەکان سەبارەت بەژن‌و پیاو بگۆڕدرێن، لەوانەش فۆڕمەکانی پەیوەندیی خێزانیی، بەهۆی ئەو هۆشیارییەی کە دروستبوو، ئەوە ڕاستیی‌و واقیعی هۆشیاری کۆمەڵگه‌ی کوردی‌و ژن‌و پیاو نەبوو، بەڵام ئەو شێوازە ژیانە لەلایەن دوژمنەوە دروستبوە، بۆیە بزوتنەوەی 15ی ئابیش شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەستپێکردو وەڵامێک بوو بۆ گەڕانی نوێ.

لەمڕوەوە سه‌رۆك ئاپۆ دەڵێت؛ "ئەگەر پیاوسالاریی‌و مێینەی کۆن لەناونەچێت، تەنها خزمەت بەدوژمن دەکات، من بڕیارمداوە پیاوسالاری ئێستا بکوژم"، ئاپۆ باوەڕێکی بەهێزی بەژنان بەخشی‌و بەم باوەڕەش دەسەڵاتی ژنان سروشتی ڕاستەقینەو بونیادنەری ژنانی ئاشکراکردو سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

چالاکی ژنانی کورد لەخەباتدا وای لێکردون کە ئەمڕۆ ببنە هێزی دینامیکی سەرەکی‌و لەهەموو بوارەکانی ژیاندا پێگەیەکی پەیداکردوە، هەر لەبەر ئەم ڕاستییەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دەیانجار وتویەتی:"شۆڕشی ئێمە شۆڕشی ژنانە له‌بواره‌کانی سیاسه‌ت، دیپلۆماسی، ئیداره، په‌روه‌رده‌، فه‌رمانده‌یى‌و له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا ژنانی کورد ئێستا وه‌ك ڕۆڵێکی سه‌ره‌كى سه‌ریهه‌ڵداوه‌ که ناتوانرێت له‌شۆڕشدا پشتگوێبخرێن".

لەژێر ڕۆشنایی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆو پارادایمی نەتەوەیەکی دیموکراسی، ژنانی کورد لەجیهاندا ئەرکێکیان لەئاستێکی سیستماتیکیدا وەرگرتوەو بونەتە سەرکردەو نمونە بۆ هەموو ژنانی جیهان، بەتایبەتی لەبواری بونیادنانی سیستەمێک لەسەر بنەمای هۆشیاری کۆمەڵایەتی کە نوێنەرایەتی جەوهەری ژن دەکات، تەنانەت ئەمڕۆش ئەوانەی زۆرترین بەرپرسیارێتییان لەسەرە لەپڕۆسەی هەنگاونان بەرەو سەرکەوتن، ژنانی کوردن.

ڕێبەر ئاپۆ لەهەموو تێبینی‌و نامەکانی ئەم سەردەمەدا چەندینجار سەرنج بۆ ئەم خاڵە ڕادەکێشێت‌و باوەڕی خۆی بەژنان‌و بەرپرسیارێتی ژنان بەرامبەر بەپرۆسەکە دەردەبڕێت.

یەکێک لەو خاڵە سەرەکیانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لەسەرکردەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە، خەڵک دەکاتە هاوبەش لەدەستپێشخەرییەکانیدا، ئەو سیحرەی کە ڕێگەی بەدەستپێشخەریی 15ی ئابدا بەرەو پێشبچێت‌و خەڵک‌و گەریلا بەزوترینکات یەکبگرن، پشتیوانیی گەل بوو بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، وەک چۆن گەلی کورد سەدان ساڵە چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکی لەو جۆرەیەو بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکات.

هەروەها ئەمە ئەو سەردەمە بوو کە پەیوەندیی‌و متمانەی گەلی کورد بەرامبەر بەڕێبەر ئاپۆ دامەزرا، گەلی کورد هەر لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ هیوایەکی زۆری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ داناوە، ڕێبەر ئاپۆ هەرگیز نەیهێشتوە ئەم ئومێدو متمانەیە بەتاڵبێتەوەو قسەو بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێکردوە، هەمیشە پەروەردەی کردون لەسەر واقیعەکانیان‌و جارێکی تر ئەو مرۆڤانەی زیندوکردەوە کە ڕوبەڕوی مردن بونەتەوە، ئەمەش وایکردوە گەلی کورد بەهێزو متمانەیەکەوە باوەڕی بەڕێبەرەکەیان هەبێت کە لەجیهاندا نەبینراوەو پەیوەندیی نێوان گەل‌و ڕێبەر ئاپۆ بێهاوتایە.

لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ "شەڕی کوردستان شەڕێکی سیاسیی‌و سەربازیی نییە، شەڕی مەرگ‌و مانەوەیە، ئێمە بەسەر ترسی مەرگدا زاڵبوین، ترسی لەناوچون نەماوە، خۆمان لەمردن ڕزگارکردوەو هەنگاوی ژیانمان ناوە، ئێستاش دەڵێین؛ بۆ ئەوەی گەلەکەمان ژیانێکی ئازادانەو به‌ئازادی بژی، مرۆڤ دەبێت بوێربێت‌و له‌هەنگاوەکانیدا ئەوه‌ ڕه‌نگبداته‌وه‌".

ئەم سەردەمەی کە ناوچەکەو جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، لەگەرمەی جەنگی سێه‌مى جیهاندایه‌، گەلی کوردستانیش لەم پرۆسەیەدا پێویستی بەئازادیی‌و سەرکەوتنە، کورد بەزەحمەت‌و قوربانیدانى گەورە بونی خۆی لەخەباتی بوندا سەلماندوەو بوەتە نوێنەرو بەرگریکاری مرۆڤایەتی لەبەرامبەر هێرشەکانی سیستەمی فاشیستی‌و ئیمپریالیستی‌و سەرمایەداریدا.

لەسایەی دەستپێشخەریی 15ی ئابدا، کورد بونی خۆی بەدەستهێناوەو کاتی ئەوەش هاتوە ئازادی خۆی بەدەستبهێنێت. گەلی کورد لەماوەی خەباتی 52 ساڵەی ئازادیدا، خاوەندارێتی لەهەموو بەها مێژوییە ئینسانییەکان کردوە، تا ئەو ڕادەیەی کە کۆمەڵگاکەیان دامەزراندوە، هەروەها بونەتە هێزی پێشەنگ لەپاراستنی به‌ها به‌رزه‌كانى مرۆڤایه‌تى له‌ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمڕۆ گەلی کورد نوێنەرایەتی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی‌و نێودەوڵەتی‌و کۆمەڵایەتی نەک تەنها لەناوچەکە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش دەکات، لەسەر ئەم بنەمایە گەلی کورد بەسەرکردایەتی ڕێبەر ئاپۆ، تۆوی ڕۆشنگەریی لەکوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخوێن‌و قوربانیدان‌و بەتێچویه‌كى زۆر چاندوەو پێیدەگات.

لەسەردەمێکدا کە هەموو جیهان بەزمانی چەک قسە دەکەن‌و هەڕەشە لەیەکتر دەکەن، پرسی نەهێشتنی چەکی پەکەکە بوەتە بابەتێکی گەرم، بۆ ماوەی نزیکەی 41 ساڵ خەباتی چەکداریی وەک میتۆد بەردەوامبوو، ئەمەش سوپای گەریلایەکی پیشەیی دروستکرد، هەنگاو بەهەنگاو ئەم سوپا گەریلایە توانیی بەرگەی هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیاو سەختترین تەکنۆلۆژیای بگرێت‌و سه‌ره‌نجامیش سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لەم شەڕەدا بەدرێژایی هێڵەکانی فەرماندەکانی عه‌گیدو زیلان، هەزاران عه‌گیدو زیلانی نوێ لەلاپەڕە زێڕینەکانی قارەمانێتیدا ناوی خۆیان نوسی‌و جارێکی دیکە میراتی بەرخۆدانی گەلی کوردیان هێنایە پێشەوەی مێژوو.

لەسەر دەستپێشخەریی ڕێبەر ئاپۆ، لە27ى شوباتى 2025 بزوتنەوەیەکی نوێ بەناوی ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراتی دەستیپێکرد، وەک لایەنگرێکی دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، لە 11ی تەمموزی 2025، کۆمەڵێک گەریلای ئاپۆیى لەناوچەی سلێمانی لەبەردەم هەموو جیهاندا چەکەکانیان سوتاندو لەناوبرد، ئەم هەنگاوە یەکێک لەشێوازە داهێنەرەکانی سەرکردە ئاپۆ نیشانده‌دات.

لەلایەکی دیكه‌وه‌ گۆڕینی شێوازی خەبات، بەرزکردنەوەی خەبات لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراسیی، هەنگاوێکە بۆ کۆمەڵگه‌ی پێشگه‌یشتوى کوردی‌و تێگەیشتن‌و بەهێزکردنی بزوتنەوەو گەلی کورد، جگەلەوەش لەپرۆسەیەکی وادا وەستاندنی بەکارهێنانی چەک لاوازی نییە، بەپێچەوانەوە؛ هێزو متمانە بەخۆبونی ڕێبەر ئاپۆو گەلی کورد نیشاندەدات.

لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت پرۆسەکە بەتێگەیشتن‌و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لەئەرک‌و بەرپرسیارێتیەکانماندا سەربکەوێت، بانگەوازی ئاشتیی‌و کۆمەڵگه‌ی دیموکراتیک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ، هەنگاوێکە لەسەر بنەمای بزوتنەوەی 15ی ئاب‌و درێژەپێدەری ئەم بزوتنەوەیەیە، هێزێکی بەهێزە بۆ هەڵکردنی ئەم خەبات‌و ئاڵایە، هەروەک چۆن گەلی کورد بەرپرسیارێتی بزوتنەوەی 15ی ئابی لەئەستۆگرت‌و بەهەموو توانای خۆی لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیەدا یەکیگرت، لەم پرۆسەیەشدا ئەم بەرپرسیارێتییە یەکێکە لەئەرکە سەرەتاییەکانی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسیی.

بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، واقیعی بزوتنەوەی 15ی ئاب‌و میراتی هەزاران شەهیده‌ کە لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانەو ئازاددا گیانیان بەختکرد؛ بەتوندی داوای بەشداریکردنمان لەم بزوتنەوەو سەرکەوتنەدا دەکات، بەمەش زێدی ئازادو یەکگرتویی چوار پارچەی کوردستان‌و پاراستنی بون‌و ناسنامەی گەلی کورد دەستەبەر دەکات، لەکەسایەتی هەڤاڵ عه‌گید، جەژنی ژیانه‌وه‌، بزوتنەوەی 15ی ئاب لەلایەن ڕێبەر ئاپۆو شەهیدانی کوردستان‌و گەلی کوردو دۆستانمانەوە پیرۆزدەکرێت.