شارپرێس:
دواى ڕوداوەکەی لالەزارى سلێمانی، شەڕێکی توندى میدیایی لەنێوان دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان (پارتى‌و یه‌كێتیى) سه‌ریهه‌ڵداوه، چاودێرانیش پێیانوایه، ئه‌وه‌ى ڕوده‌دات ئه‌گه‌رى هه‌یه هۆکارێک دەبێت بۆ پەرتەوازەیی‌و دابەشکاری زیاتر، چاودێرێكى دۆخه‌كه‌ش ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ى ئێستا له‌نێوان ئه‌و دوو حزبه له‌دواى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر لاله‌زار ڕوده‌دات، مافی زانینی ڕاستی ڕوداوەکەو لێکەوتەکانی لەخەڵک دەسەنێتەوە".
لەدوای ڕوداوەكەی لالەزار كه به‌ره‌به‌یانى هه‌ینى ڕابردوو لەسلێمانی ڕویدا‌و هێرشكرایه‌سه‌ر ماڵى لاهورى شێخ جه‌نگى‌و ده‌ستگیركرا، شەڕێكی میدیایی توند لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دەستیپێكردوە.
دواى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر لاله‌زار، كه‌سوكارى زۆرێك له‌وانه‌ى سه‌ر به‌هێزى دوپشكى سه‌ر به‌لاهورى شێخ جه‌نگى بون‌و ئێستا چاره‌نوسیان نادیاره، داواى ئاشكراكردنى چاره‌نوسیان ده‌كه‌ن.
له‌و ڕوه‌شه‌وه میدیاكانی نزیك له‌پارتی هەڵمەتێكیان ڕاگەیاندوه بۆ دۆزینەوەی چاره‌نوسى ئەوكەسانەی كە بەوتەی خۆیان، ده‌یانه‌وێت هاوكاریى خێزانه‌كان بكه‌ن له‌دۆزینه‌وه‌و ده‌ستكه‌وتنى سه‌ره‌داوى چاره‌نوسى بێسه‌روشوێنه‌كان.
دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته، وێنه‌ى چه‌ند كه‌سێك له‌میدیاى نزیك له‌پارتى بڵاوكراوه‌ته‌وه گوایه بێسه‌روشوێنن، به‌ڵام دواتر خودى ئه‌وكه‌سانه هاتونه‌ته‌ده‌نگ‌و ڕه‌تیانكردوه‌ته‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ڕوداوه‌كانه‌وه هه‌بێت‌و جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه، "ئێمه كه وێنه‌كانمان وه‌ك بێسه‌روشوێنبوه‌كانى لاله‌زار بڵاوبوه‌ته‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ژین".
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، میدیاكانی یەكێتیی هێرشێكی توندیانكردوه‌تەسەر میدیاكانی نزیك له‌پارتی‌و به‌خۆشكردنى ئاگرى شه‌ڕ تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن.
