تەندروستیی جیهانیی: فرە هاوبەشی سێکسیی هۆکاری توشبونە بەئاوڵەی مەیمون

تەندروستی

21/08/2024‌ 203 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی جەختی لەوەکردەوە، مەترسیی توشبون بەئاوڵەی مەیمون تەنها لەهاوڕەگەزبازان‌و دوو ڕەگەزبازاندا سنوردار نییە، بەڵکو هەر کەسێک لەنزیکەوە لەگەڵ کەسێکی توشبوو بەنەخۆشییەکە مامەڵە بکات، یان چەندین هاوبەشی سێکسیی هەبێت، مەترسیی توشبونی لەسەرە.


ڕێکخراوەکە ڕونیشیکردوەتەوە، پیاوانی هاوڕەگەزبازو دوو ڕەگەزباز، هەروەها ئەو پیاوانەی سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن، ئەگەر سێکس یان هەر جۆرە بەرکەوتنێکی نزیکیان لەگەڵ کەسێکی توشبودا هەبێت، مەترسیی توشبونیان زیاترە.

هەروەک ڕێکخراوەکە جەختی لەوەکردوەتەوە، دەکرێت نەخۆشییەکە لەڕێگەی هەر جۆرە بەرکەوتنێکی نزیکەوە بگوازرێتەوە، لەوانە ماچکردن، دەست لێدان‌و ئەنجامدانی سێکسی دەم‌و زێ، یان کۆم لەگەڵ کەسێکی توشبوو.

بۆیە ڕێکخراوەکە پێشنیازی کەمکردنەوەی ژمارەی هاوبەشی سێکسیی نوێ یان نەناسراوی کردوە، ئەوە جگە لەبەکارهێنانی کۆندۆم بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکە، ئاماژەشی بەوەشکردوە، ڕەنگە کۆندۆم پارێزگارییەکی تەواو دروستنەکات.

سەبارەت بەبڵاوبونەوەی جوگرافی، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، ئاوڵەی مەیمون بوەتە حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانیی دوای زیادبونی ترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە لەکۆماری دیموکراتی کۆنگۆو گواستنەوەی بۆ وڵاتانی دراوسێ.

هەرچەندە ڤایرۆسەکە لەسپێرمدا دۆزراوەتەوە، بەڵام تائێستا نەسەلمێنراوە کە ئایا ڤایرۆسەکە دەتوانرێت لەڕێگەی سپێرم یان شلەی زێیەوە بگوازرێتەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی