شارپرێس
ژمارەیەک قوتابخانەی ناحکومی و ئەهلی فێڵیکی گەورە
لە دایکان و باوکانی قوتابیان دەکەن و پارەیەکی زیاد لەوەی وەزارەتی پەروەردە بۆی
دیاریکردوون وەردەگرن، ژمارەیەکیش لە کەسوکاری قوتابیان سکاڵای یاساییان تۆمارکردوەو وەزارەتی
پەروەردە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە پێکهێناوە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەش
زانیاری زیاتر بۆ شارپرێس ئاشکرا دەکات.
بە پێی ئەو زانیاریانەی شارپرێس لەسەرچاوەی تایبەتەوە
دەستیکەوتوە، ژمارەیەک قوتابخانەی ناحکومی لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بڕە پارەیەکی
زیاتریان لەو بڕە لە دایکان و باوکان وەرگرتوە بۆ کرێی خوێندن، کە وەزارەتی پەروەردە
بۆی دیاریکردوون.
بە پێی ئەو بەڵگەنامە و فەرمانە کارگێڕیانەی لای
شارپرێسن، بەڕێوەبەرێتی قوتابخانە و خوێندنگە ناحکومیەکان لە وەزارەتی پەروردە بڕە
پارەیەکی بۆ هەریەک لەو قوتابخانانە دیاریکردوە، کە لە کەسوکاری قوتابیان وەربگیرێت
لە بەرامبەر کرێی خوێندن و جل وبەرگ و پەرتوکدا، بەڵام جیاواز لەو پارەیەی کە دیاریکراوە
بە ناوی جل و بەرگەوە ئەو قوتابخانانە ساڵانە بڕە پارەیەکی زۆریان لە دایکان و
باوکان وەرگرتوە، کە کۆی گشتی بۆ بەشێک لە قوتابخانەکان ساڵانە زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن
دینار، کە بۆ هەر قوتابیەک بڕی ٧٠ تا ١٠٠ هەزاری دیناریان وەرگرتوە کە ئەمە بە پێی
یاسای وەزارەتی پەرقوەردە سەرپێچی و لادانە لە رێنماییەکانی وەزارەت.
شارپرێس بەدواداچوونی وردی بۆ ئەم دۆسیەیە کرد
و لە بەدواداچونەکاندا دەرکەوتوە، کە بەشێکی زۆر لەو قوتابخانانە ماوەی زیاتر لە
چوارساڵە هەمان کار ئەنجام دەدەن و ئەو بڕە پارەیە بە زیادە لە قوتابیان وەردەگرن
و ئەمساڵ بەشێک لە دایکان و باوکان بە فێڵەکەیان زانیوەو لە دادگای پەیوەندیدار و
وەزارەتی پەروردە سکاڵایان لەسەر قوتابخانەکان و خاوەنەکانیان تۆماکردوە، وەزارەتی
پەروەردەش بۆ بەدواداچونی ئەو دۆسیەیە لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوەو بڕیاروایە لە
چەند رؤژی داهاتوودا لیژنەکە بێنە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی ڕاپەرین و بەدواداچوون
بۆ دۆسیەکە بکەن.
شاپرێس قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ڕاپەرین
کردوەو لە لێدوانێكی تایبەتدا مامۆستا محەمەد کەریم بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی راپەرین
پشتراستی سەرپێچییەکە دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە ئەوان وەک بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی
ڕاپەرین ئاگاداری دۆسیەکە هەن و راپۆرتی خۆیان داوەتە وەزارەت و چاوەڕێی ئیجرائاتی
وەزارەت دەکەن لەگەڵ ئەو قوتابخانانە چونکە ئەوان دەسەڵاتی ئیجرائاتیان نییە لەگەڵ
قوتابخانە ناحکومیەکان.
پەیامنێری شارپرێس لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ
ژمارەیەک کەسوکاری قوتابیان کردوە و ڕایانگەیاندوە، کە ساڵانە بە گرێبەستێک جیاواز
لە بڕی پارەی خوێندن بڕە پارەیەکی تریان بۆ جل و بەرگ لێ وەرگیراوە کە ئەوان
ئاگاداری فەرمانی وەزارەت نەبوون بۆ کرێی خوێندن و ساڵانە ئەو بڕە پارەیان داوەتە
قوتابخانەکان و ئەمساڵ کە بە بابەتەکەیان زانیوە سکاڵایان تۆمارکردوە و ئەگەر لیژنەی
وەزارەت سزای قوتابخانەکان نەدات و پارەکەیان بۆ نەگێڕنەوە "منداڵەکانیان لە
قوتابخانەکان دەردەکەن".