شارپرێس:
ڕاپۆرتە میدیاییە عیبرییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئیسرائیل بەدواداچون بۆ ئەگەری کوژرانی یەحیا سینوار سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لەغەززە لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دەکات.
بهگوێرهى سەرچاوە میدیاییە عیبرییەکان، وەک کان، هارێتز و مەعاریف، قسەو باس هەیە سەبارەت بەمردنی سەرۆکی حەماس، دوای ئەوەی پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس بۆماوەیەکی زۆر بڕاوە، بەڵام هەواڵگریی ئیسرائیل بەشاباکیشەوە پێیانوایە، سینوار هێشتا لەژیاندایە.
تائێستا ئیسرائیل هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمیی لەسەر مردنەکەی بڵاونەکردوهتەوە.
هەروەک بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیلیش ئەمە بەتەنها قسەو باسێک دەزاننو هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە لەبەردەستدا نییە.
هەندێک پێیانوایە، ڕەنگە سینوار خۆی بشارێتەوە یان بەئەنقەست پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا ببڕێت.
سەرچاوەکان بەڕۆژنامەی هارتزیان ڕاگەیاندوە، لەچەند مانگی ڕابردودا ئیسرائیل تونێلەکانی لەو ناوچانە بۆردومانکردوە کە گومانی ئەوەی لێدەکرا سینوار خۆی تێدا حەشاردابێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی ڕون نییە بۆ ئەوەی پێکرابێت، ڕەنگە ئەویش لەنێو ئەوکەسانەدابێت کە بەئەنقەست خۆیان لەجیهانی دەرەوە داببڕن.
بزوتنەوەی حەماس مانگی ڕابردوو، چەند ڕۆژێک دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی پێشوی مەکتەبی سیاسیی لەتاران، دانانی سینواری وەک بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی خۆی ڕاگەیاند.
