حەمە ڕەشید
لەبەر ئەوەی زۆر بە کەمی توێژینەوە لەسەر درۆکردن کراوە، بۆیە ئەم کتێبە بە سەرەتایەکی پێویست و گرنگ هەژمارە دەکرێت، تا ببێتە ئاستانەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، هەر لەم سۆنگەیەشەوە بە ئەرکی خۆم زانی بەشدارییەکی ناچیز لەم بوارەدا بکەم و خوێنەری کورد بەم بابەتە هەستیارە ئاشنا بکەم.
ئەم کتێبە لە نۆ بەشدا باس لە درۆکردن و ئاکامەکانی دەکات، ئیدی چ درۆکردنی سەرکردەکان بێت لەگەڵ میللەتەکانی خۆیاندا، یان درۆکردنیان بێت لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا، لەگەڵ سوود و زیانەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، سەرباری ئەوەش، هەر وەکو خودی جۆن ج. میرشایمەر ئاماژەی پێ دەدا، خۆی لە قەرەی درۆی دزێو نادات، واتە ئەو درۆیانەی بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسێک دەکرێن، یا بۆ ئەوەی کەسێک یاخود چەند کەسێک لە لێپرسینەوە ڕزگار بکرێن، یا بپارێزێن، چونکە بە بۆچوونی نووسەر ئەو جۆرە درۆکردنانە لەبەر بێبەها و بێئەرزشییان لە دووتوێی کتێبەکەیدا جێیان نابێتەوە، لەبەر ئەوەی پێی وایە "تەشەنەسەندنی درۆ لە ناو دەوڵەتێکدا، ڕەنگە قەوارەکەی لەنێوبەرێت، سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆش لاواز و شلۆق بکات"، هەروەها دەڵێت؛ "درۆکردنی فەرمانڕەوایان لەگەڵ میللەتەکانی خۆیاندا بە ئەگەرێکی زۆر ئارامیی ژیانی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ناوخۆی وڵاتەکە تێک دەدات و دەیشێوێنێت، ئەوەش کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ژیانی ڕۆژانە جێ دەهێڵێت"، بۆیە هەر لەم ڕوانگەیەوە نووسەر فۆکس دەخاتە سەر درۆی ستراتیجی، واتە ئەو درۆیەی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و مانەوەی وڵاتدا دەکرێت، نووسەر زۆر بە ڕوونی دەڵێت: "بە گشتی، سەرکردەکان لەبەر دوو هۆ درۆی نێودەوڵەتی دەکەن، ڕەنگە بەخاتری بەرژەوەندیی نیشتمانی درۆ بکەن، ئەوەش بە "درۆی ستراتیجی" دەناسرێت، کە بە گشتی سەرکردەکان بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکانیان لە ڕووی هەڵبەزودابەزی سیاسییەوە لەگەڵ ئەوی دی بەکاری دەهێنن. هەروەها سەرکردەکان "درۆی کەسێتیی خۆپەرستانە" دەکەن، کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە نییە، بەڵکو درۆ دەکەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی کەسێتی، یا بەرژەوەندیی هاوڕێکانیان بپارێزن. لەم کتێبەدا گرنگی بەو درۆکردنە دەدەم، کە سەرکردەکان لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا دەیکەن، نەک بەخاتری بەرژەوەندیی کەسێتی، بۆیە کاتێک دەستەواژەی درۆکردنی نێودەوڵەتی بەکار دەهێنم، ئەوا مەبەستم درۆی ستراتیجییە، نەک درۆکردن لەپێناوی بەرژەوەندیی کەسێتیدا". ئەمە سەرباری ئەوەی باس لە چەندین شێوازی دیکەی گوتنی ناڕاستی دەکات، وەک خەڵەتاندن، هەڵبەستن و شاردنەوە کە بە درۆکردنیان نازانێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە قسەی ڕاستیان دانانێت.
درۆزن کێیە؟ دەیەوێت لە ڕێی درۆکردنەوە چیمان پێ بڵێت و بەرەو چ ئاڕاستەیەکمان بەرێت؟ بەرەو چ تونێلێکی تاریک کە کەس نازانێت کەی و چۆن بە ڕووناکی دەگات، بۆچی درۆ دەکات و دەیەوێت لە ڕێی درۆکردنەوە بە کوێ بگات؟ ئەمە و چەندین پرسیاری دی کە لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بە مێشکماندا گوزەر دەکات، ئەوا میرشایمەر بە دەیان شێواز لە مەترسیی درۆکردن لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات و لەسەر ئاستی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی تردا، ئاگادارمان دەکاتەوە، ئەوەتا بە شێوەیەک لە شێوەکان پێمان دەڵێت: "درۆکردن ئەوەیە کاتێک مرۆڤ وتەیەک دەڵێت، دەزانێت ڕاست نییە، یا گومانی لە ڕاستییەکەی هەیە، بەڵام ئاواتەخوازە ئەوانی دی بە ڕاستی لەقەڵەم بدەن. درۆکردن کردەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراوە، بۆ ئەوەی جەماوەرێکی دیاریکراوی پێ فریو بدرێت. درۆکردن هۆنینەوەی ڕاستیگەلێکە کە دانەرەکەی دەزانێت ڕاستی نین، یا نکۆڵیکردنە لەو حەقیقەتانەی کە دەزانێت ڕاستین، بەڵام درۆکردن تەنیا بە مەودای ڕاستیی حەقیقەتە دیاریکراوەکانەوە پەیوەست نییە، بەڵکو دەشیت لەڕێی ڕێکخستنی ڕووداوەکانەوە بە شێوازێکی فێڵبازانەی قۆڵبڕانەوە بێت بۆ ئەوەی حیکایەتێکی خەیاڵی بگێڕێتەوە. لەم دۆخەدا، درۆزن، گوێگر بەرەو دەرەنجامێکی هەڵە دەبات، بێ ئەوەی بە ڕوونی ئەو دەرەنجامە ڕابگەیەنێت". کەواتە کاتێک سەرکردەکان درۆ دەکەن و دەیانەوێت هاووڵاتییانی خۆیان فریو بدەن، ئەوا لە ڕێگەی زانیاریی ناڕاستەوە هەوڵ دەدەن ڕووداوەکان شی بکەنەوە کە بە دڵنیاییەوە دەرەنجامی هەڵە هەڵدەگۆزن، دواجاریش کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.
میرشایمەر باس لە چەندین جۆری درۆکردن دەکات، بەڵام دوو لە درۆیانە پشتگۆی دەخات و هیچ بەهایەکیان بۆ دانانێت، چونکە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیدا ناکرێن و خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی ناکەن، ئەوانیش بریتین لە درۆی ڕووماڵی دزێو و ئیمپریالیزمی کۆمەڵایەتی، ئەو پێی وایە پشتگوێخستنی ئەو دوو جۆرە درۆیە هیچ بەهایەکی ستراتیجییان نییە، بۆیە دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە، زۆر باش لەوە دەگەین کە بۆچی خەڵکی ئەو جۆرە درۆیە دەکەن، بەڵام کەس پێی وا نییە دوو ڕەفتاری شەرعی، یا پەسەند بن، بگرە زۆربەی چاودێران سەرکۆنەی درۆ خۆویستەکان دەکەن، نەک لەبەر ئەوەی تەنیا ژیانی سیاسی گەندەڵ دەکات، بەڵکو بە گشتی بەرژەوەندیی نیشتمانی لاواز دەکەن. بە کورتی، درۆکردنی ئیمپریالیزمی کۆمەڵایەتی و ڕووماڵی دزێو، هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتییان نییە".
هەروەها نووسەر دەرک بە ئاکامە نێگەتیڤەکانی درۆکردن و کاریگەرییان لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگە دەکات، بۆیە ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە درۆکردن چ وەیشوومەیەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئیدی لێرەوە تێدەگەین کە دەبێ ئێمەی کورد زۆر بە وریاییەوە لەو مەسەلەیە بڕوانین، چونکە گەر بۆ گەلانی خاوەن دەوڵەت ئەو مەترسییەی هەبێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد کوشندە و مەرگهێن دەبێت، بۆیە گەر بە وردی لەم وتەیەی تێبگەین، زۆر بە ئاسانی لە ماڵوێرانیی درۆکردنی سەرکردەکان لەگەڵ خۆیان و میللەتەکانیان تێدەگەین. هەرچەندە زۆربەی درۆکانی سەرانی کورد دەچێتە نێو درۆکردنی دزێوەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەبێ وتووریا بین، ئەوەتا میرشایمەر پێمان دەڵێت: "درۆکردنی بەردەوام زیانێکی گەورە بە دەزگای سیاسی دەگەیەنێت، چونکە کولتوورێکی گومڕاکەری ژەهراوی بەرهەم دەهێنێت"، هەروەها دەڵێت: "درۆکردنی بەرپرسانی حکوومەت -لەگەڵ یەکتر، یا لەگەڵ جەماوەردا- پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردان لە ناو دەوڵەتدا پەک دەخات، ئیدی چ لە دەوڵەتێکی دیموکراسیدا بێت، یا نادیموکراسی. زۆریی تێچووی دونیای درۆ و خەڵەتاندن هۆکاری سەرەکییە، چونکە بڕیاردەران متمانەیان بە یەکتر نامێنێت، پاشان هەوڵێکی دوو هێندەیی و کاتێکی زۆر بۆ گەڕان و تەیکردن بەسەردەبەن، بۆ ئەوەی لە ڕاستی و دروستیی زانیارییەکانی بەردەستیان دڵنیا ببنەوە. گەرچی هەوڵی پێویستیش بدەن، ئەوا زانیاریی پێویست بەدەست ناهێنن، بڕیارەکانیان لەسەر زانیاریی ساختە بینا دەکرێت، ئەوەش گرتنەبەری سیاسەتی هەڵە زیاتر دەکات... سەرباری ئەوەش، درۆکردنی بەردەوام سەروەریی یاسا لەنێو دەبات کە بۆ ژیانی دیموکراسی لە دڵ دەچێت. هەروەها بە ئەستەمی دەزانێت دەوڵەت و کۆمەڵگە لە سایەی درۆکردنی بەردەوامدا درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن، ئەوەتا زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێت: "دواجار، تەشەنەسەندنی درۆ لە وڵاتانی دیموکراسیدا تا ئەو ڕادەیە هەستی ناموبوون لە لای هاووڵاتییان دروست دەکات کە متمانەیان بە حکوومەتە دیموکراسییەکەیان نەمینێت، ئەوەش هانیان دەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیری لە حکومڕانییەکی دەسەڵاتخواز بکەن. بەهەرحاڵ، زۆر قورسە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوامبوونی حوکمێکی دیموکراسی وێنا بکەین، ئەگەر گەل ڕێز لە سەرکردەکانی نەگرێت و وەک کۆمەڵە درۆزنێک بیانبینێت، ئەگەر دامەزراوەکانی لەپێش چاو بکەوێت، لەبەر ئەوەی لە گەندەڵیدا ڕۆچوون. بە کورتی، زۆر درۆکردن زەرەر و زیانێکی گەورە لە هەر دەزگایەکی سیاسی دەدات". کەواتە لێرەوە تێدەگەین درۆکردن چ بەسەر هاووڵاتییان و نیشتماندا دەهێنێت، بۆیە گەر لێرەوە لە ڕووداوەکانی لای خۆمان بڕوانین، لەوە تێدەگەین کە خەڵکی وەک کۆمەڵە درۆزنێک لە بەرپرسەکانی دەڕوانێت، لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزیسیۆن نەک هەر نەیتوانیوە درۆکان ئاشکرا بکات و وڵات بەرەو ئاقارێکی ئارام بەرێت، بەڵکو جێی داخە کە بە مەبەستی زیاتر سووککردنی دەسەڵاتداران، دەیان هێندەی ئەوان درۆ دەکات، ئیدی لێرەوە مەترسییەکان بۆ میللەتێکی بێقەوارەی وەک کورد ئاشکرا دەبن.
میرشایمەر مەترسییەکی گەورە لەو سیاسییە شکستخواردوانەشدا دەبینێت کە لەدوای شکستەکانیان درێژە بە حوکمڕانی دەدەن، چونکە پێی وایە بە بەردەوامیی ئەوان دەرفەتێک بۆ چاکسازی و بونیادنانی ئایندە نامێنێتەوە، بۆیە دەڵێت: "هەروەها سیاسەتی شکستخواردوو، کارەساتی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی کەسە لێنەهاتووەکان بۆ ماوەیەک لە نێوەندە باڵاکاندا دەمێننەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی پەردەپۆشکردن ڕێگری لە بەردەم لێهاتوویی سیستمی ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکات وەکو پێویست ئەرکەکەی بەجێ بهێنێت، ئەوەش لێپێچینەوەی بڕیاردەران و فەرماندە سەربازییەکان قورس و دژوار دەکات و ڕێگە نادات بەرپرسیارێتیی کردەوەکانیان هەڵگرن، هیچ دامەزراوەیەک بەبێ لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی لەسەر هەموو ئاستەکانی کارکردن، ناتوانێت بە لێهاتوویی کار بکات. دواجار، گەر سیاسەتی شکستخواردوو بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بمێنێتەوە، ئیدی زەحمەت دەبێت گفتوگۆیەکی بەسوود دەربارەی هۆیەکانی هەڵەکە و ڕێوشوێنی کاریگەر و سەرکەوتوو بکرێت، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ئەو هەڵەیە دووبارە نەبێتەوە". لێرەوە لەوە تێدەگەین کە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی حوکمڕانیی خۆماڵیدا و دوای دەیان شکست، کەچی کەسە لێنەهاتوو و شکستخواردووەکان لە شوێنە هەستیارەکانی خۆیاندا ماونەتەوە و شکستەکانیش بەردەوام گەورەتر و بەسوێتر دەبن.
دواجار پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ نەفرەتکردن لە درۆ و درۆزن چڕ بکرێنەوە، کەس ڕازی نەبێت درۆی لەگەڵدا بکرێت و خۆیشی درۆ لەگەڵ کەسدا نەکات، لە هەمان کاتیشدا هەموو پێکەوە ڕازی نەبین دەسەڵاتداران بە درۆکانیان فریمان بدەن و ئایندەی ئەم وڵاتە زیاتر بخەنە مەترسییەوە.