شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی یاسایی بێپێشینەدا، یاساناسان هۆشداریدەدەنە حکومەت کە ڕاگرتنی پشوی 9ی نیسان بەپۆستێکی فەیسبوک نەک هەر هیچ هێزێکی یاسایی نییە بۆ سزادانی فەرمانبەران، بەڵکو بهگوێرهى مادەی 329ی یاسای سزادانی عێراقی، دەبێت ئەو لایەنە حکومییەی بڕیارەکەی دەرکردوە یان سەرۆکی حکومەت ڕوبەڕوی سزا ببێتهوه بەتۆمەتی پەکخستنی یاساکانی پەرلەمان، پارێزهرێكى ڕاوێژكاریش دهڵێت، "ئهگهر سبهێنى فهرمانبهران نهچنه دهوام، هیچ هێزێكى یاسایی نییه لێپێچینهوهیان لهگهڵدا بكات".
لەوەرچەرخانێکی بێپێشینەدا، بڕیاری ڕاگرتنی پشوی فەرمیی (9ی نیسان) لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، تەنها وەک سڕینەوەی پشویەک نەبینرا، بەڵکو لەلایەن یاساناسانەوە وەک تاوانێکی یاسایی پۆلێندەکرێت کە دەکرێت لێپێچینەوەی قورسی بەدوادابێت.
"سەرۆکی حکومەت یان لایهنى بڕیاردهر دەبێت سزابدرێت"
ئومێد حەمەڕەشید جاف پارێزەری ڕاوێژکار لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس، پەردە لەسەر ڕاستییەکی یاسایی مەترسیدار لادەبات، ئەو جەختدەکاتەوە، "ئەگەر سەرۆکی حکومەت یان هەر کەسێکی دیکە ئەم بڕیارەی دابێت، ئەوا بهگوێرهى یاسای سزادانی عێراقی تاوانێکی گەورەی ئەنجامداوەو دەبێت سزابدرێت".
وهكو ئومێد جاف دهڵێت، "ئەم هۆشدارییە یاساییە پشتئەستورە بەمادەی 329ی یاسای سزادانی عێراقی، کە دەڵێت، سزادەدرێت بەبەندکردن (الحبس)و غەرامە، هەر فەرمانبەر یان بەرپرسێک کە پلەو پۆستەکەی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتن یان پەکخستنی جێبەجێکردنی یاساکان، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، کاتێک پەرلەمان یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2003ی دەرکردوە، حکومەت چۆن دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، کارکردن بەو یاسایە ڕابگرێت؟، لهكاتێكدا حكومهت دهبێت یاسا جێبهجێبكات نهك یاسا ڕابگرێت".
بڕیارێکی بێ ناسنامەو پێنج ڕوکنە ڕوخاوەکە
ئەو پارێزەرە ڕاوێژكاره ئاماژە بەوەدەکات، بڵاوکراوەکەی فەرمانگەی میدیاو زانیاریی تەنانەت مەرجە سەرەتاییەکانی بڕیاری کارگێڕیشى تێدانییە، چونكه وهكو ئهو دهڵێت، "لەڕوانگەی زانستی یاسای کارگێڕییەوە، هەر بڕیارێکی حکومەت دەبێت پێنج پایەی هەبێت بۆ ئەوەی شەرعی بێت، بەڵام بڕیارەکە لەزۆربەیان ترازاوە.
ئەو پارێزەرە زیاتر لهوبارهیهوه ڕونكردنهوهى خستهڕوو وتى، بڵاوکراوەکەی ئهمڕۆى میدیاو زانیاریی مەرجەكانى بڕیاری کارگێڕیی تێدا نییە، چونکە:
ڕوکنی پسپۆڕی: کێ بڕیارەکەی داوە؟ فەرمانگەیەکی ڕاگەیاندن دەسەڵاتی یاسایی نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای پەرلەمان.
ڕوکنی شێوە: بڕیارێکی ئیداریی نابێت بە"پۆستی فەیسبوک" بێت؛ دەبێت نوسراوی فەرمی، ژمارەو واژۆی لایەنی بەرپرسی پێوەبێت.
ڕوکنی بابەت: بابەتەکە (ڕاگرتنی پشوو) خۆی نایاساییە، چونکە پێچەوانەی یاسایەکی بەرکارە کە هێشتا لەپەرلەمان نەسڕاوەتەوە.
ڕوکنی هۆکارو ئامانج: کاتێک هۆکارێکی واقیعی (وەک باری نائاسایی) نەبێتو ئامانجەکە تەنها بێبەشکردنی فەرمانبەر بێت لەمافێکی یاسایی، بڕیارەکە لادانە لەدەسەڵات.
پارێزبەندیی بۆ فەرمانبەران لەدادگای کارگێڕیی
پەیامی کۆتایی ئومێد حهمهڕهشیدبۆ فەرمانبەران بوو جهختیكردهوه، "ئەگەر سبەینێ فهرمانبهران نەچنە دەوام، هیچ هێزێکی یاسایی ناتوانێت سزایان بدات، چونکە لەبەردەم دادگای کارگێڕیدا، پۆستێکی فەیسبوک نابێتە بەڵگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی پەرلەمان، هەر بەرپرسێکیش غیاب بدات یان سزای فەرمانبەر بدات، خۆی دەکەوێتە ژێر باری لێپێچینەوەی مادەی 329ی یاسای سزادانى عێراقیهوه".
ئەم پرسە ئێستا لەپشویەکی سادەوە گۆڕاوە بۆ تاقیکردنەوەی سەروەریی یاسا؛ ئایا لەهەرێمی کوردستان فەرمانی کەسییو پۆستی فەیسبوک لەسەروی یاساو دادگاکانەوەیە، یان یاسا دەتوانێت بەرپرسانی باڵا ڕاپێچی لێپێچینەوە بکات؟.
