شارپرێس:
دوای بڕیارێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق، ئاسمانی وڵات بەڕوی جوڵەی فڕۆکەوانیدا کرایەوەو فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دەکەن.
دیلان ڕەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لەسەر بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی، بڕیاردرا بەکردنەوەی ئاسمانی عێراقو هەرێمی کوردستان بەڕوی گەشتە ئاسمانییەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی خەریکی ئامادەکارین بۆ ڕێکخستنەوەی خشتەی گەشتی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیو پێشبینیدەکرێت، لەماوەی 72 کاتژمێردا فڕۆکەخانەکان بەتەواوی ئامادەبن بۆ پێشوازیکردن لەگەشتیاران.
هاوکات، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانو ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لەسلێمانی پشتڕاستیکردەوە، ئاگادارییەکی فەرمییان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقەوە پێگەیشتوە.
بهگوێرهى ئاگادارییەکە، لەمڕۆوە 8ى 4ى 2025 ئاسمانی عێراق کراوەیەو هێڵە ئاسمانییەکان دەتوانن دوای ڕێکخستنەوەی خشتەکانیان، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێبکەنەوە.
ئهمهش هاوكاته لهگهڵ ئهوهى، ئهمڕۆ بەنگین ڕێکانی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بەوەکالەت، ڕایگەیاند، لەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەوە گەشتە فڕۆکەوانییەکانی عێراق بەفەرمی دەستپێدەکەنەوەو چاوەڕواندەکرێت لەچەند کاتژمێری داهاتودا هێڵە ئاسمانییە جیاوازەکان خشتەی نوێی گەشتەکانیان بۆ گەشتیاران ڕابگەیەنن.