شارپرێس ـ چاوه‌ڕوان مه‌حمود:
له‌نێوان هیوای گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو هۆڵهكانو سێبه‌ری درێژبونه‌وه‌ی قه‌یران؛ وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه چاره‌نوسی پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌خاته به‌رده‌م بڕیاره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی ژووری ئۆپهراسیۆنو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌م دوو هه‌فته‌یه وێستگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانه بۆ دۆخی ئاسایی".
د.ئارام محه‌مه‌د وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ شارپرێس په‌رده‌ی له‌سه‌ر ئه‌و نادیارییه لادا كه ڕوی له‌پڕۆسه‌ی خوێندنى كۆتایى ئه‌مساڵ كردوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "هه‌رچه‌نده ئومێدێكی زۆر هه‌یه ئه‌م دوو هه‌فته‌یه ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئاساییبونه‌وه‌ی ژیانی داموده‌زگاكان، به‌ڵام هێشتا چاره‌نوسی خوێندكاران لهگیرۆدهیی بڕیارێكی چاوه‌ڕوانكراودایه".
وه‌زیرى خوێندنى باڵا ئه‌وه‌شى وت، "وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌ته‌نها بڕیارده‌ر نییه، به‌ڵكو هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ژوری ئۆپه‌راسیۆنی حكومه‌تی هه‌رێمن، ئه‌و ژوره‌ی كه پێشتر به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی قه‌یرانه‌كه‌وه پشتی به‌خوێندنی ئۆنلاین به‌ستبوو، ئێستا له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێدایه، له‌كاتژمێره‌كانی داهاتودا، كۆبونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى ژوره‌كه ئه‌نجامده‌درێت".
ئه‌وه‌شى وت، "بڕیاری كۆتایی، كه بڕیاره له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی مهترسییهكانو دورو نزیكی ڕوداوه‌كان بدرێت، ده‌بێته وێستگه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ هه‌زاران خوێندكار‌و مامۆستا".
ئێستاش هه‌موان به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕێی ئه‌و سپێده‌یه ده‌كه‌ن كه تێیدا ڕابگه‌یه‌ندرێت، ئایا هۆڵه‌كانی خوێندن ده‌رگاكانیان واڵا ده‌كه‌نه‌وه، یان ته‌كنیك‌و شاشه‌كان وه‌ك ته‌نها پردی په‌یوه‌ندیی ده‌مێننه‌وه؟.
