شه‌ڕ ده‌ستپێكرده‌وه‌.. ئێران ئیمارات‌و کوەیت دەکاتە ئامانج‌و ئیسرائیلیش قوڵایی خاکی ئێران دەهەژێنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 13696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕوانی هێوربونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران بوو، بەیانی ئەمڕۆ نەخشەی ململانێکان گۆڕانکارییەکی دراماتیکی بەخۆیەوە بینیی، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، زنجیرەیەک هێرشی موشەکیی‌و درۆنی، ئاسمانی وڵاتانی کەنداویان تەنی‌و شەڕی سێبەری نێوان جەمسەرەکان گۆڕا بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆی مەترسیدار.


سوپای کوەیت ڕایگەیاند، لەکاتژمێر 8ی بەیانییەوە، بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانیان داوەتەوە کە تێیدا 28 درۆنی ئێرانی بەکارهێنراوە. هاوکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیمارات بۆ چەندینجار چالاککرایەوە بۆ تێکشکاندنی ئەو موشەکە بالیستیانەی کە ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە کرابون.

میدیا ناوخۆییەکانی ئیمارات پشتڕاستیانکردەوە، هەندێک لەموشەکەکان ئامانجەکانیان پێکاوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی توندی تاران لێکدەدرێتەوە دوای ئەوەی ئیماراتی تۆمەتبارکرد بەهاوکاری سەربازیی بۆ هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل.

لەبەرامبەردا، ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەکی گەورە لەپاڵاوگەی نەوتی (لاوان) ڕویداوە، هەرچەندە تاران هەوڵی شاردنەوەی هۆکارەکەی دەدات، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا بەڕاشکاوی ئاماژە بەوەدەکەن، ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشیکردوەتەوەسەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئێران، ئەمەش پەیامێکی ڕونە بۆ پەکخستنی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە.

خاڵە هەرە جێگەی سەرنجەکە لەم قەیرانەدا، لێدوانی چاودێرانە لەسەر ئەوەی کە ئایا تاران توانای کۆنترۆڵکردنی هەموو یەکە سەربازییەکانی خۆی ماوە؟ گومانەکان بەرەو ئەوە دەچن کە هەندێک لەهێرشەکان بەبێ هەماهەنگی ناوەندی ئەنجامدرابێت، یان ئێران دەیەوێت بەمشێوازە خۆی لەبەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بدزێتەوە.

ئەم پەرەسەندنە نوێیانە نەک هەر ئاگربەستەکەیان هەڵوەشاندەوە، بەڵکو ناوچەکەیان خستەسەر لێواری جەنگێکی گشتگیر، ئێستا چاوەکان لەسەر واشنتۆنن؛ ئایا ئەمریکا بەفەرمی دەستوەردان دەکات بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی لەکەنداو، یان گەمەی مان‌و نەمان لەنێوان تاران‌و تەلئەبیب بەردەوامدەبێت؟.

بەپەلە