هورمز، ئەتۆم‌و پاسداران.. سێگۆشە ترسناکەکەی واشنتۆن بۆ گەمارۆدانی تاران

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 698 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئاسۆیەکی ڕون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، سیناریۆکانی واشنتۆن بەرەو تاران توندتر دەبن، جۆناتان واتشێل ڕاوێژکاری پێشوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نەخشەڕێگه‌یەکی مەترسیدار بۆ چارەنوسی ئێران دەکێشێت، نەخشەیەک کە تێیدا (هودنەی 45 ڕۆژە) دواین هەناسەیە پێش هەڵگیرسانی بڵێسەیەک کە ڕەنگە ژێرخانی ئابوریی تاران ڕاماڵێت.


ئاگربه‌ست.. دەرفەتی ڕزگاربون یان تەڵەی جەنگ؟
واتشێل ئاماژە بەوەدەکات، پێشنیازی ئاگربه‌ستى 45 ڕۆژە، دەروازەیەکی کاتییە بۆ دورکەوتنەوە لەجەنگێکی گشتگیر، بەڵام هۆشداریدەدات کە ئەگەر تاران ئەم دەرفەتە نەقۆزێتەوە، واشنتۆن بەرەو بژاردەی (پێکانە کوشندەکان) دەچێت، ئەمجارە ئامانجەکان تەنها سەربازیی نابن، بەڵکو پردو وێستگەکانی وزەو جومگە زیندوەکانی ئابوریی ئێران دەبنە نێچیری فڕۆکە ئەمریکییەکان.

نەشتەرگەریی سەربازیی‌و سێبەری پاسداران
ئەمریکا لەم قۆناغەدا بە"نەشتەرگەرییەکی وردی سەربازیی" بیردەکاتەوە، پلانەکەش ڕونەو بریتیه‌ له‌لێدانی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداراندان، واشنتۆن دەیەوێت بەمە دوو نیشانە بشکێنێت؛ یەکەمیان، لاوازکردنی قەڵغانی سەربازیی ڕژێم‌و دوەمیش، نیشاندانی ئەوەی کە جەنگی ئەمریکا لەگەڵ "سیستەمە" نەک "گەل"، بەڵام واتشێل هۆشداریی لەلایەنە پێچەوانەکە دەدات‌و ده‌ڵێت، "هەر هەڵەیەک کە ببێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل، دەبێتە سوتەمەنیی بۆ یەکگرتنەوەی گەلی ئێران لەدەوری حکومەتەکەیان، ئەمەش ئەو سیناریۆیەیە کە واشنتۆن وەک ژەهر لێی دەترسێت".

ئەتۆم‌و هورمز.. هێڵە سورەکان نێودەوڵەتین
دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەدیدی واشنتۆنەوە سازشی لەسەرناکرێت، واتشێل دەڵێت، "ئەو یۆرانیۆمە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کەنداوو ئەوروپا".

باس له‌وه‌شده‌كات، "واشنتۆن دەزانێت ئێرانێک کە چەکی ئەتۆمی لەپشت بێت، دەتوانێت بەئاسانی گه‌روى هورمز وەک چەکێکی کوشندە دژی جیهان بەکاربهێنێت، ئەم مەترسییە تەنها لەتاراندا کۆنابێتەوە، بەڵکو تۆڕی بریکارەکانی ئێران لەعێراق، یەمەن‌و لوبنان، وەک بازنەیەکی ئاگرین دەوری ناوچەکەیانداوە.

گەلێک لەنێوان بەرداشی ئابوریی‌و ململانێی سیاسیی
لەکۆتایی ئەم تابلۆ تەمومژاوییەدا، گەلی ئێران قوربانیی یەکەم‌و کۆتایین، واتشێل بەخەمبارییەوە باس لەو گەلە دەکات کە دەیان ساڵە لەژێر فشاری قورسدا دەژین، ئه‌و ده‌ڵێت، "ئێستا ئێران لەبەردەم دوڕیانێکی مێژوییدایە، یان ڕێککەوتنێکی نوێ کە مەرجی قورسی ئەمریکای تێدایە، یان ڕوبەڕوبونەوەیەک کە ڕەنگە نەخشەی سیاسیی‌و جوگرافیی ناوچەکە بۆ هەمیشە بگۆڕێت".