شارپرێس:
لەنوێترین دەرکەوتنی میدیاییدا لەکۆشکی سپی، ئهمشهو دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی تێکەڵ لەپشتگیرییو هۆشداریی ئاراستەی کوردانی ناوچەکە کرد، ترهمپ لەکاتێکدا جەختی لەپتەویی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هۆشدارییەکی توندیشیدا لەهەر جوڵەیەکی سەربازیی کورد بەرەو ناوخۆی خاکی ئێران.
هەرێمی کوردستان.. هاوبەشێکی جێی متمانە
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەگەڕانەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، ترهمپ بەزمانێکی پڕ لەستایشەوە قسەیکردو وتی، "من پێشبینی ئەمەم دەکرد، پەیوەندییەکانم لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لەهەرێم لەئاستێکی باشدایەو ئەم هەنگاوە ئابورییەی هەرێم بەبەشێک لەو متمانەو هاوکارییە نێودەوڵەتییە دادەنێت کە چاوەڕوانی لێدەکرێت".
ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لەنێوان پاراستنو مەترسیدا
بەشێکی دیكهى لێدوانەکانی ترهمپ تایبەتبوو بەکوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، کە دەیەوێت کورد پارێزراوبێتو نایەوێت بکوژرێن، ئەم گوزارشتە وەک جۆرێک لەگەرەنتیی مرۆییو سیاسیی لێکدەدرێتەوە، بەڵام هاوکات مەرجێکی قورسیشی لەپشتە.
هۆشدارییەکی توند.. "بەرەو ئێران مەچن"
ترهمپ بەشێوازێکی بڕیارنەدەرانە هۆشداریدایە هێزە کوردییەکان کە خۆیان لەهەر ململانێیەکی چەکداریی لەناوخۆی ئێران بەدوربگرن، ئەو وتی، "نامەوێت کورد دەست بەجوڵە بکەنو بچنە ناو خاکی ئێران، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی مەرگی خۆیان".
ئەم قسانەی ترهمپ چەند ڕەهەندێکی گرنگی سیاسیی لەخۆدەگرێت، لهلایهك پاراستنی هاوسەنگی بوو، واته ئەمریکا نایەوێت کورد وەک کارتی شەڕ لەناوخۆی ئێراندا بەکاربهێنرێت کە ڕەنگە تێچوە مرۆییەکەی بۆ کورد گەورەبێت، هاوكات پەیوەندیی ستراتیژیش بینرا، ترهمپ جەختیكردهوه، کورد هاوپەیمانی ئەون، بەڵام لەچوارچێوەی ئەو نەخشەیەی کە واشنتۆن بۆ ناوچەکەی دەکێشێت.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەسەر پشکۆی ئاگری گرژییەکانی نێوان واشنتۆنو تارانە، پەیامەکەی ترهمپیش ڕونبوو، پشتگیریی بۆ ئابورییو قەوارەی هەرێمو هۆشداریی مانو نەمان بۆ هەر جوڵەیەکی سەربازیی بەرەو ڕۆژهەڵات.
