سوپای ئیسرائیل بەچڕی فڕۆکەخانەکانی ئێران بۆردومان دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هێرشی ئاسمانی شەوانەیان ئەنجامداوە و سێ فڕۆکەخانەی تارانیان کردووەتە ئامانج و پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەیەک فڕۆکە و هەلیکۆپتەری ئێرانی لێیاندراوە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، دەیان فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل فڕۆکە و دامەزراوە سەربازییەکانیان لە فڕۆکەخانەکانی تاران لەوانە بەهرام، مێهراباد لە ناو پایتەختی ئێران بۆردومان کردووە.

 

دەشڵێت، یەکێک لەفڕۆکەخانەکان وەک ناوەندی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران بۆ گواستنەوەی چەک و پارە بۆ گرووپه هاوپەیمانەکانی ناوچەکە بەکار دەهێنرێت.

سوپای ئیسرائیل دەشڵێت: ئەم هێرشانە "بەئامانجکردنی توانا ئاسمانییەکانی ئێران زیاتر دەکەن".