شارپرێس:
دەریای ناوەڕاست جارێکی دیکە بوەوە بەگۆڕستانێکی بێدەنگ؛ ئەمجارەیان پشوی جەژنو گوێپێنەدانی تیمەکانی فریاکەوتن، 105 کۆچبەریان ڕوبەڕوی چارەنوسێکی ڕەش کردەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 مرۆڤ لەقووڵایی ئاوەکاندا ونبونو تەنها چەند کەسێکی کەم وەک شایەدی ئەو تراژیدیایە بەزیندویی مانەوە.
کۆمەڵکوژییەکی بێدەنگ لەسایەی پشتگوێخستنی نێودەوڵەتیدا
لەکاتێکدا جیهانی ڕۆژئاوا سەرقاڵی پیرۆزکردنی جەژنی "ئیستەر"و کاتبەسەربردن بون، لەپەراوێزی شەپۆلە کڕەکانی دەریای ناوەڕاستدا، تراژیدیایەکی دیکەی مرۆیی ڕویدا کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت، بەلەمێکی کۆچبەران کە خەونی گەیشتن بەکەناراوە ئارامەکانی ئەوروپای هەڵگرتبوو، بوو بەتابوتێکی دارین بۆ دەیان گەنجو خێزان.
وردەکاریی کارەساتەکە
بهگوێرهى زانیارییەکانی ڕەنج پشدەریی چالاکوانی مافەکانی کۆچبەرانو ڕێکخراوی (میدیتێرانیا سایفینگ هیومنز)، بەلەمەکە کە لەکەناراوەکانی لیبیاوە بەڕێکەوتبوو، 105 سەرنشینی لەسەر بوە، لەناوەڕاستی دەریاداو بەهۆی نالەباری کەشوهەواو خراپی کوالێتی بەلەمەکە، هاوسەنگی لەدەستداوەو نقوم بوە.
ئەنجامە بەراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم 70 کۆچبەر لەناو شەپۆلەکاندا بێسەروشوێننو مەترسی خنکانی یەکجارییان لێدەکرێتو تەرمی دوو کۆچبەریش دۆزراوەتەوە، تەنها 33 کەس بەشێوەیەکی سهرسوڕهێنهر لەمردن ڕزگارکراون، کە زۆربەیان لەلایەن کەشتییە بازرگانییەکانەوە هاوکاریکراون نەک تیمە فەرمییەکان.
جەژن یان بێباکی؟
ئەوەی ئەم ڕوداوە پڕ ئازارتر دەکات، تۆمەتبارکردنی تیمەکانی فریاکەوتنە بەکەمتەرخەمی، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن، بەهۆی پشوەکانی جەژنی ئیستەرەوە، وەڵامدانەوەی تیمە فەرمییەکان بۆ بانگەوازەکانی فریاکەوتن یەکجار خاو بوە، ئەم بێدەنگیو خاوەییەی تیمەکانی فریاکەوتن وایکردوە دەیان مرۆڤ کە چاوەڕێی دەستێکی ڕزگارکەربون، بۆ هەمیشە لەناو قوڵایی دەریادا نوقم بن.
شۆکی تیمە مرۆییەکان
تیمەکانی فریاکەوتنی ناحکومی دەڵێن، "توشی شۆکبوین کاتێک بۆمان دەرکەوت لەکاتێکدا هەموان خەریکی جەژن بون، ئەم هەموو کۆچبەرە لەبێدەنگیدا خنکاون"، دوای کۆتاییهاتنی جەژنەکە، فڕۆکە جەنگیو دەریاوانییەکان تەنها توانیویانە پاشماوەی کارەساتەکەو ژمارەیەکی کەم لەڕزگاربوان بدۆزنەوە.
کۆتاییەکی نادیار
ئەم کارەساتە نوێیە، جارێکی دیکە ئەو پرسیارە دەوروژێنێتەوە، تا کەی دەریای ناوەڕاست ببێتە گۆڕستانی خەونەکانو تا کەی سیاسەتی پشتگوێخستن لەبەرامبەر گیانی کۆچبەران بەردەوامدەبێت؟ لەئێستادا دەیان خێزان لەنیشتمانی دایک چاوەڕێی هەواڵێکی ڕۆڵەکانیانن، هەواڵێک کە ڕەنگە هەرگیز نەگات، یان بەتەرمێکی سارد کۆتایی بێت.
