ئێران له‌باره‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر سه‌نته‌رى شارى سلێمانى په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 11171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین‌و توندترین لێدوانیدا، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسلێمانی، پەیامێکی ڕون‌و بێ پەردەی ئاراستەی ناوچەکەو جیهان کرد، میر حوسه‌ینى ڕایگەیاند، "خاکی هەرێمی کوردستان‌و عێراق نابێت ببێتە حەشارگەی نەیارانی وڵاتەکەی، ئەگەرنا، هەر شوێنێک مۆڵگەی ئەمریکاو ئیسرائیل بێت، دەبێتە ئامانج".


لەکاتێکدا کونسوڵی ئێران جەختی لەپەیوەندییەکی مێژویی‌و دێرین لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام هاوکات هێڵێکی سوری نوێی کێشا، ئەو دەڵێت، "هێرشەکانی وڵاتەکەم دژایەتی هەرێم نییه‌، بەڵکو وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆن‌و هێزە دەرەکییانەی کە خاکی هەرێم بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران بەکاردەهێنن".

یەکێک لەخاڵە هەرە هەستیارەکانی لێدوانەکەی میر حوسه‌ینى، ئاشکراکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بوو لەپشت پەردەوە، کونسوڵی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی لەڕێگەی عومانەوە سەرقاڵی دانوستان بوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام لەوکاتەدا هێرشکراوەتەسەر ژێرخانی مەدەنی‌و دامەزراوە گشتییەکانی ئێران، "ئەمەش مافی وەڵامدانەوەمان پێده‌دات".

لەکاتێکدا کونسوڵه‌كه‌ى ئێران له‌سلێمانى باس لەدۆستایەتی دەکات، بەڵام سێبەری موشەک‌و درۆنەکان هێشتا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەوە دیارن، ئەم لێدوانانەش شەپۆلێکی نیگەرانیی لای هاوڵاتیان‌و چاودێرانی سیاسی دروستکردوە، ئه‌وان پرسیار ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێن، ئایا سلێمانی‌و هەرێمی کوردستان دەبنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان؟.

ئێستا هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ هاوسەنگکردنی پەیوەندییە مێژوییەکانی لەگەڵ دراوسێیەکی بەهێزی وەک ئێران‌و پاراستنی سەروەریی خاکەکەی لەو ململانێیانەی کە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا نییە.