ترەمپ هەڕەشەی گۆڕینی ئێران بۆ دۆزەخ دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1372 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەیامێکی تونددا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی کۆتایی‌ ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، ترەمپ ڕۆژی سێشەممەی داهاتوی وەک (ڕۆژی وێستگەکانی کارەباو پردەکان) ناوبردوه‌، ده‌شڵێت، "ئێران بەرەو وێرانکارییەکی سەخت هەنگاو دەنێت ئەگەر دەستبەجێ گەروی هورمز نەکاتەوە".


ترەمپ بەزمانێکی زۆر توند ڕوو لەسەرکردەکانی ئێران دەڵێت، "یان گەروەکە بکەنەوە، یان چاوەڕوانی ژیان بن لەناو دۆزەخدا!".

سه‌رۆكى ئه‌مریكا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ڕۆژی سێشەممە لەئێران دەبێتە ڕۆژی وێستگەی کارەباو ڕۆژی پرد کە هەردوکیان لەیەک ڕۆژدا کۆدەبنەوە، هیچ شتێکی هاوشێوەی ئەوەنابێت گەروى هورمز بکەنەوە ئەی گەمژە تێکچوەکان، ئەگەرنا لەناو دۆزەخدا دەژین، تەنها تەماشا بکەن! سوپاس‌و ستایش".

پەیامەکە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژێرخانی ئێران (وێستگەکانی کارەبا و پردەکان) ئەگەر بێت و گەرووی هورمز نەکەنەوە.

چاودێران پێیانوایه‌، ئەم هەڕەشەیە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە سوپای ئەمریکا ئامادەکاریکردوە بۆ تێکشکاندنی تەواوی ژێرخانی وزەو گواستنەوەی ئێران کە دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوی ژیانی مەدەنی لەو وڵاتەدا.

وه‌كو چاودێران ده‌ڵێن، ئەم پەیامە تەنها هەڕەشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بازاڕەکانی نەوتی جیهانیش توشی شڵەژان ده‌كات‌و ترسێکی گەورەشی لەهەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لەناوچەکەدا دروستده‌كات.

شرۆڤه‌كاران باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، کاتژمێری ژماردنی پێچەوانە بۆ سێشەممە دەستیپێکردوەو جیهان بەهەناسەبڕکێوە چاوەڕێی کاردانەوەی تاران دەکات.