شارپرێس:
لەپێشهاتێکدا لەگوندەواری شاری حمصو بەتایبەت لەناوچەی ستراتیژیی "زارە"، هێزەکانی فیرقەی 62ی سەر بەوەزارەتی بەرگریی سوریا، دیمەنێکی جیاوازیان خوڵقاند، ئەم هێزانە کە لەژێر فەرماندەیی عەمید محەمەد جاسم (ئەبو عەمشە)دان، لەناو جەرگەی ناوچەکەداو لەچالاکییەکی مەیدانیدا، بەیەکدەنگ هوتافی (خەیبەر خەیبەر یا یەهود.. جەیشی محەمەد سەوفە یەعوو)یان کێشا بەئاسمانی ناوچەکەدا.
ئەم دروشمە تەنها هوتافێکی ئایینی نییە، بەڵکو لەمکاتە هەستیارەدا وەک پەیامێکی سیاسییو سەربازیی توند دەبینرێت بەرەو ڕوی ئیسرائیل، نیشاندانی ئامادەیی ئەم هێزە نوێیەیە بۆ هەر ڕوبەڕوبونەوەیەک.
پێگەی فیرقەی 62، ئەم فیرقەیە کە وەک هێزێکی نوێو کاریگەر لەناو سوپای سوریادا دەرکەوتوە، بەم هەنگاوە دەیەوێت ناسنامەی خۆی وەک هێزێکی عەقیدەییو نیشتمانی لەناوچە سنورییەکانو دەوروبەری حمص بچەسپێنێت.
دیمەنی ئەو خۆپیشاندانە سەربازییە لەزارە، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوەو وەک نیشانەیەک بۆ گۆڕانی جۆریی لەگوتاری سەربازیی ئەو ناوچانە لێکدەدرێتەوە.
ئەم جوڵەیەی فیرقەی 62، ئاماژەیەکی ڕونە کە ناوچەی گوندەواری حمص لەبەردەم قۆناغێکی نوێی پڕچەککردنو ئامادەباشیدایە، کە تێیدا ڕەهەندە مەزهەبیو نەتەوەییەکان ئاوێتەی کاری سەربازیی دەکرێن.
