ئیسرائیل دۆسیەیەکی سیخوڕیی مەترسیداری ئێرانی لەوڵاتەکەی ئاشکرا دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردۆتەوە کە دوو گەنجی تەمەن 20 و 25 ساڵانی دانیشتووی شاری مۆدیعین عیلیت، کە یەکێکیان خوێندکاری قوتابخانەیەکی ئایینیی جووە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیر کران. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەم دۆسیەیە کاتێک ئاشکرا بوو کە یەکەی لێکۆڵینەوەی ناوەندی پۆلیس خەریکی لێکۆڵینەوە بوون لە تاوانێکی ئابووری و تێبینی گواستنەوەی پارەی گوماناوییان کردووە بۆ ناو جزدانە دیجیتاڵییەکانی ئەم دوو گەنجە.

هەروەک ئەوەش هاتووە:  لە سەرەتادا، سیخوڕە ئێرانییەکە خۆی وەک ئەندامی "یەکەی 28000" ناساندووە و داوای شوێنی ڕادارەکان، بڵاوبوونەوەی هێزەکان و سەکۆکانی گومەزی ئاسنی لێ کردوون.
باسی لەوەشکردووە کە ئەم دوو گەنجە لە کاتی کارەکانیاندا وێنەی وەزیر ئیتامار بن غفیریان لە کاتی گەشتەکانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ لایەنە ئێرانییەکان ناردووە، کە ناوی ناوبراو چەندین جار لە ئەرکە سپێردراوەکانیاندا هاتبوو.

لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، تۆمەتباران بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە تەنها بۆ دەستکەوتنی پارەیەکی ئاسان ئەم کارەیان کردووە و لە بەرامبەر هەموو ئەم خزمەتانەدا تەنها نزیکەی 1000 دۆلاریان وەرگرتووە.

 هاوکات شاباک و یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن لە دۆسیەیەکی تری سیخوڕیی مەترسیدارتر کە ژمارەیەک تۆمەتبار تێیدا تێوەگلاون و بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا لائەیی تۆمەتیان ئاراستە بکرێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی