هه‌واڵێكى گرنگ بۆ موچەخۆران.. وادەی ناردنی موچەی مانگی سێ ئاشکراده‌كرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکی پارتی لەبەغدا له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ هه‌واڵێكى خۆش دەداتە فەرمانبەرانی هەرێم‌و ڕایدەگەیەنێت، سودانی بەڵێنیداوە لەم هەفتەیەدا کۆتایی بەکێشەی موچەی مانگی سێ بهێنێت‌و پارەکە ڕەوانە بکات.


شێروان دوبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەبه‌غدا لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند، "لەکۆبونەوەی وەفدی پارتی كه‌ فازڵ میرانى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵێنی پێداوین کە هەر لەم هەفتەیەدا موچەی مانگی سێی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکات، بۆیە بەدڵنیاییەوە لەچەند ڕۆژی داهاتودا موچە دەگات".

سەبارەت بەكێشه‌ى 120 ملیار دینارەکەو ناکۆکییەکانی وەزارەتی دارایی، دوبەردانی ئاشکرایکرد کە تەیف سامی جەختیکردوه‌تەوە، هەرێم هەموو ڕێکارەکانی تەواوکردوەو تەنها ئەو بڕە پارەیە ماوە، بەڵام وەزیری دارایی گڵۆپی سەوزی بۆ ناردنی موچە هەڵکردوەو وتویه‌تى: پابەندی بڕیاری سەرۆک وەزیران دەبێت‌و هەر کاتێک بڵێن موچە بنێرە، ڕەوانەی دەکات.

دوبەردانی ئاماژەی بەخاڵێکی گرنگداو وتی، "بەهیچ شێوەیەک داهاتی سەرجەم مەرزەکانی عێراق نەگەیشتوەتە 320 ملیار دینار، ئیتر چۆن دەبێت داوای 120 ملیار تەنها لەهەرێم بکرێت، بۆیە سودانی بەڵێنیداوە ئەم بابەتە بەهەند وەربگرێت‌و نەیکاتە ڕێگر لەبەردەم موچەی خەڵک".

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ شارپرێس، ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە، دوای ئەوەی لەدوو ڕۆژی داهاتودا دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق کۆتایی دێت، ڕاستەوخۆ پرۆسەی ناردنی موچەی هەرێم دەستپێدەکات.

بەپەلە