شارپرێس:
لەنوێترین هێرشی ناڕاستەوخۆیدا بۆسەر سەرکردە ڕۆژئاواییەکان، دمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسای کردە ئامانجی گاڵتەجاڕییەکانیو ڕایگەیاند، پاریس لەترسی هێرشە زارەکییەکانی ترەمپ، خەریکە هەڵوێستە سیاسییەکانی دەگۆڕێت.
مێدڤێدێڤ لەپلاتفۆرمی (ئێكس) ئاماژەی بەوەکردوە، سوکایەتییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کاریگەرییەکی توندیان لەسەر دەرونی ماکرۆن جێهێشتوە.
بەوتەی ئەو، "ئەم فشارە وای لەماکرۆن کردوە بۆ یەکەمجار قسەی عاقڵانە بکاتو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران بەسەرکێشییەکی بێهودە ناو ببات".
ئەم گۆڕانکارییە لەتۆنی دەنگی فەرەنسا، لەلایەن مۆسکۆوە وەک نیشانەی درزى ناو ماڵی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا دەبینرێت، مێدڤێدێڤ پێیوایە ماکرۆن دەیەوێت لەڕێگەی ڕەخنەگرتن لەواشنتۆن، خۆی لەبەرەی پارێزەرانی سەقامگیریی جیهانی نیشانبدات، بەڵام چاودێران دهڵێن، لەڕاستیدا تەنها لەکاردانەوەی ترەمپ دەترسێت.
پیاوە بەهێزەکەی ڕوسیا تەنها بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو پێشبینییەکی تەنزئامێزی بۆ داهاتوی پەیوەندییەکانی پاریسو مۆسکۆ کردوە، مێدڤێدێڤ نوسیویەتی، "چاوەڕێبکەن تاوەکو ترەمپ زیاتر هێرشی بکاتەسەر، ڕەنگە ئەوکاتە ماکرۆن دان بەوەدابنێت کە ڕوسیا لەململانێی کیێڤدا ڕاستەو سزاکانی سەر مۆسکۆ بێسودن".
ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی ڕوسیا گرەو لەسەر ئەوەدەکات کە گەڕانەوەی ئەگەریی ترەمپ یان بەردەوامی هەژمونی ئەو، دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی یەکدەنگیی ئەوروپا بەرامبەر بەجەنگی ئۆکرانیا.
ئەم هێرشە نوێیەی مێدڤێدێڤ هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی جیاوازییەکی قووڵ لەنێوان ئەوروپاو ئەمریکا سەبارەت بەمامەڵەکردن لەگەڵ گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو جەنگی ئەگەریی نێوان واشنتۆنو تاران، فەرەنسا کە مێژویەکی لەسەربەخۆیی بڕیار هەیە، ئێستا هۆشداریدەدات کە پەلەکردنی ئەمریکا لەبەرەوڕوبونەوەی ئێران دەبێتە هۆی تێکچونی تەواوەتی سەقامگیریی جیهانی، ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە ڕوسیا دەیەوێت بۆ بێهێزکردنی بەرەی دژە-مۆسکۆ بەکاریبهێنێت.
لەکاتێکدا پاریس هەوڵدەدات وەک هاوسەنگەرێک دەربکەوێت، مۆسکۆ وێنەی ماکرۆن وەک سەرکردەیەکی ترسێندراو لەبەردەم هەڕەشەکانی ترەمپدا دەکێشێت، ئەمەش ململانێیەکی میدیاییو دیپلۆماسی نوێیە کە ڕەنگە لەڕۆژانی داهاتودا ئاڵۆزیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
