کورد وەک دوا بژاردەى یەکلایی کردنەوەى شەڕی ئێران!

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 31 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح
لە شەڕی مۆدێرندا ئیدی ئەوە پرسیارەکە نییە کە کێ خاوەنی هێزە؟ بەڵکو پرسیارەکە بووەتە ئەوەى کە کێ دەتوانێت شەڕەکە بباتە ناو خاکی دوژمنەکەیەوە؟
هەر ئەم گۆڕانکارییە ڕۆڵی کورد لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە ڕوون دەکاتەوە، بەڵام ئەوەى جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە کورد- کە وەک کارتێکى گوشار سەیر دەکرێت- ئەگەر هەیە ببێتە یەکێک لە قوربانییە دیارەکانی ئەم ستراتیژە.
لە پرۆکسیەوە بۆ قوماری جیۆپۆلەتیکی
لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە 28 شوباتی ٢٠١٦ لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، قۆناغێکی نوێ لە دروست بووندایە: هێرشە ئاسمانییەکان ئیدی ناتوانن شەڕەکان یەکلایی بکەنەوە؛ و بۆ ئەو کارە پێویستە بەرەی ناوخۆیی شەڕ بکرێتەوە. لێرەوە پرسی کورد دێتە ناو وێنەکەوە. بیرۆکەکە لە ڕووکەشدا سادەیە:
پاڵپشتیکردنی هێزە بەرهەڵستکارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ کردنەوەی بەرەیەکی زەمینی لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران و لاوازکردنی ڕژیم لە ناوەوە. بەڵام ئەم بیرۆکەیە لەسەر بنەمای مۆدێلێکی ناسراو لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دامەزراوە کە پێی دەوتریت شەڕى پڕۆکسییەکان واتە بەکارهێنانی هێزە ناوخۆییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان بەبێ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ. بەڵام مێژوو چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕێتەوە: ئەم شەڕانە بە دەگمەن پرسەکان چارەسەر دەکەن... بەگشتى شەڕەکان درێژ دەکەنەوە و قوربانییەکان زیاتردەکەن.
کورد وەک بەهێزترین بژاردە
هێزە بەرهەڵستکارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان خاوەن خاڵی بەهێزی بەرچاون لەوانە ئەزموونی درێژخایەنی شەڕی گەریلایی، بوونى جوگرافیایەکى سەخت بۆ درێژەدان بەشەڕ، پشتیوانى لە لایەن ئەمریکاوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکى گرنگ دەبنەوە: دابەشبوونی ناوخۆیی مێژوویی لایەنەکان، جیاوازى دیدگاکان، کەمی چەکی قورس و پشتبەستن بە پشتیوانی دەرەکی. بە واتایەکی تر: کورد توانای ئەوەی هەیە دەستکەوتى گەورە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەستەمە بتوانێت شەڕى ئەمریکاو ئیسڕائیل دژ بە ئێران یەکلایی بکاتەوە.
هەرێمى کوردستان و مانەوەى لەسەنگەرى بێلایەنى
ئەگەر پارتە بەرهەڵستکارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان نوێنەرایەتی ئامراز بکەن بۆ خستنى دەسەڵات لە ئێران، ئەوا هەرێمى کوردستان بەدەر لە ویستى خۆى نوێنەرایەتی سەنگەر دەکات. ئەمەش جەوهەری بابەتەکەیە، هەرێمى کوردستان هەر لەسەرەتاوە بە گوتار و بە کردار هەوڵیداوە بێلایەنی خۆى دەربخات، تەنانەت بە ڕاشکاوییش ڕایگەیاندووە کە نایەوێت ببێتە لایەنێک لە شەڕەکەدا، بەڵام لەبەرامبەر بەرزبوونەوەى ئاست و ژمارەى هێرشەکانى ئێران و لایەنگرەکانى لە عێراق دژ بە هەرێمى کوردستان، دۆخەکە بەرەو گۆڕان دەچێت. هەر لە سەرەتای شەڕەوە، هەرێم زیاتر لە 450 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى کراوەتە سەرو بنکە سەربازیی، ژێرخانی ئابووری، دامەزراوەی وزە و تەنانەت ناوچە مەدەنییەکانیشى بە ئامانج گرتووە و چەندین شەهید و بریندارى لێکەوتۆتەوە. بە واتایەکی تر: بێلایەنی ڕێگری لە ئامانجگرتن نەکردووە.
ستراتیژی ئێران، بەرپەەرچدانەوە لەڕێگەى ڕەتاندن 
ئەوەی ئێران دەیکات بەرامبەر بە هەرێم کاردانەوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو ستراتیژێکە لەسەر بنەمای لێدانی بەردەوامى هەرێم بە بەکارهێنانی چەک کەم تێچوو (وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، بەئامانجکردنی ئابووری (وێستەگەکانى نەوت و گاز)،  فشاری دەروونی لەسەر دانیشتووان بە ئامانجى نەوەک تەنها وەڵامدانەوە بەڵکو ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی هەرێم وەک بنکەیەک لە دژی ئێران. بە مانایەکى دیکە ئێران چاوەڕێی هەڕەشەکە ناکات... هەوڵدەدات پێشوەختە دەستدرێژى بکات و هێرش بکات بۆ ئەوەی پێشی پێبگرێت.
واشنتۆن و تەلئەبیب: یەک ئامانج... دوو دیدگای جیاواز
سەرەڕای هاوپەیمانییەکەى نێوانیان، جیاوازییەکی چارەنووسساز لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە، ئەمریکا دەیەوێت بە  ئەندازەیەک فشار بکات کە بتوانێت دواتر وڵاتەکە بەڕێوە ببات، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت بەتەواوى ئێران لەبەریەک هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم جیاوازییە ڕاستەوخۆ لە پشتیوانیکردن لە کورد لە ڕۆژهەڵات ڕەنگ دەداتەوە: پشتگیری سنووردار لەلایەن واشنتۆنەوە لە بەرامبەر بە هاندانێکى زیاتر لەلایەن  تەلئەبیبەوە، ئەنجامەکەی؟ کورد لە نێوان دوو ستراتیژی ناتەبادا گیری خواردووە.
گرفتى ڕاستەقینەی کورد، نەبوونى متمانە
ڕەنگە گەورەترین ئاڵنگارى ئەمڕۆى بەردەم کورد ئێران نەبێت، بەڵکو نادڵنیایی بێت. ئەزموونەکانی ڕابردوو - بە تایبەت لە سوریا - نادڵنیاییەکى قووڵیان بەجێهێشتووە: ئایا دەتوانرێت متمانە بە پشتیوانی ئەمریکا بکرێت؟ دەتوانرێت ئەمە بە دووڕیانێکی نەبوونى متمانە بە پشتیوانى ئەمریکا ناوزەد بکرێت، بەواتاى کارەکتەرێکی ناوخۆیی پشت بە پشتیوانی دەرەکی دەبەستێت بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک بۆ بەردەوامبوونی هەبێت.
ئایا کورد دەتوانێت ڕەوتی شەڕەکە بگۆڕێت؟
وەڵام نەخێرە بەڵام، لەبەر ئەوەى کورد بەتەنها ناتوانێت بە تەنها واقعێکى نوێ بسەپێنێت،  بەڵێ دەتوانن ئێران شەکەت بکەن، کەمە نەتەوایەتییەکانى دیکە هانبدەن و  گوشارى ناوخۆیی دروستبکەن. بە واتایەکی تر: کورد کلیلی سەرکەوتن نییە... بەڵکو ئامرازی فشارە.
لە کۆتادا کێ کێ بەکاردەهێنێت؟
لە کۆتاییدا پێدەچێت پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نەبێت کە ئایا کارتی کورد بەکاردێت؟ بەڵکو کێ کێ بەکاردەهێنێت؟
1.زلهێزەکان کورد وەک ئامرازی گوشار به کاردەهێنن.
2.کورد هەوڵ دەدات دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی مێژوویی.
3.ئێران هەرێم وەکو خاڵى بەرپەرچدانەوە بەکاردەهێنێت.

بەپەلە