شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی سیاسیی‌و سەربازیی بێوێنەدا، شاری دیمەشق بوە میوانداریی کۆبونەوەیەکی گرنگ‌و چارەنوسساز لەنێوان فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه)و مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا، ئەم دیدارە کە لەسەر داوای فەرماندەیی یه‌په‌ژه ڕێکخرابوو، هەنگاوێکی کردەیی بوو بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی 29ی کانونی دوەم لەنێوان حکومەتی سوریا‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
به‌گوێره‌ى ناوه‌ڕۆكى ڕاگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمانده‌یى یه‌په‌ژه كه وێنه‌یه‌كى لاى شارپرێسه، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە لەدەوری داهاتویەکی هاوبەش سوڕاوه‌ته‌وه.
ئه‌و وه‌فده‌ى یه‌په‌ژه كه دوێنێ چوارشه‌ممه چونه دیمه‌شق‌و له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگرى سوریا كۆبونه‌وه پێکهاتبون لەفەرماندە ڕۆڵات عەفرین‌و سوزدار حاجی، فەرماندەی فەوجی ئافرەتان لەلیوای قامیشلۆ، خالسه عایدو ڕوكه‌ن جه‌مال بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕاگەیاندنی یەکینەکانى ژنان، ئه‌وان له‌دیمه‌شق، پرسی تێکەڵکردنی یەکینەکانی ژنانیان لەناو وەزارەتی بەرگریی‌و پێکهاتەی سوپای نوێی سوریادا تاووتوێکردوه.
وه‌كو شارپرێس زانیویه‌تى، ئەو کۆبونەوەیەى دوێنێ تەنها ڕێوڕەسمێکی دیپلۆماسی نەبوه، بەڵکو باس لەلایەنە یاسایی‌و ڕێکخراوەییەکانی کارکردنی ژنان کراوه لەناو دەزگا سەربازییەکانی دەوڵەتداو له‌به‌رامبه‌ریشدا، وەزیری بەرگریی سوریا نەرمی‌و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دۆزینەوەی فۆرمۆلەیەکی گونجاو کە ڕێگەبدات ژنان وەک هێزێکی کاراو کاریگەر لەناو دامەزراوەی سەربازیدا بمێننەوە.
شارپرێس زانیاریى ئه‌وه‌شى ده‌ستكه‌وتوه، لەدیدارەکەدا، وەک وەفایەک بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه) وه‌فده‌كه‌ى ڕۆژئاوا داوای ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوو دیلەکانیانی کردوه ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی‌و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی له‌سوریادا.
چاودێران له‌باره‌ى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌وه پێیانوایه، ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک گەشتی دیپلۆماسی‌و کۆبونەوەی نێودەوڵەتی‌و ناوخۆیی دێت کە یه‌په‌ژه ئەنجامیدابون. گرنگییەکەی لەوەدایە کە نیشانەی دانپێدانانی فەرمییە بەڕۆڵی سەربازیی ژنانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، هه‌روه‌ها هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بەپەرتەوازەیی هێزە چەکدارەکان لەسوریاو هەوڵێکیشە بۆ دروستکردنی سوپایەک کە ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکان‌و هەردوو ڕەگەز بێت.
