شارپرێس:
لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا کە چاوەڕواندەکرێت نەخشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەناوچەکە بگۆڕێت، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوری (تەل کۆچەر) كه عهرهب به(ئەلیەعربیە) ناوى دهبات، لەگەڵ عێراق گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی، ئەم بڕیارە کە لەئەنجامی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمو بەهەماهەنگی پارێزگاری حەسەکە هاتوە، تەنها کردنەوەی دەروازەیەک نییە، بەڵکو کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێی ئومێدە بۆ ئابوریی ناوچەکە.
وهفدێكى باڵای دەستەی گشتیی دەروازەکانو گومرگ، بەمەیدانیی سەردانی دەروازەکەیان کرد بۆ بینینی ئەوکارە تەکنیکیو لۆجستیانەی کە بەشەوو ڕۆژ بەردەوامن، بهگوێرهى زانیارییەکانی شارپرێس، كارى دەستەکە بریتی دهبێت لەنۆژەنکردنەوەی تەواوی ژێرخانی دەروازەکەو هۆڵەکانی پێشوازیکردنی گەشتیارانو ئامادەکردنی گۆڕەپانە گەورەکانی گومرگ بۆ لەخۆگرتنی کاروانە بازرگانییەکانو ههروهها بەرزکردنەوەی توانای سیستەمە تەکنیکییەکان بۆ دڵنیابون لەخێراییو پاراستنی ئاسایشی سنور.
شارپرێس ئهوهشى زانیوه، بڕیاروایە لەسەرەتای مانگی ئایاری داهاتودا، دەروازەکە بەڕوی گەشتیارانو بازرگاناندا بکرێتەوە، ئەمەش تەنها کارێکی کارگێڕیی نییە، بەڵکو وەڵامێکی کردەییە بۆ پێویستییەکانی خەڵکی ناوچەکە کە ساڵانێکە بەدەست دابڕانو گرانیی کاڵاکانەوە دەناڵێنن.
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، کردنەوەی تەل کۆچەر بەواتای کەمکردنەوەی تێچوی گواستنەوە، هەرزانبونی کاڵا سەرەکییەکان لەبازاڕەکانی حەسەکەو دەوروبەریو بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیو ئابورییەکانی نێوان خێڵو دانیشتوانی هەردوو دیوی سنورى عێراقو سوریا دێتو شارەزایانیش جهختدهكهنهوه، ئەمە دەبێتە شادەماری نوێ بۆ بوژانەوەی ناوچەکە لەقۆناغی ئێستادا.
