پوختە
ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی پێکهاتەى شەرعیەتی سیاسی لە ئێران؛ لە مۆدێلی ڕێبەری کاریزماتیک و بەرجەستەی ڕوحالله خومەینی، بەرەو مۆدێلی دامەزراوەیی لە سەردەمی عەلى خامنەیی، و دواتر بەرەو مۆدێلى گریمانەیی موجتەبا خامنەیی کە دەتوانرێت بە دەسەڵاتی سێبەر ناوزەد بکرێت.
وتارەکە باس لەوە دەکات کە چۆن جیاکردنەوەی دەسەڵات لە جەستەی فیزیکی ڕێبەر دەتوانێت هەم دەرفەت و هەم مەترسی نوێ دروست بکات، و چۆن ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت مانای دەسەڵات لە ئێراندا سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە.
کاتێک دەسەڵات لە جەستە دابڕێت
لە سیستمە تیۆکراتیک و کاریزماتیکەکاندا، دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەیەکی بنەڕەتی گرێدراوى جەستەی ڕێبەرە؛ جەستەی ڕێبەر خۆی دەبێتە نیشانەی زیندووی شەرعیەت.
لە ئێران، چەمکی ڕێبەری باڵا/ وەلی فەقیه لە ساڵی 1979ەوە، هەم سیمبولى سیاسی و هەم بنەمای ماددی دەسەڵاتى سیاسی بووە لە ئێران. بەڵام، بە هۆى گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکان و ئەگەرى بەهێزى کردنە ئامانجى ڕابەرى نوێ لە لایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە، دەسەڵاتى سیاسی لە ئێران سەرلەنوێ پێداچوونەوە بۆ پەیوەندی نێوان جەستە و دەسەڵات دەکاتەوە. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: ئایا ئێران بەرەو مۆدێلی ڕێبەرى سێبەر هەنگاو دەنێت؟
گۆڕان لە مۆدێلی شەرعیەت
1. مۆدێلی ڕێبەرایەتى ڕوحوڵا خومەینی، کاریزمای بەرجەستەکراو (1979–1989): لە سەردەمی ڕێبەرایەتى ڕوحوڵا خومەینی، دەسەڵات بە ئامادەبوونی جەستەیی ڕێبەر دەناسرا، دەرکەوتنی بەردەوام، پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە بڕیاردان. شەرعیەت لەم قۆناغەدا کاریزماتیک و شۆڕشگێڕانە بوو، وەک کارلێکی زیندووی نێوان ڕێبەر و جەماوەر.
2. مۆدێلی ڕێبەرایەتى عەلى خامنەیی، کاریزمای دامەزراوەیی (2026–1989) : لەگەڵ هاتنی عەلى خامنەیی، گۆڕانکارییەک بەهێواشى ڕوویدا ، کەمبوونەوەی دەرکەوتنی گشتی، پەرەپێدانی گوتاری دامەزراوەیی و بەهێزکردنی دامەزراوەکانى وەک سوپای پاسداران و ئەنجومەنەکان. شەرعیەت لەم قۆناغەدا بوو بە سیستمێکی دامەزراوەیی، نەک تەنها گرێدراوى تاکە کەس.
3. مۆدێلی ڕێبەرى سێبەر، سەرکردەی سێبەر ( - 2026): لەم قۆناغەدا کە سێیەم مۆدێلی ڕێبەرایەتییە و لە ژێر سایەى دۆخی شەڕدا هاتۆتە ئاراوە، تایبەتمەندییەکانى بریتییە لە دیارنەبوونی جەستەی فیزیکی ڕێبەر، گۆڕینی ڕێبەر بۆ هێمایەکی ئەبستراکت و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ تۆڕی ئەمنی-دامەزراوەیی. لەم مۆدێلەدا شەرعیەت دەبێتە ئامرازی مانەوە، تیرۆرکردنى دەبێتە شتێکی بێمانا و دەسەڵات دەبێتە شتێکی نادیار.
مەرگی سیاسی وەک ستراتیژی مانەوە
1. لە شاى مردوەوە بۆ ڕێبەری نادیار: لە تیۆری سیاسیدا، شاى مردوو واتە بەردەوامی دەسەڵات سەرەڕای مردنی جەستە بەڵام لەم مۆدێلە نوێیەدا جەستە نادیارە بەڵام دەسەڵات زیندووە.
2. نەهێشتنی ئەگەرى بەئامانجگرتن: کاتێک ڕێبەر بوونی فیزیکی نیيە ناتوانرێت بەئامانج بگیرێت، تیرۆر کاریگەری خۆی لەدەست دەدات و شەڕ دەگوازرێتە بۆ ئاستى میدیایی .
3. گۆڕینی شەرعیەت بۆ بیرۆکە: لەبری ئەوەی شەرعیەت بەستراو بێت بە تاکەوە دەبێتە سیستەمێک، دەبێتە فەتوا و دامەزراوە و دەبێتە شتێکی سەربەخۆ لە جەستە.
4. نادیارى وەک ئامرازی دەسەڵات: ڕێبەر دەبێتە ئامادەیەکى نادیار و کاریگەر بەبێ دیاربوون.
5. چوارچێوەی ئەمنی گۆڕانکارییەکە: ئەم گۆڕانکارییە لە کۆنتێکستێکی ئەمنی تونددا ڕوویداوە، پەرەسەندنی تیرۆرەکان، پێشکەوتنی ئامرازەکانی کوشتنی ورد و هەڕەشەی بەردەوام و دواجار پاراستن بەس نییە، پێویستە ئامانجەکە خۆی دیار نەمێنێت.
6. گواستنەوە لە تاکەوە بۆ تۆڕ: دەسەڵات بەرەو دابەشبوون دەچێت بەسەر دامەزراوە شەرعیەکان، سوپای پاسداران و لیژنە ئەمنیەکان . ڕێبەر دەبێتە هێما ، بەرگێکی یاسایی و خاڵێکی ئەبستراکت.
ئاڵنگارى مۆدێلەکە
1. قەیرانی شەرعیەت: ئایا ڕێبەرێکی نادیار دەتوانێت شەرعیەتى خۆی بپارێزێت؟
2. کێشەی ناوخۆ: ململانێی دامەزراوەکان، دروستبوونی ئۆلیگارشی ئەمنی و لاوازی بڕیاردان
3. کێشەی جەماوەری: جەماوەر پێویستی بە ڕووخسار هەیە و ڕێبەرى نادیار دەتوانێت دڵسۆزی کەم بکاتەوە.
ئەنجام
ئێران بەرەو مۆدێلێکی نوێى ڕێبەرایەتى کردن دەچێت کە دەکرێت ناویبنرێت ڕێبەرایەتى سێبەر، کە تیایدا بریاردان بڕیاردان ناوەندى نابێت لە ڕێگەى ئەنجومەنى باڵاى سەربازییەوە دەردەکرێت، بەم شێوەیە دەسەڵاتى سیاسی تا سەقامگیربوونى دۆخى سیاسی، دەتوانێت ڕێبەرى نوێ بەدوور بگرێت لە بەئامانج گرتن لەبەر ئەوەى لە بنەمادا بوونى نییە.
بەختیار ئەحمەد ساڵح