چه‌ند وڵاتێك ڕێگەنادەن ئەمریکا بەئاسمانەکەیاندا چەک بۆ ئیسرائیل بگوازێتەوە بۆ جەنگی دژی ئێران

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەساتەوەختێکی مێژویی‌و چاوەڕواننەکراودا، نەخشەی سەربازیی جیهان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی، ئەو وڵاتانەی ساڵانێک بوو وەک بەردی بناغەی هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا دەبینران، ئەمڕۆ (نا)یەکی گەورەیان کێشا بەڕوی کۆشکی سپیدا.


(سویسرا، ئیسپانیا، فەرەنساو ئیتاڵیا) چوار دەوڵەتی کاریگەری ئەوروپا، بڕیارێکی قورسیاندا، ئه‌وان وتیان، "ئاسمانی ئێمە بۆ گواستنەوەی چەک‌و بژێوی جەنگی دژی ئێران بەکارنایەت"، ئەم بڕیارە تەنها ڕێگرییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بومەلەرزەیەکی سیاسییە کە بنەماکانی ناتۆی هەژاندوە.

سویسرا.. بێلایەنییەک لەڕەنگی پۆڵا
سویسرا جارێکی دیكه‌ سەلماندی کە بێلایەنی لای ئەوان تەنها وشەی سەر کاغەز نییە، بەڕاگرتنی هەناردەی چەک‌و داخستنی ئاسمانەکەی، پەیامێکی ڕونی ناردو وتى، "ئێمە نابینە بەشێک لەئاگری جەنگێکی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

بەرەی دەریای ناوەڕاست.. یاخیبون لەواشنتۆن
لەمەدریدەوە تا ڕۆما، هەڵوێستەکان توندتربون، پێدرۆ سانچێز لەئیسپانیاوە ڕایگەیاند، بنکە سەربازییەکانی وەک (ڕۆتا) بۆ لێدانی ئێران بەکارنایەت، لەئیتاڵیاش، بنکەی (سیگۆنێلا) کە کاتێک دڵی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بوو، ئێستا بێدەنگییەکی مەرگبار باڵی بەسەردا کێشاوە، دوای ئەوەی حکومەتی ئیتاڵیا ڕێگەی بەنیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرە چەکدارەکان نەدا.

ترەمپ‌و توڕەیی کۆشکی سپی
ئەم هەڵوێستە یەکگرتوەی ئەوروپا، دۆناڵد ترەمپی هێنایەسەر هێڵ، سەرۆکی ئەمریکا بەزمانێکی زبرو پڕ لەهەڕەشە، هاوپەیمانە دێرینەکانی بەترسنۆک وەسفکرد، ترەمپ دەڵێت، "ئەمریکا پارێزگارییان لێدەکات، کەچی ئەوان لەکاتی تەنگانەدا پشتی تێدەکەن".

ئایا ئەمە سەرەتای کۆتایی ناتۆیە؟ یان ئەوروپا دەیەوێت ناسنامەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆی دروستبکات‌و خۆی لەجەنگێکی هەرێمیی وێرانکەر بپارێزێت؟ ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە چیتر فه‌رمانى واشنتۆن لەپایتەختەکانی ئەوروپادا وەک جاران برەوی نەماوە.