فڕۆكه‌یه‌كى ڕوسیا له‌دورگه‌ى قرم تێكشكاو 29 كه‌س گیانیان لەدەستدا

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاشكرایكرد، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی لەجۆری (An-26) لەکاتی ئەنجامدانی گەشتێکی بەرنامەبۆداڕێژراودا لەئاسمانی نیمچەدورگەی قرم تێکشکاو بوە هۆی گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینەکانی.


به‌گوێره‌ى بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتی بەرگریی مۆسكۆ، پەیوەندیی لەگەڵ فڕۆکەکەدا لەڕۆژی 31ی ئادار، دەوروبەری شه‌شى ئێواره‌ بەکاتی مۆسکۆ پچڕاوە، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێكى وردى گەڕان، تیمەکانی فریاگوزاریی توانییان شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دیاریبکەن.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی تیمی گەڕان لەشوێنی ڕوداوەکە پشتڕاستیانکردەوە کە 29 کەس لەو ڕوداوه‌دا گیانیان لەدەستداوە کە پێکهاتون لەشه‌ش ئەندامی ستافی فڕۆکەوانی‌و 23 سەرنشین.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا وتوشیه‌تى، "به‌گوێره‌ى بەدواداچونە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکی تێکشکانەکە کێشەی تەکنیکی بوە، لیژنەیەکی تایبەتمەندیش لەوەزارەت ڕەوانەی شوێنی ڕوداوەکە کراون بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەبارودۆخ‌و هۆکارە تەکنیکییەکانی پشت کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە".

فڕۆکەی (Antonov An-26) فڕۆکەیەکی گواستنەوەی مامناوەندی سەربازیی کورت‌و مەودا بڕە، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ڕوسیاوە بۆ گواستنەوەی هێزو کەرەستە بەکاردەهێنرێت.

نیمچە دورگەی قرم دەکەوێتە باکوری دەریای ڕەش‌و باشوری ڕۆژئاوای ڕوسیاو باشوری ئۆکرانیا، ئەم ناوچە ستراتیژییە لەڕۆژهەڵاتەوە لەڕێگەی گه‌روى کێرچ لەڕوسیا جیادەبێتەوەو لەباکوریشەوە بەخاک‌و وشکانیی ئۆکرانیاوە بەستراوەتەوە.