قیژەیەک دوای 40 ساڵ بێدەنگی.. شێرەکانی ڕافیدەین گەڕانەوە بۆ لوتکەی جیهان

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەو خەونەی چوار دەیە بوو تەنها لەچیرۆکە کۆنەکاندا دەگێڕدرایەوە، ئەمڕۆ لەسەر خاکی مەکسیک بوو بەڕاستی، دوای 40 ساڵ لەدابڕان‌و چاوەڕوانییەکی پڕ لەئازار، هەڵبژاردەی عێراق توانیی بەسەر بەربەستی بۆلیڤیادا سەربکەوێت‌و بلیتێکی زێڕین بۆ مۆندیالی 2026 ببڕێت.


لەیارییەکی پڕ لەفشارو هەناسەبڕکێدا، کوڕانی عێراق بەڕۆحیەتێکی پۆڵاینەوە هاتنە ناو یاریگا، تەنها 10 خولەک بەس بوو بۆ ئەوەی عەلی حەمادی بەلێدانێکی بێوێنە تۆڕی گۆڵی بۆلیڤیا بهەژێنێت‌و دڵی ملیۆنان عێراقی لەخۆشیدا ڕابچڵەکێنێت، هەرچەندە بۆلیڤیا لەخولەکی 38دا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام ئیرادەی شێرەکانى نەشکاند.

لەسەرەتای گێمی دوەمدا، داینەمۆی هەڵبژاردەکە، ئەیمەن حوسێن، جارێکی دیکە سەلماندی بۆچی هیوای گەلێکە؛ لەخولەکی 53دا گۆڵی دوەم‌و یەکلاکەرەوەی تۆمارکرد، ئەو گۆڵە تەنها گۆڵێکی یارییەک نەبوو، بەڵکو گۆڵی شکاندنی تەڵسمی 40 ساڵە بوو.

عێراق بۆ گەیشتن بەم ڕۆژە، 21 جەنگی وەرزشیی ئەنجامدا، لەو ڕێگه‌یەدا 13 سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد، کە تێیدا ئەیمەن حوسێن بە9 گۆڵ بوە پاڵەوانی بێ ڕکابەری پاڵاوتنەکان.

ئەوەی ئەم دەستکەوتەی بۆ خەڵکی کوردستان شیرینترکردوە، دەورو نەخشی یاریزانە کوردەکان بوو، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، یوسف ئەمین، مارکۆ فەرەج، پیتەر گۆرگیس، ڕێبین سولاقاو ئەیمار شێر، وەک دیوارێکی پۆڵایین لەپێکهاتەی سەرەکیدا جەنگان‌و سەلماندیان کە وەرزش چۆن دەتوانێت هەموان لەژێر چەتری سەرکەوتندا کۆبکاتەوە.

ئێستا عێراق چیتر تەنها بینەری مۆندیال نییە، بەڵکو یەکێکە لەئەکتەرە سەرەکییەکان، لەمۆندیالی ٢٠٢٦دا، شێرەکانی ڕافیدەین لەکۆمەڵەیەکی ئاگریندان بەرامبەر فەرەنسا، نەرویج‌و سەنیگال، تاقیکردنەوەیەکی سەخت، بەڵام بۆ میلەتێک کە 40 ساڵە بۆ ئەم ساتە دەژی، هیچ شتێک مەحاڵ نییە، ئەمڕۆ عێراق ناگری، بەڵکو بەدەنگێکی بەرز بەجیهان دەڵێت، "ئێمە گەڕاینەوە".