شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوو ستراتیژیدا، حکومەتی عێراق لاپەڕەیەکی نوێی لەمێژوی هەناردەکردنی وزەو پەیوەندییە ئابورییەکانی ناوچەکە هەڵدایەوە، بەفەرمانی ڕاستەوخۆی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، دەروازەی سنوریی (وەلید) بەڕوی کاروانە نەوتییەکاندا کرایەوەو یەکەم هەنگاوی گەیشتنی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست لەخاکی سوریاوە دەستیپێکرد.
دەروازەی وەلید کە دەکەوێتە سنوری قەزای ڕوتبە لەڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، چیتر تەنها خاڵێکی پەڕینەوە نییە، بەڵکو بوەتە ناوەندی نوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان بەغداو دیمەشق.
عیماد مهشعەل دلێمی قائیمقامی قەزای ڕوتبە پشتڕاستیکردەوە کە پڕۆسەکە بەفەرمی دەستیپێکردوەو ئەمڕۆش مێژوییە، چونكه زیاتر لە 100 تانکەری نەوتی عێراق لەدەروازەی وەلیدەوە پەڕینەوە نێو خاکی سوریا، ئەم کاروانە سەرەتایەکە بۆ گەیشتنی نەوتی عێراق بەبازاڕەکانی جیهان لەڕێگەی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە".
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لەڕاگەیهندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم بڕیارە بەشێکە لەپلانێکی گشتگیر بۆ بوژاندنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان، لێکۆڵەرە ئابورییەکانیش پێیانوایە، ئەم هەنگاوە چەند پەیامێکی گرنگی تێدایە، ئهوانیش یهكهم، هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردە، عێراق دەیەوێت جێگرەوەی زیاتری لەبەردەست بێتو تەنها پشت بەبەندەرەکانی باشورو بۆرییەکانی باکور نەبەستێت، دوهمیش، بوژاندنەوەی ناوخۆیی، ئەم جوڵەیە دەبێتە هۆی چالاکبونی کەرتی گواستنەوەو دابینکردنی هەزاران هەلی کار بۆ دانیشتوانی ناوچە سنورییەکانی ئەنبار، سێیهمیش بەهێزکردنی داهاته، زیادکردنی داهاتی گومرگیو باج، پاڵپشتییەکی باش دهبێت بۆ بودجەی گشتیی وڵات.
حکومەتی عێراق تەنها دەروازەکەی نەکردوەتەوە، بەڵکو بەڵێنیداوە کە ڕێکارە گومرگییەکان بهگوێرهى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان سادەبکاتەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە عێراق دەیەوێت دەروازەی وەلید بکاتە ناوەندێکی جیهانیی بۆ ترانزێتی کاڵاو سوتەمەنی، نەک تەنها بۆ مەبەستی کاتیی.
کردنەوەی ئەم دەروازەیەو دەستپێکردنی هەناردەی نەوت بەتانکەر، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ سەقامگیریی ئەمنیی ناوچەکەو ئیرادەی سیاسیی بەغدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابوریی خۆی لەناوچەکەدا، چاوەڕواندەکرێت لەڕۆژانی داهاتودا قەبارەی هەناردەکردنەکە زیادبکاتو کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر بازاڕی کارو ئاڵوگۆڕی دراو بەدیاربکەون.
