شارپرێس:
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا وێنەیەکی شێواوو پڕ لەگومانو ترس لەناو ناوەندی بڕیاری ئێراندا نیشاندەدەن، دوای کوژرانی عەلی خامنەییو ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردە باڵاکانی پلە یەکو دوو، دهڵێن، "ئێستا تاران لەبەردەم پەککەوتنێکی بێوێنەدایە".
هەواڵگرییەکان باس لەوەدەکەن، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێ، لەترسی تیرۆرکردن دەرناکەوێتو دەنگۆی برینداربوویشی هەیە، زۆرێک لەبەرپرسانی ڕۆژئاواش پێیانوایە، ئەو تەنها پەردەیەکەو دەسەڵاتی ڕاستەقینە کەوتوەتە دەست توندڕەوەکانی سوپای پاسداران، ئەمەش درزی گەورەی خستوەتە نێوان باڵە سەربازییو مەدەنییەکان.
لهو زانیاریانهى ئاشكراكراوه ئهوهش باسكراوه، بەرپرسانی تاران لەترسو دڵەڕاوکێیەکی تونددا دەژین؛ ئەوان متمانەیان بەهیچ ئامێرێکی پەیوەندیی نەماوەو دەترسن ئیسرائیل گوێبیستی هەموو وشەیەکیان بێت، ئەم ترسەش وایکردوە نەتوانن کۆببنەوە یان بڕیاری خێرا بدەن، ئەمەش توانای پلاندانانى ئهو وڵاتهى بۆ هێرشی گەورەو هەماهەنگ لەدەستداوه.
دۆناڵد ترەمپ باس لەگۆڕانکاریی ڕژێمو مامەڵەکردن لەگەڵ دەموچاوە نوێیەکان دەکات، بەڵام وهكو ههواڵگریهكانى ڕۆژئاواو ئهمریكا باسیدهكهن، کێشە گەورەکە ئەوەیە کە نێردە ئێرانییەکان خۆشیان نازانن دەسەڵاتیان تا کوێیەو کێ بڕیارە کۆتاییەکە دەدات، ئەم سەرلێشێوانە وایکردوە دانوستانەکان وەک مۆدێلی حەماس لەغەززەبن؛ خاو، پچڕپچڕو پڕ لەگومان.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ئاشكراكراون، ئێران پەنای بۆ سیستەمێکی لامەرکەزیی بردوە کە تێیدا فەرماندە ناوخۆییەکان بێ گەڕانەوە بۆ تاران بڕیار دەدەن، هەرچەندە ئەمە وایکردوە هێرشەکان بەردەوامبن، بەڵام هێرشەکان کەمکاریگەرو بێئامانج بون، چونکە هیچ هەماهەنگییەک لەنێوان ناوچە جیاوازەکاندا نەماوە.
لەکاتێکدا تاران هێشتا وایدەبینێت کە جەنگەکەی نەدۆڕاندوە، ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزە وەک دورگەی خارگو وێستگەکانی ئاوو کارەبا دەکات، پەیامەکە ڕونە: یان ڕێککەوتنێکی خێرا، یان گەڕانەوەی ئێران بۆ سەدەیەک لەمەوبەر.
