حکومەتی عێراق سێ کلیل بۆ گەرەنتیی موچەو ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکان ڕادەگەیەنێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوێژکارێكى دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامی دڵنیایی ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات‌و جەخت لەسەر سەقامگیریی هەمیشەیی موچەو شایستە داراییەکان دەکاتەوە، ده‌شڵێت، "عێراق کار لەسەر فراوانکردنی نەخشەی هەناردەکردنی نەوت دەکات".


مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، لەڕێگەی ستراتیژییەکی نوێوە، سێ سەرچاوەی سەرەکی وەک گەرەنتی بۆ بەردەوامیی خەرجییە گشتییەکان دەستنیشانكراون‌و تەنانەت لەژێر سێبەری ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکان‌و هەڵاوسانی بازاڕە جیهانییەکانیشدا كێشه‌ بۆ دارایى عێراق دروستنابێت.

به‌وته‌ى ئه‌و ڕاوێژكاره‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، "یەکەم هەنگاوی حکومەت، چڕکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، ئەمەش لەڕێگەی گۆڕانکاریی لەسیستەمی کۆکردنەوەی پارەو پەیڕەوکردنی شێوازە ئەلیکترۆنییەکان، بەئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها بەداهاتی نەوت‌و دروستکردنی بنکەیەکی دارایی بەهێزتر".

ئه‌وه‌شى وت، "عێراق کار لەسەر فراوانکردنی نەخشەی هەناردەکردنی نەوت دەکات، به‌گوێره‌ى پلانەکە، هەموو کەناڵە وشکانی‌و دەریایییەکان‌و وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنرێن بۆ دڵنیابون لەگەیشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بەبازاڕە جیهانییەکان، بەتایبەت کە لەئێستادا نرخەکانی نەوت بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە ئاستێکی بەرزیان تۆمارکردوە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "سێیەمین کۆڵەکەی ئەم دڵنیاییە، بریتییە لەهەماهەنگییەکی ورد لەنێوان سیاسەتی دارایی‌و دراوی، حکومەت پشتئەستور بەیەدەگی کارامەی دراوی بیانی، کاردەکات بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابوریی نیشتمانیی، بەجۆرێک کە موچەی فەرمانبەران، خانەنشینان‌و هاوکارییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی بەبێ هیچ دواکەوتنێک‌و بەشێوەیەکی مانگانە دابینبکرێن، ئەم سیاسەتە یەکگرتوە، عێراق دەخاتە پێگەیەکەوە کە بەهێزەوە بەرگەی هەر قەیرانێکی دارایی جیهانی بگرێت".

بەپەلە